Archive

Thursday, December 19, 2019

لێپێچینەوەی ترەمپ، له‌ نێوان ململانێ سیاسیی و یاسا سه‌روه‌ری دا

رەحیم رەشیدی



 شەوی چوارشەممە، رێكه‌وتی ١٨ی دێسه‌مبه‌ر،، زۆرینه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، كه‌ له‌ ٤٣٥ ئه‌ندام پێكدێت، دوای پتر له‌ ٨ كاتژمێر مشتومری هه‌مه‌ لایه‌نه‌، سەرۆک تره‌مپی بە فەرمیی به‌وه‌ تاوانبار كرد كه‌ ده‌سه‌ڵاتی خراپ به‌كار هێناوه‌و ئاستەنگی له‌ به‌رده‌م  لێکۆڵینەوەی کۆنگرێس دروست كردوه‌.

دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران لە لایەن یاسادانەری دێموکراته‌كان، نوێنەری کۆلۆرادۆ دایانا دگێت سەرۆکایەتی کرا، یەکە بە یەکە یاسادانەرانی کۆماری و دێموکراتەکان کاتیان پێدرا بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونی خۆیان لەسەر پرۆسەکە ده‌رببڕن. زۆرینه‌ی نزیك به‌ كۆی دێموکراتەکان پێیان وابوو کە پێویستە سەرۆک تره‌مپ تاوانبار بکرێت و لە کار لاببردرێت. هاوکات سه‌رجه‌م کۆمارییەکان بەرگریان لە تره‌مپ دەکردو پێیان وابوو کردارەکانی تره‌مپ دژی یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵات نین.
دوای قسه‌و باسه‌ چڕوپڕه‌كان، سەرەتا ١٥ خولەک درا بە یاسادانەران تا دەنگ لەسەر بەندی یەکەم واته‌ (خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات) بدەن، سه‌رئه‌نجام به‌ ٢٣٠ دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە ١٩٧ دەنگی نەخێر لێپێچینه‌وه‌كه‌ پەسەند کرا. له‌م پرۆسه‌دا ٢ ئه‌ندامی دێموكرات دەنگیان لە دژی لێپێچینه‌وه‌كه‌ دا، سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی کۆماریش له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كه‌ ناته‌با بوون و ده‌نگیان پێنه‌دا.

پاشان یاسادانەران دەنگیان لەسەر بەندی دووهەم (ئاستەنگ خستنە  بەردەم لێكۆلینه‌وه‌كانی کۆنگرێس) دا. له‌م بڕگه‌دا‌، به‌ ٢٢٩ دەنگی بەڵی بەرامبەر ١٩٨ دەنگی نەخێر، لێپیچینه‌وه‌كه‌ پەسەند کرا. لەم پرۆسه‌ش دا سێ ئه‌ندامی دێموکراته‌كان دەنگیان نەدا.
بۆ هەر دوو بەندەکان، ئەندامێکی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەران، دەنگی به‌ پرۆژه‌ی دێموكراته‌كان دا و  له‌ ئاكام دا بە فەرمیی تاوانبارکردنی سەرۆک پەسەند کرا.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی دانیشتنی رۆژی چوارشه‌ممه‌ کردەوەو بە یاسادانەرانی گوت:‌ "تره‌مپ بە گوشار خستنه‌ سەر ئۆکرانیا بۆ لێکۆڵینەوە کردن لە بەرهەڵستی سیاسیی خۆی واته‌ جۆ بایدن، جێگری ئه‌وكاتی سه‌رۆكی ئه‌مریكا (ئۆباما)، دواتر ئاستەنگ دروست کردن بۆ لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس، هیچ بژارەیەکی تری بۆمان نەهێشتەوە، ئەم لێپیچینه‌وه‌ نەبێت. ئەگەر ئێمە کارێک نەکەین ئەوا ئەرکی خۆمان بەجێ ناگەیەنین. ئەمڕۆ ئێمە بۆ داكۆكی كردن لە دێموکراسی لێره‌ین."

ئەندامی کۆنگرێسی کۆماری داگ کولینس، یەکێک لە پشتیوانە دیاره‌كانی تره‌مپ، هەڵسەنگاندنەکەی پیلۆسی ڕەتکردەوەو ئاماژەی بەوە کرد کە: "له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا، دێموکراتەکان لەو ڕۆژەوەی کە تره‌مپ بۆته‌ سەرۆک هەوڵیان داوە لێپێچینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بکەن. لە کاتێکدا بۆ هەڵبژاردن کەمتر لە ساڵێکی ماوە،  باشتر وایە ئەم لێپێچینه‌وه‌ دەنگدەران بڕیاری لەسەر بدەن."

لە بەندی یەکەمی لێپێچینه‌وه‌كه‌دا، تره‌مپ به‌وه‌ تاوانبار کراوه‌ كه‌  هەوڵێکی زۆری داوە تا سەرۆکی ئۆکرانیا لێکۆڵینەوە لەسەر جۆ بایدن و هەنتەر بایدنی کوڕی بکات کە بۆ کۆمپانیایەکی گازی ئۆکراینی کار دەکات.  بەندی دووهەمی لێپێچینه‌وه‌كه‌‌ سه‌رۆك به‌وه‌ تاونابار ده‌كات كه‌ ئاستەنگی لەبەردەم لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس دروست کردووە بەوەی ئامادە نەبووە هەزاران پەڕە بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە بابەتی ئۆکرانیاوە ڕادەستی کۆنگرێس بکات بۆ لێکۆڵینەوەکان و هەروەها ڕێگەی لە یاریدەدەرە سەرەکییەکان گرتووە تا له‌ ماوه‌ی لێکۆڵینەوەکاندا گەواهی لەسەر کردارەکانی تره‌مپ بده‌ن.

پاش ده‌نگدانه‌كه‌، سەرۆک تره‌مپ لەبەردەم کۆمەڵێک لە لایەنگرانی دا لە شاری باتلکریکی ولایەتی مشیگەن، كه‌ بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ٢٠٢٠ له‌ّوێ بوو، بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی شەرمەزار کرد.
سەرۆک تره‌مپ گوتی: "ئێمە خەریکی ڕەخساندنی دەرفەتی کارین، لە پێناو مشیگەن تێدەکۆشین، لەم کاتەدا چەپڕەوە ڕادیکاڵەکانی نێو کۆنگرێس، به‌غیلی، ڕق و کینە ده‌رونیانی ته‌نیوه‌، ئەوەتا دەبینن ئێستا چی ڕوو دەدات. دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن دەنگی ئەو دەیان ملیۆن ئەمەریکاییەی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا وەکو سەرۆک هەڵیانبژاردووم پوچەڵ بکەنەوە".
مایک پێنس جێگری سەرۆک تره‌مپ، كه‌ به‌ گوێره‌ی یاسا ئه‌گه‌ر بێتوو سه‌رۆك له‌ كاره‌كه‌ی لادرێ، جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌،  لە مشیگان هەنگاوەکەی کۆنگرێسی شەرمەزار کرد و گوتی: "ئەمڕۆ لێرەم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پشتیوانی لە سەرۆک دانۆڵد تره‌مپ دەکەم. ئەوەی کە لە واشنتن دی سی بەڕێوە دەچێت شەرمەزارییە. لە یەکەم ڕۆژه‌وه‌ کە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەسبەکار بوه‌ دێموکراتەکان دەیانەوێت ئاكامه‌كانی هەڵبژاردن پوچەڵ بکەنەوە. ئه‌وان ئەمشەو بە ببڕیاری لێپێچینه‌وه‌، كه‌ كرده‌وه‌یه‌كی تاك حیزبییە پشتیوانیان لە هەوڵەکەی خۆیان کرد. ئەوان هەوڵ دەدەن ئەم سەرۆکە لە کار بخەن چونکە دەزانن ناتوانن لە هەڵبژاردنەکان دا شکستی پێ بده‌ن."
پێشتر نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ترەمپ هەڕەشەیەکی بەردەوامه‌ دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و  یاسای بنه‌ره‌تی وڵاتی پێشێلکردووە. دێموکراتەکان هیچ بژاردەیەکیان بۆ نەماوه‌ جیا لە لێپێچینەوە. 
له‌ به‌رانبه‌ردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێش بڕیاری لێپێچینەوەکە گوتی: "هیچ بەرپرسیاریه‌ك هەڵناگرم، بە جیددی وەری ناگرم،  پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا ئەنجامداوە، پەیوەندییەکە زۆر بێ غه‌ل و غه‌ش بوه‌. ئێوە هەمووتان دەزانن، هیچ شتێکی هەڵە نەگوتراوە. بەڕاستی شەرمە لەسەر ئەمە لێپێچینەوە لە سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت، ئەمە پەڵەیەکە بە وڵاتەکەمانەوە دەمێنێتەوە".
  
بۆ لادانی سه‌رۆك، له‌ كۆی ١٠٠ ئه‌ندامی سه‌نا،  رێژه‌ی دوو لە سێی دەنگی سەنای ئەمریکا پێویستە. به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمارییه‌كان زۆرینه‌ن وێناچێ له‌كار لادانه‌كه‌ ڕوو بدا، پێشتریش کەسایەتییه‌ پایەبه‌رزه‌كانی كۆماری له‌ سه‌نا، ڕایانگەیاندووە کە دەنگ بە بێ تاوانی تره‌مپ دەدەن. سەرۆکی سەنا وتویه‌تی كه‌ تاكوو مانگی یه‌كی ساڵی ٢٠٢٠، دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی پیران له‌ هه‌مبه‌ر لپێچینه‌وه‌كه‌ بۆ لابردنی تره‌مپ نایه‌ته‌ ئاراوه‌. 

ترەمپ دەبێتە سێیەم سەرۆک لە مێژووی ئەمریکادا كه‌ لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر لەکارەکەی دوور بخرێتەوە دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە بە هۆی لێپرسینەوە ناچار ده‌كرێ پۆسته‌كه‌ی به‌جێ بێڵێت.
هاوکات لە چەندین شاری ئەمریکا خۆپیشاندان بۆ پاڵپشتی لە ترەمپ بەڕێوە چوون. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ خۆپیشاندان بۆ دوورخستنەوەیشی لە سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەنجامدران.
تاكوو هه‌نووكه‌ هیچ سەرۆکێكی ئه‌مریكا لە رێگەی پرۆسه‌ی لێپێچینه‌وه‌، دوور نەخراونەتەوە، بەڵام پرۆسەی لێپێچینەوە لە دوو سەرۆک لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراو، بەڵام لە ئەنجوومەنی پیران شکستی پێهاتووە، کە ئەوانیش ئاندرو جۆنسن لە ساڵی ١٨٦٨  و بیڵ کلینتۆن لە ساڵی ١٩٩٨ دا بوه‌.
هه‌روه‌ها ١٩٧٤،  ریچارد نیکسن، بۆ ئەوەی لە لایەن کۆنگرێسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا نەکرێت، دەستی لەکار کێشایەوە، ئەمەش 
بەهۆی ئابڕووچوونەکەی وەتەر گەیت بوو.
#مستەر_کورد

No comments: