Archive

Friday, September 20, 2013

هەولێر نوقمی هیوا بە داهاتوویەکی گەشتر



رەحیم رەشیدی
دواین جار مانگی ١٠ی ٢٠١٢ی زایینی، بۆ بەشداری کردن لە دووهەمین "کۆنگرەی زانستی کورد" لە هەولێر بووم. ئەمساڵ نیوەی دووهەمی مانگی ٩ لە ئەفغانستانەوە، سەردانی کوردستانم کردو لە پیرە هەولێرێ گیرسامەوە.
چوونی ئەم کەڕەتم بۆ باشووری وڵات، هاوکات بوو لەگەڵ کێبەڕکێی چڕو پڕی هەڵبژاردنی پاڕڵمانی کوردستان، کە شەکانەوەی پەڕۆو دەنگی گۆرانی و مۆسیقاو سیگنال لێدانی ماشێنەکان تاکوو درەنگانی شەو دەبیندراو دەبیسترا، ئەم دیمەنانە وای کردبوو کە پێشکەوتنە هەمە لایەنەکانی شاری هەولێر  لە ماوەی ساڵێک دا، کەمتر بەرچاو بکەون کە بەراستی سەرسووڕهێنەر بوون...
ئەزموونی ساوای ڕەوتی دێمۆکراسی، لە هەرێمی کوردستان، هەر چەندە کاڵ و کرچ بێ و وەکوو پێویست هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرەی نەخستبێتە بازنەی بەرپرسایەتییەوە، لێ ئەم هەرێمەی نەک لە چاو ئەو وڵاتانەی کە دیکتاتۆری بەسەریان دا زاڵە، بەڵکوو لە ئاست وڵاتانی نیمچە کراوی دەڤەرەکەدا، گەلێک جوان و رازاوەتر کردوە.
نامهەوێ بێژم کە دێموکراسی کوردستان لە ئاست دێموکراسی وڵاتە پێشکەوتوو سەقامگیرەکان دایە. بەڵام گومانم لەوشدا نیە کە هەرێمی کوردستان، لە چاو کۆی پێکهاتەی عێراق و تەنانەت نێوچەکە، مەڵبەندێکی بە تەواوەتی جیاوازەو دەکرێ هیوای گەشەو پێشکەوتنی پتریشی لێبکرێ...
لە ماوەی کەمتر لە یەک حەتوودا کە لە کوردستان بووم، سەردانی شارەکانی زاخۆ، دهۆک،  ئاکرێ، کۆیەو  ڕانیەم کردو لە هەمووی ئەو دەڤەرانەدا، سەرەتاکانی دەستپێکی جووڵەو گاگۆڵکێی خێرای دێمۆکراسیم لە کۆمەڵی کوردەواریی دا بەدی دەکرد.
دەمەتەقێ و بیروڕاگۆرینەوەی نێوان هاووڵاتیان، کۆی ئەو دروشم، بەندو گۆرانییانەی لە لایەن هاوونیشتمانانەوە بەسەر حیزبەکان و بەرنامە سیاسییەکانیان دا هەڵدەدرا، یان چۆنیەتی رەخنە گرتنی لایەنەکان لە یەکتر، چ لە لایەن خەڵکی سەر شەقام، یان لەسەر ئاستی مێدیاکان کە جار بە جاریش روویەکی گرژی بەخۆوە دەگرت، کە وێرای سەرنجراکێش بوونی بۆ من، هاوکات روویەکی دیکەی دێموکراسی پێنەگەیشتووی و ناسەقامگیری لە کوردستان بە دەستەوە دەدا.
بەڵام نابێ لە بیر بکەین لە وڵاتێک دا کە کانگای جیاوازی و فرە چەشنی کولتووری، ئایینی و سیاسییە، ئەم ڕوتە دەکرێ وەکوو پێشکەوتنێک حەساو بکرێ و بە چاوی هیواوە تماشای بکەین کە لە هەناوی خۆی دا کولتووری پێکەوە هەڵکردن گەشە پێبدات...
لە دۆخی ئەتۆدا، رۆشنبیری گشتیی گەشە دەکات و ئاستی زانیاری کۆی هاووڵاتیان پەرە دەستێنێ و لە ئاکام دا تاک چاوکراوەتر بڕیار دەدات. ئەوەتا شۆفیرێکی تەکسی، قەسابێک، چێشتلێنەرێک، مامۆستا، رۆژنامەوان، قوتابی، خوێندکارو کرێکار پێکەوە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و کێ هەڵبژاردن، قسە دەکەن و بیروڕا دەگۆڕنەوە...
کاتی خۆی کە لە وڵاتی سوئێد دەژیام، یاری منداڵان و چۆنیەتی ئەو یاریانە لە نێو باخچەی ساوایان دا ڕەچاو دەکرا، زۆر سەرنجی ڕاکێشام. زۆربەی ئەو ئامرازو کەرەستانەی کە لەو جۆرە شوێنانەدا بۆ یاری زارۆکەکان کەڵکی لێوەردەگیرێ، پێویستی بەوەیە کە پتر لە یەک کەس کاریان پێکات، ئەمەش وا دەکات منداڵ هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوە ڕابێ کە پێویستی بە هاوکاری و یارمەتی بەرانبەرەکەیەتی و لەم نێوەدا لە نێو کولتووری هەرەورزی دا گەشە دەکات... ئەمەش تاکوو ڕادەیەکی زۆر، جیاوزی نێوان پەروردە لە نێو کۆمەڵگای کراوەو داخراودا دەردەخات.
ئەو گرژیی و ئالۆزییەی کە زۆر جار لە نێو ئەو پرۆسەی کێبەڕکێی هەڵبژاردن دا لە باشوری وڵات، سەری هەڵدەدا، بە باوەڕی من سەرچاوە گرتوو لەو کولتوورەوەیە کە لەگەڵ ئەوەی فرە چەشنی تێدەگات، لێ ئاستی کولتووری پێکەوە هەڵکردنی هێشتا نزم و لاوازە...
ئەوەی کە لە کوردستان بەدیم کرد، سەرەڕای هەموو کەم و کوڕییەکانی، جێگای هیوایەکی زۆرە، چوونکە دەسەڵات و ئوپۆزیسیۆن بە جیددی چاو لە رۆڵی هاووڵاتیان دەکەن، هەر بۆیە هەموو وزەو توانای خۆیان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ وەگڕ خستوە، جا با لەم نێوەشدا شتی نەشیاو بێتە گۆرێ کە زۆر لەگەڵ رۆح و جەوهەری دێموکراسی یەکنەگرنەوە.
ئەم دیاردە ناحەزانە، لە چاو کۆی پرۆسەکەو خولیای قوڵ و بەرینی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بۆ داهاتوویەکی گەش و پێشکەوتووتر، ناتوانن ماشێنی دێموکراسی بۆ پێشەوە پەک بخەن...

No comments: