Archive

Friday, May 2, 2014

لە ئەمریکا زۆرتر کوردەکان لە مافی دەنگدان بێبەش کران




رەحیم رەشیدی/ واشنگتن

رۆژانی یەکشەمە و دووشەممە، رێکەوتی ٢٧ و ٢٨ی ئاپریلی ٢٠١٤، لە ئەمریکا، ده‌نگدانی هاووڵاتییانی کورد و عێراق، بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئەو وڵاتە، وێرای ئەو وڵاتانه‌ی جیهان كه‌ ره‌وه‌ندی كورد و عێراقی لێیە، بەرێوە چوو.
پێویستە بگوترێ کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردەکان سەرەڕای هەبوونی بەڵگەنامەی جۆراوجۆر، رێگریان لێکراو نەیانهێشت کە دەنگ بدەن و ئەوان پێیان وایە کە لەبەر کورد بوون ئەم مافەیان پێشێل کراوە.
سەبارەت بەم کێشەیە، زێبار سەعید سەرۆکی نووسینگەی هەڵبژاردنی پاڕڵمانی عێراق لە ئەمریکا، لە لێدوانیکی تایبەتی دا ئاشکرای کرد کە، بە هۆی ئەوەی کە لە دەرەوە لە کارتی ئەلکترۆنی دەنگدان، کەڵک وەرنەگیراوە و دەنگدەران پێویست بوە کە چەند بەڵگەنامەیەکی سەرەکی، نیشان بدەن کە هاوڵاتی بوونی خۆیان وەکوو شارۆمەندی عێراقی بسەلمێنن.
بە گوێرەی قسەکانی ناوبراو ئەمە گرفتێکی زۆری بۆ دەنگداران خولقاندوە و زۆر کەس لە مافی دەنگدان بێبەش کراوە.
هەر سەبارەت بەم بابەتە و نەبوونی بەڵگەی پێویست یان ئاستەنگ ساز کردنی زۆرتر بۆ دەنگدەرانی کورد، بارزان رەشید کارمەندی تیمی هەڵبژرادن لە ئەمریکا دەڵێ، ئاشکرایە کورد بەردەوام لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا لە ململانێ دا بوە، هەر بۆیە دەبا  حکومەتی هەرێم لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا، کێشەی ناسنامەی هاوڵاتیانی کوردی یەکلایی بکردایەوتەوە تاکوو کوردستانیان بتوانن لەم خەباتەدا چالاکانەتر بەشدار بن و مافیان نەفەوتێ...
لە ئەمریکا سەرجەم لە ٧ ولایەت ٩ بنکە بۆ دەنگدان کرابوەوە کە سەرجەم شەست وێستگەی دەنگدانی لە خۆ دەگرت.
بە گوێرەی قسەکانی زێبار سەعید داتایەکی راستودروست سەبارەت بە حەشیەمتی عێراقی لە ئەمریکا لەبەر دەست دا نیە. بە گوێرەی ئاماری نا فەرمیی، نزیک بە ٤٠٠ هەزار کەس هاوڵاتی عێراقی لە ئەمریکا دەژین کە پتر لە ١٠٠ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوە.
لە رۆژی یەکەمی دەنگدان دا،١٠ هەزار و ١٤٤ کەس دەنگیان داوە و لە رۆژی دوومەمیش دا کەمتر لە ٧ هەزار کەس دەنگی داوە.
بەم پێیە، سەرجەم ١٧ هەزار کەس لە ئەمریکا بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان کردوە.
پێویستە بگوترێ کە چوار کارمەندی هەڵبژاردن، بە هۆی سکاڵای زۆرەوە، کە هەموویان عەرەب بوون لەسەر کارەکانیان لادران. هاوکات لە چەند بنکەیەکی دەنگدان، لە نێوان هاوڵاتیانی کورد و عەرەب دا لەسەر ئاڵای عێراق و کوردستان ئالۆزی و کێشەی هاتۆتە ئاراوە.
چاوەدێرێکی سیاسیی کاروباری عێراق ئەم گرفتەی بۆ کێشە و ئاڵۆزیە نێوخۆییەکانی عێراق گەراندەوە کە خەڵک متمانەی بە دەسەڵاتدارانی ناوەندی نەماوە. سەرجەم لە ئەمریکا ٢٤ سکاڵا تۆمار کراوە کە هەموویان لە لایەن دەنگدەرانەوە بوە و حیزب و قەوارە سیاسییەکان ناگرێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە دەرەوەی وڵات کەمتر لە ٢٠٠ هەزار کەس بەشداری دەنگدانیان کردوە.
 سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو دەنگدەرانە کە لە کۆی ٢٠ وڵاتی جیهان دا، بەشدرایان کردوە، کەمتر لە ٢٠٠ هەزار کەس بوون.
هاوکات کەمتر لە ٦٠ سکاڵا لە لایەن رەوت و کیانە سیاسییەکانەوە تۆمار کراون.
هەر بە گوێرەی ئەم زانیارییانە، ٣٧٤ کەس چاودێری هەڵبژاردن و ٣٩٤ راگەیاندکار رووماڵی پرۆسەکەیان کردوە.
پێویستە بە بیرهێنانەوەیە، لە ئەمریکا بۆ خولی پێشووی هەڵبژاردنی پەرڵمانی عێراق، لە ساڵی ٢٠١٠ دا، سەرجەم ٢٨ هەزار کەس دەنگیان دابوو کە لەو نێوە پتر لە ١٠ هەزار دەنگ پووچەڵ کرابوەوە.

No comments: