Archive

Monday, July 11, 2016

ڕوونکردنەوە لە هەمبەر چەواشەکارییەکانی "بەنی سەدر"

ڕوونکردنەوە لە هەمبەر چەواشەکارییەکانی "بەنی سەدر"

بەرێز د. ستارە درەخشش، بەرپرسی بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا

پاش سڵاوو رێز

هەروەکوو بەرێزتان ئاگادارن، دەفتەری ئاغای بەنی سەدر سەرۆک کۆماری پێشووتری کۆماری ئیسلامی، رەخنەی لە ڕاپۆرتێکی کاک شەپۆل عەباسی رۆژنامەوانی ئێوە گرتوە، لە بەرنامەی "ئاسۆی نوێ"، کە رێکەوتی ٣٠ی جوونی ٢٠١٦، کە تێیدا باس لە دواین تێکهەڵچوونەکانی نێوان حدکاو سپای پاسداران کراوە. ئەو بەرنامەیە لە لایەن کاک موحەممەد مەنزەرپوور بەرێوەچوو.
لە پێشەکی ئەو بەرنامەدا، باسێکی بەپێز لە هەمبەر مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئازادی دێتەبەر باس، کە هیچ مرۆڤێکی ویژدان زیندوو یان مێژوونووسێکی راستوێژ، ئیزن بە خۆی نادات ئاماژەی پرسیار لە بەرانبەری دا دابنێ، بە تایبەت کە بابەتەکە زۆر پیشەیانە ئامادە کراوە، جا با بەدڵی منی کوردیش نەبێ!.
دەفتەری ئاغای بەنی سەدر، لەو نامەدا روو بە ئێوە، بە روونی و ڕاشکاوی و بە درۆ ناوی من دێنن و باس لەوە دەکەن کە گۆیا لە مانگی سێپتامبری ٢٠١٢، پاش روون کردنەوەی ئەوان، سەبارەت بە هەمان باس، گۆیا "ئەمن لە ماڵپەڕی خۆم هەڵەکەم راست کردۆتەوەو داوای لێبوردنم کردوە". ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەمن ئەو کات ئاغای دێهقانپوور بەرێوبەری بەرنامەکەم ئاگادار کردەوە کە ئاغای بەنی سەدر راست ناکات و لە پلەی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی دا، ئەو قسانەی کردوە. لەو بارەشەوە دەقی قسەکانی ئاغای بەنی سەدرم بۆ ناردن!
هەروەها بە بیر بەرێوەبەی تەلەویزیۆنەکەی ئێوەم هێنابوەوە کە ئەو فیلمەی ئاغای بەنی سەدر ناردویەتی و بڵاویان کردەوە، بە ئەنقەست وشەی کوردستانیان لێدەرهێناوە، هەر وەکوو ئەم جارەش؛ بەداخەوە لە نووسراوەکەیان دا بۆ جەنابتان، هەمان چەواشەکاریان دووپات کردۆتەوە.
ئەمن هەر ئەوکات بۆ بەڕێوەبەری بەرنامەی "ئاسۆ"ی ئێوەم نووسیبوو:
"سڵاو جەنابی دێهقانپوو"
هیوام وایە کە دونیا بە کامتان شیرین بێ و سپاس لەوەی کە سەبارەت بە هەڵوێستی ئاغای بەنی سەدر لە همبەر قسەکانی من، ئاگادارتان کردمەوە.
بۆ ئاگاداریتان، تکایە ئەم ڤیدئۆیە چاو لێبکەن، چوونکە ئەوەی ئەوان بۆ ئێوەیان ناردوە، ناشیانە وشەی کوردستانیان لێ لابردوەو ئەوەش بە روونی دیارە. بە باوەڕی من ئەمانە باشتر بوو کە سەبارەت بەم هەموو جەنایەت و کوشتارە، داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکەن، نەوەک دەست بدەنە چەواشەکردنی مێژوو. بە هەر حاڵ "گۆزە هەر ئەوە دەدەڵێنێ کە تێیدایە".
سپاس
رەحیم رەشیدی

هەر بۆ بە بیر هێنانەوە، ئاغای بەنی سەدر لەو قسانەی ئەوکاتی دا دەڵێ: "... ئەوانەی ئامادە بوون لە خزمەتی کۆماری ئیسلامی دا بن، شەهید بوون یەکەمین هەنگاویانە. (ئامادەبوان دروشمی اللەاکبر دەڵێنەوە). بۆیە دەبێ ئامادەی شەهید بوون بن. ئەگەر سەرۆک کۆماری ئێوەش بە بارمتە بگرن، ئێوە ئەو مافەتان نیە کە بۆ داخوازی دوژمن چۆک دابدەن، (ئامادەبووان دروشمی اللەاکبرو بژی بەنی سەدر دەڵێنەوە)، کەوایە، ئەگەر ئەوان هەڕەشەکانی خۆیان بەرێوەبرد، "إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّـا إِلَيْهِ رَاجِعونَ"، ئێمە ئەو بارمتانە بە شەهیدی نەتەوە ناو دەبەین. بەڵام هەر لە ئێستاوە، سپا ئەو مافەی نیە کە پۆستاڵەکانی لە پێ دەربێنێ؛ تاکوو کوردستان لەم چەتانە خاوێن دەکاتەوە".

(ئەمەش ئاماژەیە بە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان. لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا، کە هەردەم ناوەندی سەرەکی تێکۆشانی حیزبی دێمکرات بوە).

من هەر لەو کاتەوە تاکوو ئێستاش، روونکردنەوەکەی ئاغای بەنی سەدرم لە لاپەڕەکانی خۆم لە یوتیوب و فەیسبووک لە ژێر ئەم سەردێرانە داناوە: "بەنی سەدرو رەحیم رەشیدی لە نێوان چەواشەکردنی مێژوو بەیانی راستی دا، هەروەها لە فەیسبووک لە ژێر ناوی "ئاغای بەنی سەدر درێژدان بە چەواشەکردنی مێژوو بۆ؟."

شیاوی بە بیر هێنانەوەیە کە، دژ کردەوەی ئەوکاتی ئاغای بەنی سەدر، لەگەڵ شەپۆلێکی بەرینی نارەزایەتی چالاکانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەوانان و پارێزەران روو بە روو بویەوە.
لێرەدا بۆ درێژنەبوونەوەی باسەکە، تەنیا روونکردنەوەی مافناسی کورد بەرێز حەسەن ئەیوبزادە دەنێرمە خزمەتان کە کاتی خۆی بۆ ئێوەی ناردوەو بەڵگەی پێوەندیدار بەو رووداوەی لەگەڵ هاوپێچ کردبوو.

جارێکی دیکە هیواخوام و داوا دەکەم کە ئاغای بەنی سەدر، لە پێوەندی لەگەڵ ئەو باسەدا، بە جێگای هەوڵدان بۆ پینەوپەڕۆ کردنی ئەو ڕووداوە، داوای لێبوردن لە خەڵکی غەدرلێکراوی کوردستان و بنەماڵەی قوربانییەکان بکات و بەم چەشنە، لە کۆتایی تەمەن دا، هەر هیچ نەبێ با هەنگاوێک بۆ مرۆڤایەتی بهاوێت.

لەگەڵ سپاس و رێزدا
رەحیم رەشیدی
واشنگتن

No comments: