Archive

Tuesday, December 20, 2011

درکاندن

رەحیم رەشیدی
لێرە تەنیاو کزۆڵە هەڵتروشکاوم. گزینگی خورێکی نیوە گیانی ئەم دەمەو زستانە، وەکوو پەنجە نەرم‌و نۆڵەکانی تۆ گەرمایی دەڕژێنە دەمارەکانمەوە.
یەکەم جار تۆ لەوپەڕی دەڤەرەکانی "زاگرۆس" وەکوو هەتاو دەرکەوتی‌، ئێمە نیگامان لە دیەکانی تۆ هەڵپێکا. پێم وایە هەر ئەو کاتە بوو کە وجوودم بووژایەوەو هێزێکی بێ کۆتایی لە هەناوم‌دا ڕەگی داکوتا.
ڕوژگارێکی زۆر، بە نێو هەموو گوڵزارو لێڕەوارە چڕەکان‌دا کە تێپەڕ دەبووم، لە نێو هەموو گوڵەکان‌دا بە تەنیا من هەر شەیدای ئەو گوڵە دەبووم کە لە وڵاتی باران‌و شێعرەوە هاتبوو، ئەو نەک هەر بۆن‌و بەرامەی بە هەموو شارو گوند، بە سەرتاپای دەشت‌و نزاردا بڵاو دەبوویەوە، بەڵکوو بینایی دەڕژایە وجوودمانەوە، لەو کاتەوە کە ژیان بە کۆڵ‌و دەربەدەر بووم، تەنیا نیگای تۆ نەختاڵێک ئۆقرەی پێبەخشیووم.

من ئەوە ساڵانێکە لەوەش بێبەش کراوم کە بتبینم یان بتبیستم، ئەمە بۆ من وەکوو ئەوەیە چاوەکانم تەڕاییان تێدا نەمابێ، ئاخر لەگەڵ تۆدا بیرەوەریەکی ئەتۆم نیەو دەزانم ئەگەر تووشت بم خۆم لە کۆشت‌دا گڕمۆلە دەکەم‌، سەرەم دەنێم بە سینگتەوە بۆ ئەوەی دڵە ڕاوکەم دامرکێ‌و ئۆقرە بگرم.
ئەو جار کە بگەمە تۆ خۆزگە دەخوازم هەموو فرۆکەخانە، وێستگەی پاس‌، میترۆو شەمەندەفەرەکان ئەگەر ویرانیش نەبن لە کار بکەون بۆ ئەوەی بیانووی چەند ساتێک مانەوەی پترم پێبببخشن. گوڵی من، گوڵاڵەی من سەرتاپای وجوودم داوات دەکات!
ڕەنگە ئەمە یاری بێڕەحمانەی ڕۆژگار بێ، کە لەو سەری دونیا لە ئێوارەیەکی ساردو سڕی وڵاتی بەفردا بۆ بیانوویەک دەگەرێم تاکوو هەگبەی پڕ لە هیوای وەدینەهاتووم لە لات بکەمەوە. کە ویستم لە پیرتریین زەوی دونیا دەستت بگرم، دیواری بەغیلی و چاوچنۆکیان بە دەورتا کێشا. هەرچی خشتی ریاو درۆ بوو لەسەریەکیان هەڵچنی بۆ ئەوەی نەگەینە یەک، لە ئاوارەیی‌دا قسەم لەگەڵ کردیت‌، دەنگت هەتا بڵێی ناسک‌و منداڵانە بوو. پێم بڵێ بۆ پێت وایە کە هەر لە پاریس ماوم؟.
سەیرە، لە پشت ئەم هەموو سیم‌و تەلەبەندو رێگا دوورانەوە، کە ئاهەنگی دەنگت دەڕژێتە ناخمەوە سەرتاپای وجوودم گەرم دەبێ، سكڵەکانی هەناوم دەگەشێنەوەو لەشم لە ژێر گڕدا خەریکە دەتوێتەوە.
هەزاران جار بیرم لەوە کردەوە کە کەنگێ‌و چۆن‌و کەی‌و لە کوێ؛ ئەبێ لەبەردەمتا سەوز بم‌و چاوەکانم لە نیگات هەڵپێکم؟
خەونم ئەدی تۆ لە پاییزی ساڵێک‌دا، گوێیەکانت سەر لە نوێ کوون کردوونەوە بۆ ئەوەی گوارەی شۆڕیان تێکەی...
هەنووکە لە بارودۆخێکی پڕ ژان‌دام. وەکوو ئەو دایکەی کە دوو گیانەو ترسی ئەوەی کە منداڵەکەی ساغ‌و سەلیم نەبێ، ترسی ئەوەی کە ڕەنگە شتێکی بەسەر بێ‌و کێ بێ ئەو ساوایە تەڕو ویشک بکاتەوە، تامی بە دایک بوونی لێ بزرو تاڵ دەبێت. ئێستا من وام؛ نە دەتوانم زار بکەمەوە‌و شتێک بڵێم نە دەتوانم دەنگت ببیستم، نە دەتوانم بۆ قاوە خواردنەوەیەک خوڵکت بکەم. ئەزانم تۆش تاوانێکت نیە کە لەگەڵم ساردو سڕ بی، لێ من هەر گەرم‌و گوڕم‌و بۆ دیدارت بە تین‌و تاو.
ئەترسم، چوونکە هەموو کات ئەو پەنجەی وا پیاو ژنی پێ تاوانبار دەکات ئامادەو حازرە. بەڵام خۆشەویستی تۆ بەنرخترین دیاری دونیایە کە لە دڵم‌دا پاراستوومەو دەیپارێزم. پەنجەرەی بیر کردنەوە لە تۆ، ڕوو بە هەتاوە، هەر بۆیە بەردەوام هێزو گەرماییم پێدەبخشی.
ساڵانێکە ئەویندارم، ئەمە هەستێکی کاتی نیەو من تاکوو کۆتایی خواوو زەوی، بیر لەوە دەکەمەوە بۆ چەند ساتێکیش بێ هەر بتبینم تاکوو لەوە دڵنیا بم ئەو بۆنەی لە دەروونم‌دا جێی گرتوە تەنیا ئی تۆیەو بەس.
هەرگیز لەوە مەترسە کچەکەت لە من بچێ، یان ئێمە پێکەوە ببینە خاوەنی منداڵێک، هێزی ئەوین وزەی بڕینی ڕێگا دوورو ئاستەمەکانە. دووری لە تۆ بەردەوام وەکوو ئەوە وایە کە مۆتەکە دەستی لە بینە قاقام ناوە، ئەگەر هێزی هیوا خولقێنی عەشق نەبێ، زوو دەکەومە هەناسە بڕکێ‌و ئەگەر نەشمرم ئەوا زامدارو کەلەلا لە قوژبنێک‌دا ژاراوی ژیان دەنۆشم.
سوپاس کە ساڵانێکە هێزی مانەوەو بەردەوام بوونت پێبەخشیوم. لە مێژە لەوە تێگەیشتووم کە ژیان بە بێ ئەوینداری‌و دڵە کوتە بۆ دیداری یار، وەکوو گۆڤەند وایە لە نێو گۆڕستان‌دا.

شەوی یەڵدایە ئەمشەو، بە ئاواتی دیداری چاوەکانت، درێژتریین شەوی ساڵ تێپەر دەکەم. لە دەسپێکی وەرزی شەختەو سەهۆڵبەندان‌دا بیر کردنەوە لە دیدارت دڵخۆش‌و هیوادارم دەکات، جا ئەو دیدارە لێرە لە واشینگتۆن بێ، یان لە لەندەن، لە هەولێر بێ یان ستۆکهۆڵم، ئوسلۆ بێ یان پاریس. گرینگ نیە درەنگ بێ یان زوو، ئەمەیە هێزی مانەوەم، ئەمەیە ئەو "موژدە" کە بە خۆمی دەدەم بۆ ئەوەی پشوو درێژ بم‌و بەردەوام.

باوەڕ بێنە بە دەستەکانی من، جنسی خۆشەویستی من ئاوێتەی هەتاو بارانە.


کات شاد

سێ‌شه‌ممه، ۲۹‌ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۰ی هه‌تاوی

٢٠ی دسامبری ٢٠١١

واشینگتۆن

No comments: