هاوڕێ گیان، حه‌زم له سپاگیتیه! دەتوانی چاکی بکه‌ی بۆ شامی ئه‌وڕۆمان؟ به خوا زۆر به‌چێژی چاک ده‌که‌ی!
سه‌رەتا با ئه‌وەت بۆ باس بکه‌م که چۆن بوو ئه‌م نووسراوەیه‌م بۆت ئامادە کرد! هه‌ر وا دانیشتبووم و بیرم له‌وە دەکردەوە که ئه‌مساڵ، وەک نه‌ورۆزانه بابه‌تێکی پیرزۆبایی بۆ هه‌موو هاوڕێ و ئازیزە‌کانم ئامادە بکه‌م و نه‌ورۆز و رەنگ و سیمای ساڵی نوێیان له‌گه‌ڵدا دابه‌ش بکه‌م. له ئارشیڤی لیست و ناوەکانی ئه‌واندا له هزری خۆم، کووچه به کووچه و شه‌قام به شه‌قام به شه‌قام گه‌ڕام! له پڕ له به‌ر دەرگه‌ی ماڵی ناوەکه‌ی تۆ، گیرسامه‌وە! هه‌ندێک رامام و وەک که‌سێک که توانیومه و دەتوانم هه‌موو دەردی دڵه‌کانی خۆمت بۆ باس بکه‌م و دەردی دڵه‌کانت لێوەرگرم و رەخنه‌ت لێبگرم و رەخنه‌م لێبگری و لێت تووڕە بم و لێم تووڕە بی، به‌و ناوەندە‌م دانای که دەتوانم بتکه‌م به نوێنه‌رێک بۆ وەرگرتنی ئه‌م نه‌ورۆزنامه‌یه به نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو هاوڕێ و ئازیزانم له هه‌ر کوێیه‌ک بن له سه‌ر ئه‌م گۆی زەوییه!
که‌واته با باسه‌که‌م دەست پێبکه‌م!
بیرم دەکردەوە که که‌ی بۆ یه‌که‌مجار تۆم بینی! ساڵی 1996ی هه‌تاوی بوو! له فێرگه‌ی سیاسی- نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له کۆیه، له دەورەی 103 بووم و وەک هه‌موو پێشمه‌رگه‌کانی دیکه، په‌له‌ی ئه‌وەم بوو که زوو دەورە ته‌واو بێت و به فه‌رمی چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی له شان بکه‌م و بگه‌ڕێمه‌وە کۆمیته‌ی کرماشان و له ده‌ست ئه‌و برسێتییه‌ی فێرگه نه‌جاتمان بێ!
رۆژێک له حه‌ساری فێرگه‌دا بووین که تۆ هاتی بۆ سه‌ردانی که‌سێک! نازانم کێ بوو! پێموایه له‌و کوڕانه‌ی ناوچه‌ی سه‌قز بوو! دەم به پێکه‌نین و هه‌ر وەک ئێستا دڵخاوێن و قسه خۆش، چاک و چۆنیت له گه‌ڵ من کرد و که زانیت من خه‌ڵکی ناوچه‌یه‌کم سه‌ر به پارێزگه‌ی کرماشان، زۆر گه‌رموگۆڕانه نیشانت دەدا که ئه‌و ناوچه‌یه چه‌ندە لای تۆ ئازیزە و خۆشه‌ویست!
هه‌ندێک باست کرد و دواتر ئاماژەشت به‌وە دا که کاک " حشمت خوسرەوی" دەناسی و گووتت: ئه‌ویش ئێستا له هێزی پارێزگارییه.
هه‌ر له‌و دەمه‌وە خۆشحاڵ بووم که له‌گه‌ڵ تۆدا هاوسه‌نگه‌رم و له‌گه‌ڵت ئاشنا بوومه! له‌وانه‌یه هه‌ر به بیریشمدا نه‌هاتبێ رۆژێک ئاوا دانیشم و وەک نه‌ورۆزنامه‌یه‌ک ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ بنووسم و له ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کاندا که تایبه‌ته به پێشمه‌رگه و ناوی پێشمه‌رگه، بڵاوی بکه‌مه‌وە!
دەورەم ته‌واو کرد و له ده‌ست نه‌زم پاراستنه‌کانی کاک کاوەی به‌هرامی ـ ئۆباڵ به ئه‌ستۆم پارێزەری یاسا ودسیپلینی فێرگه و به‌رپرسێکی باشی فێرگه بوو ـ و رێژه و وەرزشه تووندەکانی مامۆستا فه‌رهاد کرماشانی و وانه گووتنه‌وەکانی مامۆستای شه‌هید " حه‌یدەر شه‌ڕه‌کانی و مامۆستا حه‌مدی و مامۆستا به‌ها و یاریدەدەری مامۆستا فه‌رهاد، واته مامۆستا وەهاب و ئه‌وانی دیکه قوتار بووین و هه‌ر یه‌که‌و گه‌ڕاینه‌وە ئه‌و شوێن و کۆمیتانه‌ی تێیاندا رێکخراین.
هه‌ر ئه‌و کات پرسیم و زانیم که خۆشکێکت شه‌هیدی رێی رزگاری گه‌له‌که‌مانه!
دەزانی خراپ نییه که هه‌ندێک له‌سه‌ر فێرگه بدوێین. به‌ڵام ئه‌وە با ببێته بابه‌تێکی مێژوویی و رۆژێک له رۆژان له په‌رتووکی "حیزبی دێموکراتی کوردستان و خه‌رمانی مێژووی نه‌ته‌وەیی کورد " دا خۆی ببینێته‌وە.
جاری دووەم که تۆم بینییه‌وە، ئه‌وەندەی له بیرم بێت، ئه‌و کاته بوو که من له لایه‌ن کۆمیته‌ی کرماشانه‌وە که ئه‌و کات، واته کاتی هاتنی من بۆ رادیۆ دەنگی کوردستان، کاک " موحه‌ممه‌د ئه‌مین که‌ریمیان" که ئێستا له وڵاتی سوئید دادەنیشێت، به‌رپرسی کۆمیته‌ی کرماشان بوو، نێردرام بۆ رادیۆ.
رۆژێک له کۆمیته‌ی کرماشان‌دا دانیشتبووین و قسه‌مان دەکرد. له کاتی قسه‌کردنی مندا، کاک " حه‌مه ئه‌مین" پێی گووتم: مه‌نسوور دەزانی تۆنی دەنگیت زۆر باشه بۆ بێژەری ؟ بۆ ناچی له رادیۆ کار بکه‌ی؟ منیش گووتم: پێمخۆشه، به‌ڵام چۆن؟
نامه‌یه‌کی ئامادە کرد و رۆژێک له‌گه‌ڵ ماشینێکی حیزب‌دا که کاک سه‌لاح کامیارانی لێی دەخوڕی و کاک سیا چاوکاڵیشی له‌گه‌ل بوو، منیان نارد بۆ رادیۆ که ئه‌وکاته له که‌رکووک بوو. هه‌ستم به خۆشییه‌کی زۆر دەکرد! که هاتمه که‌رکووک، تۆم که پێشتر دەناسی ، خۆشحاڵ بووم له‌وێ دەمدیتیه‌وە! زۆر خۆمم خه‌ریکی خوێندنه‌وە دەکرد و هه‌وڵم دەدا جگه له نووسین له رۆژنامه دیوارییه‌کاندا، هه‌وڵ بدەم بۆ رادیۆ بنووسم. یه‌که‌م که‌س بووی که دەستت گرتم و هه‌ندێک رێنوێنی چاکت کردم بۆ نووسین. له‌ییرمه کاک رەزا ئه‌مینیش(تێبینی: نازانم شۆرەته‌که‌یم دروست نووسیوە یان نه) هاوکارییه‌کی باشی کردم.
جارێک بابه‌تێکم له ژێرناوی " کارە مه‌نفییه‌کانی رێژیم له پارێزگای کرماشان" نووسی و پیشانی کاک رەزام دا. ئه‌ویش فه‌رمووی: مه‌نسوور گیان شه‌و وەرە بۆ ماڵمان و بابه‌ته‌که‌شت بهێنه چاوی پێدا بخشێنم. زۆرم پێخۆش بوو. شه‌و له‌گه‌ڵ کاک "خه‌لیل فرامه‌رزی" دا رۆیشتمه خزمه‌تیان و به خێزانی گووت: لیوانێک شه‌ربه‌تی سارد بۆ مه‌نسوور بهێنه( ناوی خێزانیم له بیرچۆته‌وە داوای لێبووردن دەکه‌م). زەردەخه‌نه‌یه‌کی کرد و گووتی: جا مه‌نسوور گیان، ئێستا هه‌ر چی خه‌تم کێشا به سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌تدا، دڵت نه‌ڕەنجێ و هه‌وڵ بدە باش و باشتری بکه‌ی بۆ ئه‌وەی رۆژێک بتوانی نووسه‌رێکی باش بی. چاوم هه‌ر له‌دەستی بوو. ئه‌وەندەی له بیرم بێت، ته‌نیا چه‌ند رسته بوون که خه‌تی به‌سه‌ردا نه‌کێشان. گووتی: جارێکی دیکه بینووسه‌وە. پێموایه شه‌ش جار ئه‌و بابه‌ته‌م نووسی تا ئه‌وەی که ئیدی هه‌ڵه‌ی نه‌ما و ئامادە بوو بۆ بڵاوکردنه‌وە.
یادی ئه‌و کاته به خێر بێ! شه‌هید خاڵۆ مه‌جید، کاک حه‌مه ـ شۆرەته‌که‌یم له بیر نه‌ماوەـ ئه‌نوەر ماڵاڕیا، سه‌ید مارف ،سادق عه‌سکه‌ری، نوورەدین ، خالۆ عه‌لی، سیروان، ئه‌سعه‌د، موهه‌ندس، خوشکه خه‌دیج، شه‌هید رەئووف، کاک محیه‌دین، عه‌لی جه‌وانمه‌ردی و سه‌یران شه‌رەفی و کاک حه‌مه‌عه‌لی عه‌نایه‌تی و کاک حه‌سه‌ن شه‌رەفی و شه‌هید عوسمان رەحیمی و مامۆستا ئه‌حمه‌د قادری و فه‌رەیدوون سه‌قزی ئه‌و که‌سانه بوون که ئه‌و کاته له رادیۆدا بوون و ئێستا ناوەکانیانم له‌بیرە.
له‌سه‌ر رادیۆش بیرەوەریم هه‌ندێک هه‌یه که هیوادارم له داهاتوودا بڵاو ببنه‌وە!
شه‌وێک تۆ نگابان بووی. باشم له بیرە، هه‌وا گه‌رم بوو. رکابییه‌کت له‌به‌ر بوو. چه‌ک و رەخته‌که‌ت به شل و شێواوی به‌ستبوو.
دەسڕێژێک کرا له نزیک ماڵی " ابو سفیان" که ماڵه‌که‌یان له نزیک رادیۆ بوو .
مام مه‌جید گووتی: مه‌نسوور گیان تۆ عه‌رەبی دەزانی، له‌گه‌ڵ رەحیمدا بچن بۆ لای ماڵی " ابو سفیان" و بزانن چ باسه؟
رۆیشتین و تۆ گووتت: پێیان بڵێ، دەوروبه‌ری رادیۆ گیراوە به پێشمه‌رگه و به خه‌ڵکه‌که‌تان بڵێن که‌س نزیکی رادیۆ نه‌بێته‌وە، با نه‌کوژرێ. له کاتێکدا که قسه‌کانی تۆم دەکرد به عه‌رەبی، پێکه‌نینیش گرتبوومی. ئاخر قسه‌که راست نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وان به ماڵه‌کانیاندا گه‌ڕان و گووتیان نزیکی رادیۆ مه‌بنه‌وە با پێشمه‌رگه نه‌تانکۆژن.
چه‌ند شت له رادیۆ وەک بیرەوەری له مێشکمدا هه‌ر وا رەنگیان گرتووە و قه‌تم له‌بیر ناچن:
- بێستانه‌که‌ی مام عه‌لی و دزینی شووتییه خۆشه‌ویسته‌که‌ی مام عه‌لی له‌و بێستانه،له لایه‌ن فه‌رەیدوونه‌وە. دەزانی پاش ئه‌وەش که شووتییه‌که‌ی دزرا و خوراش و توێکڵه‌که‌شی فڕیدرا، مام عه‌لی هه‌ر توێکڵه‌که‌شی دۆزییه‌وە و به دوای بخۆرە‌که‌یدا دەگه‌ڕا.
- کاک سه‌ید مارف و هه‌ستیارییه‌که‌ی به فیتو لێدان له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌کانه‌وە و هه‌ڵواسینی مشک و مار و چۆله‌که له لایه‌ن ئه‌وەوە له سه‌ر خواردن و له ناوبردنی به‌رهه‌می بێستانه‌که‌ی. ها ها ها!
- ئه‌و نامه‌یه‌ی که رۆژێکی گه‌رمی گه‌رماکه‌ی ته‌مووز، داوات له من کرد به عه‌رەبی بۆت بنووسم!
ـ کاک سادق عه‌سکه‌ری و قسه و به‌سه‌رهاته خۆشه‌کانی.
ـ شه‌هید خاڵۆ مه‌جید شیرین گوفتار و عه‌رەبی فێربوونه‌که‌ی.
یادیان به خێر! یادیان به خێر! یادیان به خێر!
له رادیۆ نه‌ماین و من گه‌ڕامه‌وە بۆ دێگه‌ڵه که ئه‌وکات ، ساڵی 1997 که‌مپی حیزب له بازیان نه‌ما و چوارچێوە ته‌شکیلاتیی‌کان له بوونی کۆمیته‌کانه‌وە گۆڕان بۆ بوونی ناوەند و ناوەندی یه‌ک له دێگه‌ڵه گیرسایه‌وە و تۆش پێموایه گه‌ڕایه‌وە دەوروبه‌ری دەفته‌ر و له‌وەو به دوا پێموایه دانیشتی له پێشمه‌رگایه‌تی ومنیش دانیشتم و ئه‌وەندە دەزانم له تورکیه یه‌کدیمان دیته‌وە.
له‌و باسانه تێدەپه‌ڕم بۆ ئه‌وەی سه‌رت نه‌ئێشێنم! دەگه‌ینه باسی ئوروپا. وادیار بوو قه‌دەر وای نووسیبوو که له دەرەوەش هه‌مدیسان بچینه‌وە ناو به‌زمه‌که و شان وە بن کار‌و ئه‌رکی حیزبایه‌تی بدەین! له‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ش له داهاتوودا گه‌ر ته‌مه‌ن باقی بێ، به وردی دەنووسم! ئه‌وەی که زیاتر و زیاتر بیرەوەریی‌کانی من به هاوڕێیه‌کی ئازیزی وەک تۆ دەبه‌ستێته‌وە، ئه‌و ماوەیه بوو که پێکه‌وە له پاریس بووین و له دەنگ و رەنگی "تیشک" کارمان دەکرد.
زۆر جار دەردی دڵمان دەکرد و باسی جیاوازمان دە‌هێنایه کایه. باسی کۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسی و ئابووریی جیاواز! له بیرته هاوڕێیه‌کی ئازیزمان شه‌وێک که له دەرەوە بووین، گووتی: ماڵ و منداڵه‌که‌م به بیست و پێنج "ئه‌ورۆ"وە به جێهێشتووە؟
یادی گۆرانیی‌کانی عومه‌ر دزەیی، شه‌قامه‌کانی پاریس، قاڵه قاڵه‌کان، بیتاقه‌تییه‌کان، قسه خۆشه‌کان و سه‌ردانه‌کان و هه‌موو بیرەوەرییه‌کانی " میسیۆ" و شه‌وە به‌فراوییه‌که و سینه‌ما و داستانی فیلمه‌که و جێژنی نه‌ورۆزی پار به خێر بێ!
کاکه گیان نه‌ورۆز و ساڵی نوێ، له تۆ و هه‌موو ئازیزان و هه‌ر وەها پێشمه‌رگانه، له هه‌موو پێشمه‌رگه‌کانی حیزبه‌که‌مان و تێکۆشه‌رانی دیکه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وەیی گه‌له‌که‌مان و هه‌موو تێکۆشه‌ران و به‌ڕێوەبه‌رانی دەنگ و رەنگی " تیشک" پیرۆز بێ!
هیوادارم ئه‌م نووسراوەیه‌م وەک دیارییه‌کی نه‌ورۆزانه لێوەرگرن.
ماڵاوا!
هاوڕێتان:
مه‌نسوور عه‌زیزی
Monday, March 23, 2009
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment