Archive

Monday, July 4, 2016

ماڵئاوا پیاوە مەزنەکە!








رەحیم رەشیدی
هەواڵەکە بۆ من ناخۆش، کوتوپڕو لە ناکاو بوو. کاتێک دۆستی بەرێزم هارۆڵد، ئاگاداری کردم کە ئەلی ویزل نووسەرو براوەی خەڵاتی ئاشتی نوبێل، لە تەمەنی ٨٧ ساڵی دا، لێرە لە وڵات یەکگرتوەکانی ئەمریکا، کۆچی دوایی کردوە. ئەم کەسایەتیە بەرزو مرۆڤ دۆستە، باڵوێزی ئاشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بوو.
ویزل بە هۆی چالاکی درەوشاوەو بەردەوامی؛ بۆ دژبەری لەگەڵ توندوتیژی، رەگەزپەرەستی و لەقاودانی پێشێلکارییەکانی مافی مررۆڤ، لە ساڵی ١٩٨٦دا، خەڵاتی ئاشتی نوبێلی پێبەخشرا.
ویزل، لە رێگای چاکاکی سیاسیی و نووسینی بەردەوام هەوڵی داکۆکی لە بایەخە بەرزەکانی مرۆڤایەتی دەدا.
ئەم کەسایەتییە مەزنە، لە بنەڕەت دا جوولەکە بوو. ئەو ساڵی ١٩٢٨، لە وڵاتی رۆمانی چاوی بە ژیان هەڵێنابوو. ناوبراو ساڵی ١٩٤٤ لە لایەن نازییەکانی ئاڵمانیاوە وێرای بنەماڵەکەی بۆ کەمپی ئاشویتز راگوێزرا، هەر لەوێش دایک و باوک و خوشکێکی لە دەستدا.
نووسینی پەڕتووکی بیرەوەرییەکانی، سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی لە کەمپی ئاشوتیزی ئاڵمانی نازی، ڕووداوێکی گەورە بوو لە ژیانی دا، کە ناوو ناوبانگێکی جیهانی بۆ خولقاند. هەر ئەو پێشوازیە گەورەش لە کتێبی بیرەوەرییەکانی وای کرد کە دواتر ٤٠ پەڕتووکی دیکە بنووسێ...
هەموو هەوڵی ئەو نووسەرە ئەوە بوو کە بیرەوەرییەکانی کارەساتی هۆلۆکاست لە بیرو زەینی مۆرڤایەتی دا تۆمار بکرێ، بۆ ئەوەی لە بیر نەچێتەوەو بە فەرامۆشی نەسپێردرێ.
ویزل لە چوارچێوەی تێکۆشانی دا بۆ داکۆکی لە مافی مرۆڤ، ساڵی ٢٠١٤، وێرای ٣٠٠ کەسی دیکە کە لە تراژیایدی هۆلۆکاست دەربازیان ببوو، رەخنەی توندی لە پێشلکارییەکانی ئیسرائیل لە هەمبەر خەڵکی غەزە گرت و بەمەش سەلماندی کە داکۆکی لە مرۆڤایەتی بۆ ئەو سنوورو نەتەوە ناناسێ!
ویزل، ساڵی ٢٠١٥، لە رووداوێکی دەگمەن دا، لە ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ سەناتۆر تەد کرۆز، بەربژێری سەرۆکایەتی ئەمریکا، بۆ ٢٠١٦، دژبەری ڕوون و ڕاشکاوانەی خۆی لەگەڵ بەرنامەی ناوکی ئێران دەربڕی و داکۆکی بێ سنووری خۆی لە پرسی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە، ڕاگەیاند.
وەرگری خەڵاتی ئاشتی نوبێل، هەر لەو کۆبوونەوەداو، لە دیدارێکی کورت دا لەگەڵ من، وێرای بەرز نرخاندنی رۆڵی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەراست، پشتیوانی ڕاشکاوانەی خۆی بۆ کوردو پێشمەرگە دەربڕی و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بۆ کوردو کوردستان بە ئاوات خواست.
ویزلی ئاشتی خوازو مرۆڤ دۆست، لە سەردەم و بارودۆخێک دا، ماڵئاوایی لە ژیان کرد کە مرۆڤایەتی کەوتۆتە بەر هەڕەشەی قینی رەش و توندئاژۆیی، هەر بۆیە مەرگی نابەوەختی ئەم تێکۆشەرە دیارەی مافی مرۆڤ، خەسارێکی قورسە لە پەیکەری مرۆڤایەتی دەکەوێ. رەنگە ئەمەش هۆکارێکی دیارو بەرچاو بێ کە ئازادیخوازن و خەمخۆرانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئاوا بۆ لە دەسدانی ئەم مێرخاسە وەها داخدارو بەپەرۆشن.
ناوو یادی هەردەم بەرزو بەرێز بێ.

No comments: