Archive

Thursday, October 9, 2014

هێرش بۆ سەر رۆژنامەوانان مەحکوومە


 رەحیم رەشیدی

رۆژی هەشتی ئۆکتۆبری ٢٠١٤، کوردستانیان لە هەولێر بۆ پشتیوانی کردن لە خۆراگری خەڵکی کوبانی لە رۆژئاوای وڵات، رێپێوانێکی هێمنانەیان ساز کرد کە بەداخەوە توندوتیژی لێکەوتەوە.
هێرش و پەلامار دژ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕووداو یان هەر کەناڵێکی کوردستانی و راگەیاندنی ئازاد، یان بریندار کردنی ئەندامانی هێزەکانی نێوخۆ و پۆلیس کە بەرپرسن لە ئاسایشی هاونیشتمانان، ڕەفتارێکی دوور لە هەموو ڕێسا و ئاکارەکانی رێپێوانێکی هێمن و مەدەنییە و لە هیچ وڵاتێکی ئازاد و دێموکراتیک دا شتی ئاوا رێگا پێنەدراوە و خولقێنەرانی رەفتاری لەو چەشنە، بە توندترین شێوە سەزا دەدرێن.

لەم هەلومەرجەدا کە بە خۆشیەوە نەتەوەکەمان دژی تیرۆریستان یەکگرتوە، ئەم جۆرە کارانە دەبنە هۆی تێکدانی بەرەی نێوخۆ، ئاشکراشە کە زۆر لایەنی دەرەکیش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کاریان کردەوە و دەیکەن و هەوڵی تێکدانی بەرەی یەکگرتووی کورد دەدەن.
لە کاتێکدا کە گەلەکەمان بە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی لێبراوانە دژ بە تیرۆریستانی داعش، ئەستێرەی بەختی بە ئاسمانی ڕای گشتیی جیهانەوە دەدروشێتەوە، نابێت رێگا بدەین کە وێنەی نەشیاو لە کوردستانەوە بۆ جیهان بەرێ بکرێ.
ئەمە ئەرکی هەموانە و هەر کەس و لایەنێک لەم بازنە بچێتە دەرەوە؛ ئەوە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، دژی بەرژەوەندی گشتیی خەڵكی کوردستان رێگا دەپێوێ و هەنگاوەکانی خزمەت بە دوژمنانی کورد و کوردستان دەکات.

بژی کۆمەڵگای ئازاد و دێموکڕاتیک
بژی ئازادی ڕادەڕبین و ئازادی ڕاگەیاندن
نا بۆ توندوتیژی دژی رۆژنامەوانان

No comments: