Archive

Sunday, August 11, 2013

خۆپیشاندانی کوردان لە بەردەم کۆشکی سپی دا دژی ئەلقاعید



رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١١ی ئاگوستی ٢٠١٣ی زایینی، رەوەندی کوردی لە وڵاتەیەکگرتوەکانی ئامریکا، بە ئامانجی موحکووم کرددنی هێرش و پەلاماری رێکخراوە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئەلقاعیدە دژی هاونیشتمانانی رۆژئاوای کوردستان، لە بەردەم کۆشکی سپی خۆنیشاندانیان پێکهێنا.
خۆنیشاندانەکە کاتژمێر ١ی پاشنیوەرۆ دەستی پێکرد کە لەودا سەدان کەس لە کوردستانیانی نیشتەجێی ئامریکا تێدا بەشدار بوون.
خۆنیشاندەران وێرای مەحکووم کردنی کۆمەڵکوژی کوردان لە رۆژئاوای کوردستان بە دەستی تیرۆریستان، پشتیوانی خۆیان لە خەباتی نەتەوەی کورد لە رۆژئاوای وڵات دەربڕی و خوازیاری پشتیوانی نێونەتەوەیی لە ویست و داخوازە دێموکراتیکەکانی نەتەوەی کورد بوون و لە هەمان کات دا داوایان لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە گشتیی و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا بە تایبەتی کرد کە بە هانای خەڵکی مەدەنی رۆژئاوای کوردستانەوە بچن کە لە لایەن رێکخراوە بناژۆ ئیسلامییەکانەوە کەتونەتە بەر هێرش و قەڵاچۆ کردن.
خۆنیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و پلاکاردی جۆراوجۆر کە بە کوردی و ئینگلیزی دروشمیان دژی رێکخراوەکانی گرێدراوی ئەلقاعیدەو پشتیوانی لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەسەر نووسرابوو یەک دەنگ و یەکگرتوو کاتژمێر ٣ی پاشنیوەرۆ بە خوێندنەوەی سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب خۆنیشاندانەکەیان کۆتایی پێهێنا.

No comments: