رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن
کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ١١ی ئاگوستی ٢٠١٣ی زاینیی، لە دەڤەری واشینگتۆن، لە رێورەسمێکی شایستەدا، کۆری ماتەمینی شاعیری مەزنی کورد مامۆستا شێرکۆ بێکەس بەرێوە چوو.
لەو کۆڕیادەدا خاتوو شەفیقە سەعید دایکی مامۆستا شێرکۆو فریشتە بێکەس خوشکی ئەو شاعیرە نەمرەو چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان، هەروەها جەماوەرێکی زۆری کوردستانی ئامادەی کۆڕیادەکە بوون.
رێورەسمی پرسەو سەرەخۆشییەکە لە لایەن بەشی کولتوور‌و کۆمەڵایەتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە پشتیوانی رەوەندی کوردستانی پێکهاتبوو.
لە نێوئاخنی پرسەکەدا، شێعرەکانی مامۆستا شێرکۆ بێکەس کە پێشتر بە دەنگی خۆی تۆمار کرابوون، بەردەوام لە نێو ئاپۆرای خەڵکەدا دەبیستراو چەند جارێک دایک و خوشکی شێرکۆ بێکەس پێکەوەو لە لاواندنەوەیەکی پڕ لە سۆزدا، ئامادەبووانیان دەهەژاندو گەورەیی ئەو کەڵە هۆزان ڤانەیان بە بیر هەموو لایەک دەهێنایەوە.
شیاوی گوتنە، ئەوەی لە یادی مامۆستا شێرکۆ بێکەس دا، کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و کەسایەتییە ئەدەب دۆستەکانی ئامریکایشی لە دەوری یەکتر کۆ کردبوەوە، شێعرە بەرزەکانی شێرکۆو هەوڵ و خەباتی بەردەوامی ئەو مرۆڤە مەزنە، لە پێناوی ئینسان دۆستی دا بوو.
کۆڕیادەکەی مامۆستا بێکەس لە دەڤەری واشینگتۆن، کاتژمێر ٦ی سەر لە ئێوارێ، لە نێو غەم و ماتەمینی کوردستانیان دا کۆتایی پێهات.
کورتەیەک لە بارەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس:
مامۆستا شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری ناودار، فایق بێکەسە و لە ٢ی مانگی مەی، ساڵی ١٩٤٠ لە شاری سلێمانی لە دایکبوو. لە ساڵی ١٩٨٦ پەڕیوەی وڵات بوو. لە ساڵی ١٩٨٧بەم لاوە، لە وڵاتی سوئێد نێشتەجێ بوەو لە ساڵی ١٩٩٢ دا گەڕاوە کوردستان و بوو بە یەکەمین وەزیری فەرهەنگی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەڵام لەگەڵ دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی کە بەشەری براکوژی ناوی لێدەبردرێ، وازی لەم پۆستە هێنا.
مامۆستا شێرکۆ یەکەمین شیعری خۆی لە ساڵی ١٩٦٨دا بە ناوی تەریفەی هەڵبەست بڵاو کردەوە و دوایین دیوانیشی بە ناوی خێراکە! خەریکە مەرگ بگات! لە ساڵی ٢٠١٣دا چاپ و بڵاوکردەوە.
شێركۆ بێكەس، ساڵی ١٩٨٧ لە سوئێد مافی پەنابەریەتی پێدراوەو هەر لەو ساڵەشدا خەڵاتی ئەنجومەنی قەڵەمی سوئێد بە ناوی چۆڵسکی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی سوئێدەوە، لە پێناو خەبات بۆ ئازادی و هەمان ساڵ خەڵاتی ئازادیی فلۆرەنسی درایێ. ئەم شاعیرە ناوبانگێكی جیهانی هەبووەو چەند خەڵاتی نێونەتەوەیی پێبەخشراوەو مافی فەخری شارۆمەندی فلۆرەنسی ئیتالیاشی بە هۆی خەبات بۆ ئازادی پێدراوە.
بەشێک لە شێعرەکانی مامۆستا بێكەس بۆ سەر زمانەکانی نوروێژی،ینگلیزی، سوئێدی، فەرانسەوی، ئەڵمانی، دانیماركی، هۆڵەندی، رۆمانی، توركی، پۆڵەندی، ئیتاڵی و فارسی و عەرەبی وەرگێڕدراون".
لە ساڵی 1988 بە دواوە یەكێك لە هۆنراوەكانی بێكەس لەگەڵ كورتەیەک لە ژیانی وەك وانەیەك لە پۆلی یەكی ناوەندی لە هەموو ئەمریكاو کانادا دەخوێنرێت.
مامۆستا بێکەس لە پلەی شاعێرێکی نەتەوەیی دا، پتر لە ٨ هەزار لاپەڕە شێعری و پەخشانی نوسیوە.
جێگای بە بیرهێانەوەیە، مامۆستا شێرکۆ بێکەس، بە بونیادنانی وەشانخانەی سەردەم لە ساڵی ١٩٩٨دا خزمەتێکی بەرچاوو لە بیرنەکراوی بە پێشخستنی هەموو بوارەکانی ئەدەبی کوردی کرد. ئەو شاعیرە نەمرە، تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان و قورگ ببوو و بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی، رەوانەی سوئێدکرابوو کە ماوەی نزیک بە دوو مانگ بوو لە نەخۆشخانەی مابوەوە، لێ لە ئاکامدا، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی چواری ئاگوست، لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکا لە ستۆکهۆڵمی پێتەختی سوئێد، لە تەمەنی ٧٣ ساڵی دا، کۆچی دوایی کرد. رۆژی ١١ی مانگ تەرمەکەی بردرایەوە کوردستان و بڕیارە لەسەر دوای خۆی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بە خاک بسپێردرێ. مامۆستا بێکەس لە وەسیەت نامەکەی دا وتویەتی: "من نامه‌وێت له هیچ کام له گردو گردۆڵه‌که‌کاندا بنێژرێم که دیارن و ناویان ئه‌برێ، یه‌که‌م له به‌ر ئه‌وه‌ى پڕ بونه‌ته‌وەو دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ى من حه‌ز به قه‌ره‌باڵغیی زۆر ناکه‌م، من ئه‌مه‌وێ ئه‌گه‌ر سه‌رۆکى شاره‌وانی و ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانیى شاره‌که‌م رێگه‌م پێبدا‌و ئه‌وه‌م پێ ره‌وا ببینن که له پارکى ئازادی‌دا و به ته‌نیشت مۆنۆمێنته‌که‌ى شه‌هیدانى (١٩٦٣)ى سلێمانیه‌وه بمنێژن، ئه‌وێ خۆشتره و ته‌نگه‌نه‌فه‌س نابم، من حه‌ز ئه‌که‌م به مردوویش نزیکى ئه‌و خه‌ڵکه و ژن و پیاو‌ى شاره‌که‌م و ده‌نگى مۆسیقا و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ و یانه جوانه‌کانى ئه‌و پارکه بم. با کتێبخانه‌که‌م و دیوانه‌کانم و وێنه‌کانم ببرێن بۆ شوێن مه‌زاره‌که‌م، با کافتریایه‌ک و باخچه‌یه‌کى بچکۆلانه له‌و شوێنه‌دا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى شاعیران و نو‌سه‌ران و کچ و کوڕى دڵدار ببنه میوانم، من ئه‌مه‌وێ له ئێسته‌وه به چاوى خه‌یاڵ ته‌ماشاى ئه‌و پارکه بکه‌م و دواى مردنى خۆم ببینم، ئه‌مه‌وێ به‌ده‌م چریکه‌ى دیلان و ئه‌ڵاوه‌یسیه‌که‌ى مه‌ردان و سروودى (خوایه وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی)ـه‌وه ئاڵاى کوردستانم تێوه پێچرابێ و بنێژرێم، من ئه‌مه‌وێ له پرسه‌که‌مدا مۆسیقا لێبدرێت، له ناو مه‌زاره‌که‌مدا تابلۆى جوانى هونه‌رمه‌ندانى شاره‌که‌م هه‌ڵبواسن، من ئه‌مه‌وێ دواى خۆم و به ناوى (بێکه‌س)ه‌وه خه‌ڵاتێکى ساڵانه ته‌رخان بکرێ و بدرێت به جوانترین دیوانه شیعرى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌و ساڵه و خه‌رجى ئه‌م خه‌ڵاته‌یش له‌و میراته بدرێ که جێیده‌هێڵم".
No comments:
Post a Comment