Archive

Friday, August 23, 2013

لە خۆت دا بمشارەوە.




رەحیم رەشیدی
گشت ئەوەی کە شک دەبەم، لە پێناوی مانەوەدا بە بەردەوامی دەیڕژێنمە دەمارەکانی ژیانمەوە، یادوەری ئەو رۆژانەیە کە پڕ لە بزە، هیوا، دڵە ڕاوکە، ماچ و ساتە سێحراوییەکان کە وێکراو لە تێکئاڵانێکی دووپاتە نەکراودا، پێکەوە تێپەڕمان کردوون.
هیوایەکی ئەبەدی من لەو دەستانەدا بەجێماوە کە تۆ دەیانگرێنی، هاوکات هەر بە رێگای وان دا کڵافەی بیرەکانت لە من گرێ دەدەیتەوە.
چ ئاگرو بارانێک لە دەستەکانی تۆدایە کە بەردەوام بووژانەوە هەر لەوێوە سەر هەڵ دەدات، هەتاو؛ بە گزینگی زێڕینییەوە لە دەستی راستەوە هەڵدێ و لە مەچەکی چەپت دا، ئاوا دەبێ...
کۆتایی هەموو دیدارێکم لەگەڵ تۆ، هەر هەناسەسواری و گریانە.
لە یەکەم ساتەکانی دیدارتدا، ئەگەر ماوەیەکی دوورو درێژیش پێکەوە بین، دەپەشۆکێم و تۆش گەرم و توند لە ئامێزم دەگری، جارێک لە نێو ماشێن دا، کەرەتێکی دیکە لە کۆڵانێکی شاری پاریس داو لە بەردەم نیگای قاوەچییەکدا بۆنم پێوە دەکەی کە رەنگی زوڵفەکانت ئاڵتوونیین، لەم ساتە وەختەدا، دەمرژێنیتە ئامێزتەوە...
ئەوەی لە هیچ دۆخێکدا لە بیرو زەینمدا هەیەو لە دیدەم دا ناسڕێتەوە، رەنگی قاوەیی چاوەکانتە. کە دەگەڕێیتەوە، من بەردەوام تەرایی سەر گۆنات دەسڕمەوە، دڵنیات دەکەمەوە کە لە کەلێنێکی دیکەی ئەو دونیا یەکدەگرینەوە. ئێستا بۆ دیدارێکی دیکە خۆم ئامادە دەکەم، لە پیرترین شوێنی جیهان دێمە ماڵەکەت، باسی زانکۆ و هەموو سەرشێتییەکانی دیکەم بۆ بگێڕەوە...
ئەو ساتە وەختانەی کە سەفەر دەکەی و وەکوو جاران ئاگادارم ناکەیتەوە بۆ کوێ دەڕۆی، دڵە خورپەکانم بە خێرایی و لە چاو تروکاندنێکدا، زاوزوێ دەکەن و هەزاران دوو دڵی و پەرێشان حاڵی، بە بەردەوامی دەخەنەوە.
ئەمن بیر لەوە ناکەمەوە، کە تۆ بۆ کوێ، لەگەڵ کێ رۆیشتووی و چ دەکەی؟. ئەوەی بیرو هۆشی من بە خۆیەوە دەخافلێنێ، پێویستی گەشاوەیی روخساری تۆیە. کە لە ئامرازەکانی سەفەر بەجێ دەمێنی، یان نیگات لە پشت چرا سوورەکان بەجێماوەو بەردەوام بارانەی چاوەکانت درز لە نیگام دەخات.
ببوورە هەموو جارێ کە دەگەیتەوە جێ، وێنەیەکی شێواوو دەق شکاو لە خۆم لە زەیندا بەجێ دێڵم، وێنەیەک کە تۆ بە بەردەوامی لە خۆتدا دووپاتی دەکەیتەوە. تێدەگەم کە دیمەنێکی دەق بەستووی نێو زەینت نیم، ئەزانم کە سیمام لە نیگای دەروونتدا، لۆچ بوە.
لێ کەسم، هەرچی بێ، هەر چۆنێک بێ، لە خۆت دا بمشارەوە، خۆت دەزانی، کە من دوایین پیاوی دونیام خوازبێنی لە ژنێک دەکەم بۆ ئەوەی شووم پێبکات.
ئەمەوێ هەر ئێستا گوڵ بۆ پرچەکانت بچنمەوە. دەخوازم تەنیا لە گوڵزاری تۆدا، بۆنی گوڵ و مێخەک بکەم. دەمهەوێ بە بەرۆکی "کوێستان"دا، ئاوێزان بم...
گەرەکمە لەگەڵ تۆدا رێگا دوورەکان بپێووم و لە دوایین سووچی دنیا بگیرسێینەوە، ئەمەوێ هەر گاڤ ئەم هەستە سەرکەشانە لە هەناوم دا کەلاو بکەن. بە تەنهایی و تاریکیم مەسپێرە!

No comments: