رەحیم رەشیدی/ واشنگتن
سەر لە ئیوارێی رۆژی هەینی، رێکەوتی سێ ئۆکتۆبری ٢٠١٤، رەوەندی کوردی لە شاری نیویۆرک بە مەبەستی دەربرینی پشتیوانی لە هێزی پێسمەرگە و بەرخۆدانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان خۆنیشاندانێکی سازدا.
لەو خۆنیشاندانەدا جەماوەری ئامادەبوو بە وتنەوەی دورشم و بەرز کردنەوەی پلاکاردی جۆراوجۆر بە زمانی کوردی و ئینگلیزی هێرش و پەلاماری رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان بۆ سەر کوبانی مەحکووم کرد و هەروەها داوایان لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە گشتیی و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە تایبەتی کرد کە هەرچی زوتر بە فریای خەڵکی شاری کوبانی بکەون کە کەوتۆتە بەرپەلامارێکی چڕی تیرۆریستان.
لەو رێپێوانەدا چین و توێژە جیاجیاکانی کوردستانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدار بوون و پشتیوانی خۆیان بۆ شەرڤانەکان و خۆراگری خەڵکی کوبانی دەربڕی و دووپاتیان کردەوە کە هێڕش و پەلاماری داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە بۆ سەر کوردستان لە باشور و رۆژئاوای وڵات، هێرشە بۆ سەر بایەخە بەرزەکانی ژیانی ئازاد و دێموکراسی خوازانە و هەر بۆیە دەبێ ئەمریکا دژی تیرۆریستان پشتی کوردستان بگرێ.
شیاوی ئاماژەیە، کوردستانیانی ئەمریکا، لە هەنگاوی جۆراوجۆردا داوا لە ناوەندە مرۆڤ دۆستە جیهانییەکان و دەوڵەتی ئەمریکا دەکەن کە رێگری لە قەڵاچۆی خەڵکی کوبانی لە رۆژئاوای کوردستان بکەن.
No comments:
Post a Comment