Archive

Thursday, May 22, 2014

نامرێ "پیاوی حەوت هونەر" وەرگری خەڵاتی ماملێ










رەحیم رەشیدی/ واشنگتن
لە چەند رۆژی رابردوودا جەماوەرێکی مەزنی کوردستانی بە گشتیی و خەڵکی ئازیزی سنە بە تایبەتی، لە بناری هەمیشە شانازی خولقێنی چیای ئاویەر کۆبوونەوە، تاکوو دەنگ و ویستیان ئاوێتەی چریکەی هونەرمەند عادل هەورامی و هاواری پەیڤەکانی شاعێری هێژا جەلال مەلەکشا بکەن.
ئەوان ویستان بەم چەشنە لە ژێر ئاسمانی تار و لێڵی وڵات دا، ئەگەر بۆ چرکە ساتێکیش بێ چیژ وەرگرن و بەم جۆرە پەیامی خۆیان لەگەڵ هونەر و جوانی و ژیان ویستی، دووپات کردوە، ئەوان چەنگیان لە تیشکی زێرینی هەتاو گیر کرد تاکوو گەرمی ژیان بژێنەوە و بەم چەشنە سەرما و تاریکیان توڕ دا.
ئەمەش رووداوێکی گەورە بوو، چوونکە ئەو راستییەی سەلماندەوە کە داپلۆسین و زەبروزەنگ، یان هەوڵدانی بێ بڕانەوە بۆ زاڵکردنی کولتووری ڕەشپۆشی و شین و شەپۆر، هەر چەندە لەو هەرێمە بێ نازەدا روخساری ژیانی خەوشدار کردبێ، لێ مەیلی ژیان ویستی و دەرفەت سازی بۆ شادی خولقێنی، هێزێکی نەبڕاوەی خەڵکی کوردستانە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی تەژی لە رێز و سارێژ لە کەرامەتی ئینسانی...
ئەگەرچی هێشتا چریکە و نزای پەیڤەکانی عادڵ و جەلال لە نێو جوانییەکانی ئاویەری سەربەرزدا دەنگیان دەدایەوە؛ کە سەد هێندە سنەیان جوان و ڕازوەتر کردبوو، هێشتا بزەی لاوانی دڵ پڕ لە ئەوینی کورسان لەسەر لێوانیان نەسرابوەوە کە هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی مەزن عەباس کەمەندی هەموانی تاساند.
هێشتا ئەم گەلە ماتەمەبار و هەناسە ساردە، لە نێو باگژی هات و نەهات دا، لە نێو تاڵاوی ژیان لە ژێر نیری زۆرداری دا بوو کە عەباس کەمەندی بەردەوام بە دەنگە رەسەن و هەست بزوێنەکەی ئاوپڕژێنی دڵە زامدارەکانی دەکردن و نەیدەهێشت گوڵی هیوایان بژاکێ!
عەباس کەمەندی ئەو هونەرمەندە رۆح سووکەی کە لە گشت سووچ و کەلەبەرێکی ئەم دونیا دا بەو دەنگە حەزینەیەوە، سوکنایی پێدەبەخشین. ئەو بە هۆی ئۆگری لە ڕادەبەدەری بە کارەکەی و تێکەڵ کردنی هونەرەکەی بە زانستی سەردەم و نوێبوونەوەی بەردەوام لە بیر و هزردا، ببوە هونەرمەندی هەموو چینەکانی کۆمەڵگا و پەناگای حەوانەوەی رۆحی ئۆقرە نەگرتووی گشتمان بو.
تایبەتمەندی بەرزی ئینسانی و فرە رەهەندی لە کار و ڕەنگاڵەیی لە بەرهەمەکانی دا، مامۆستا کەمەندی کردبوە قوتابخانەیەکی گەورە کە  بەری رەنج و خەباتی هونەری ئابڕوومەندانەی بوو کە ئەوی بە ڕەوایی کردبوە "پیاوی حەوت هونەر".
گومانی تێدا نیە کە خزمەتە بەرچاوەکانی مامۆستا کەمەندی بە زمان، هونەر، ئەدەب و وێژەی کوردی ئەوی بە تەواو مانا کردبوە هونەرمەندێکی نەتەوەیی کە هەموو ئازادیخواز و کوردپەروەرێک بۆ هەتا هەتایە شانازی پێوە دەکات.
بەراستی مرۆڤێک بوو له‌ په‌ڕه‌ی گوڵ ناسک تر و دەنگە حەزین و دڵنیشینەکەی هاوچەشنی ئاوی رووناک و پاقژی کانیاوەکانی بنارانی وڵاتەکەم هەر گاڤ بۆ ئەوە دەشێ کە لە پەنای بحەسێینەوە و ئارەقەی سەر تەوێڵمان بسرینەوە و هێور بینەوە و قوم قوم بە حەزەوە لێی بنۆشین.
مامۆستا کەمەندی ئه‌ستێره‌یه‌کی درەوشاوەی دونیای هونەر و جوانی بوو کە هەرگیز یادوەری لە دڵ و هەناومان دا نابڕێتەوە و کانیاوی هونەرەکەی هێندە بەرین و بە تینە کە هەر دەم ئێمە چۆر چۆر بە لەپی دەست دەیرژێنینەوە نێو گوڵزری رۆحمانەوە و بەم چەشنە ئاسانتر لە ئاست ژاکانی گوڵی هیوامان دا دەوام دێنین و تێپەڕ بوونی زەمان هیوابڕاومان ناکات کە دەمێکی دیکە با دووریش بێ، لێ دەکرێ نیگایەک هەر دڵمان بخاتە لەرزینەوە!
نا نا، ستران هەرگیز کۆچ ناکات، دەنگ نامرێ، چریکەیەک کە هۆنراوە بەرزەکانی شێخ رەزا، مەحوی، مەولانا، مەولوی، نالی و وەفایی... لە قورگی دا پەنگی خواردبێتەوە و لە دەمارەکانی بە میلیۆنان مرۆڤی ئەوینداری جوانی و ژیان و سەوداسەری رێگای ئازادی خزیبێت، ئیدی کوا ئاسانە باوەڕ بە مەرگی بهێنین؟.
دەنگێک کە ئاوەنگی سەر گوڵی دڵی خەمباری کێژانی بێ ناز و نوزەی لاوانی مەملەکەتێک بوو کە شەمشەممە کوێرەکان لە مێژە هەوڵدەدەن گوڵزاری جوانی و ئەوینی تێدا ویشک بکەن و کولتووری مردوو پەرەستی و تاریک پۆشی تێدا جێگیر بکەن، لێ بەرهەمی خەباتی کەمەندی و کەمەندییەکان بۆتە قوتابخانەیک کە بۆ هەموو سەردەمەکان قەڵای پۆڵاینی داکۆکی لە جوانی و ژیان ویستی لە وڵاتی کوردستان مەڵبەندی و ژینگەی کوردانە و هیچ تاریکپەرەستێک ناتوانێ خولیای ئازادی و جوان پەرەستی لە رۆحمان دا بسرێتەوە.
گەلۆ! بەهاری ئازادی هەر دەگاتێ، ئەودەم ئێمەش قاقای پێکەنینمان تێکەڵ بە گوڵزاری هەمیشە رازاوەی نیستمانی خۆشەوسیت دەکەین و بە وەفاوە لەسەر مەزاری ئەو نەمرانە چەپکە گوڵی رەنگاڵە دادەنێین و دەست لە نێو دەست ڕەشبەڵەکی سەرکەوتن دەگێرین و وێکڕا سرودی ژیان ویستی و نەمری دەڵێینەوە. بێ گومان ئاوا رۆحی ماندووی ئەوانیش لە ژێر خاکی بە زنوێری وڵات دا ئۆقرە دەگرێ!
کورتەیەک لەسەر هونەرمەندی میللی عەباس کەمەندی:
عەباس کەمەندی نزیک بە ٤٠ ساڵ بە بەردەوامی کاری سترانبێژی، بێژەری، دووبلاژ، وەرگێران، شعێر، دەرهێنەری شانۆ، ئاماەكاری بەرنامە، نیگارکێشی، ئەكتەری، شانۆنامە و چیرۆک نووسینی کردوە.
عەباس کەمەندی زیاتر لە ١٥٠ گۆرانیی خوێندوە، هەروەها ٦٠ گۆرانیشی ساز کردوە.
هونەرمەند هەروەها کاری کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە بۆ ژیاننامەی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد کردوە و بە دروستکردنی فیلمی ژیاننامەی ئەو کەسایەتییانە وەکوو سەنجەر خان، سەید عەتا کەل، ژیانی پاڵەوان حوسێن گولزار کرماشانی، بە تاڵان بردنی ئاسەوارەکانی زیویە، میری نەورۆزی و... سیمایەکی دیکە بە مێژووی چیرۆکنووسیی کورد بەخشیوە.
ئەسب، سەوەتەیەک ئاڵف، فڕین لە قەفەسدا، میراتی مامە رحیم، ئەندامی نویی ئۆپێک، شەڕی رۆمادییە، کۆڵانی سوور، کاروانسەرا، پارێزەری یەکەم، قەڵەم و شەیتان و پاڵەوان پەمە، ناوی ئەو فیلمنامانەیە کە لە لایەن مامۆستا عەباس کەمەندی نووسراون.
بەشێک لە بەرهەمەکان:
١. ئاڵبۆمی گەلاوێژ
٢. ئاڵبۆمی ھەورامان
٣. ئاڵبۆمی پرشەنگ
٤. ئاڵبۆمی کیژی کورد
٥. نووسینی ئه‌ده‌بیات و فۆلكلۆری كوردستان كه‌ ٦ هه‌زار لاپه‌ره‌یه‌ و له‌ كتێبخانه‌ی فه‌رهه‌نگی له‌ شاری تاران پێتەختی وڵاتی ئیران پارێزراوه‌.
٦. نووسینی ٤ رۆمان
٧. نووسینی ٣٠ فیلمی درێژ و كورت
٨. نووسینی ٢ كتێبی شیعری به‌ فارسی و كوردی
٩. كێشانی نزیكه‌ی ١٠٠ تابلۆ
١٠. خاوه‌نی ٦٠ گۆرانیه‌
١١. سازدانی چه‌ندین فیلم به‌ شێوه‌ی زینجیره‌ به‌رنامه‌
١٢. دیوانی شێعری کوردی و فارسی
١٣. کۆکردنەوەی شێعرەکانی دیوانی میرزا شەفیع
١٤. وەرزشی کەونارایی و پاڵەوانانی کورد
١٥. ژیاننامەی سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی
١٦. کردنەوەی رەمزی دەرکەوتە فەرهەنگییەکان
١٧. کۆکردنەوەی شێعرە هیجاییەکانی پێش سەردەمی ئیسلام
خەڵاتەکان:
ئەو هونەرمەندە کوردە، لە لایەن ئەنجومەنی رێزگرتن لە ناودارانی کوردەوە رێزی لێگیرا و هەروەها ساڵی ٢٠١١ و لە سێزدەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند محەمەدی ماملێ‌ دا، لە لایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌، لە شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان، خەڵاتی ئەو مەڵبەنەدەی پێ بەخشرا، کە بە هۆی نەخۆشییەوە کەمەندی نەیتوانی بەشداری رێوڕەسمەکە بێت.
مامۆستا کەمەندی چەند کتێب و ئاڵبۆمی ئامادەی چاپە، بەڵام بە داخەوە بەهۆی نەبوونی دەرفەت نەکرا چاپیان بدات.

عەباس كەمەندی ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٩٥٢ی زایینی، لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە ژیان هەڵێناوە و لە رێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٢ی مای ٢٠١٤، لە تەمەنی ٦٢ ساڵی دا، بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە زێدەکی خۆی، واتە سنە، کۆچی دوایی کرد.

No comments: