شیاوی باسە کۆی ئەو دیدارانە بە هاوکاری و پاڵپشتی دۆستان و به تایبهتی كاری چڕوپڕ و خۆبەخشانەی رۆژنامەوانی دلسۆزو خەمخۆری کوردستان، بەرێز رەحیم رەشیدی ناسراو بە مستەر کورد بەرێوچووه، لێرهوه سپاسی خەمخۆری و دڵسۆزی و پەرۆشی مستەر کورد لە هەمبەر کوردستان و چارەنووسی نەتەوەکەمان دەکهین و هیواخوزین کە كهسایهتیه
شوێندانەرەکانی کورد لە هەموو جێگاو شوێنێک باڵوێزی دڵسۆزی وڵاتە داگیرکراو و خەڵکە ستەم دیدەکەیان بن.
رۆژی ٨ی مانگی دێسەمبەری ٢٠١٩، هاورێی كاك عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە سەردانێکی سیاسیی و دیپلۆماسی گەیشتە واشنگتن. لە ماوەی ٨ ڕۆژ کاری چروو پڕدا وێرای ناساندنی زۆرتری كۆمهڵه و هێنانە بەرباسی دۆخ و پێگەی کوردستانی ڕۆژههڵات، هاوکات سیاسەت و پیلانگێرییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کۆی رۆژهەڵاتی نێوەراست بە گشتیی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، لە قاودا.
رۆژی دووشەممە ٩ی مانگ دەستپێکی کۆبوونەوەو دیدارەکان:
هاورێی عومەر لەگەڵ ناوەندی داکۆکی لە دێموکراسی کە تینک تانکێکی کاریگەرەو لە لایەن ریژیمی ئێرانەوە گەمارۆی خراوەتەسەر، لهگهڵ سهرۆكی ڕێكخراوهكه کۆبوویەوەو لەو دانیشتنەدا بە تێروتەسلی باس لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان کرا. هاوکات لە دانیشتەنەکەدا بابەتی ناوەندی هاوکاری و دهوری كۆمهڵه و مێژووی خەباتی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان بە وردی باسی لێکرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو دانیشتنەدا، هاورێ عومەر وڵامی پرسیارەکانی خانەخوێی دایەوەو کۆی قسەوباسەکان لە دانیشتنی رۆژی دواتری تینکتانکەکەدا لەگەڵ برایان هووک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و راوێژکاری وەزیری دەرەوە، رەنگی دابویەوە.
کلیف مای سەرۆک و دامەزرینەری ناوەندەکە، هەروەها لێکۆڵەرو شارەزای کاروباری کوردستان و نێوچەکە جۆن هانا کە پێشتر راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دیک چەینی و هەروەها سەرۆک بوش بوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەراست و لە دەورانی بیل کلینتۆن دا یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بوە، لەگەڵ تەزڤین کاهن لێکۆڵەر لە دامەزراوەی ئاماژە بۆکراو ئامادەی دانیشتنەکە بوون و گوفتگۆیەکی تێروتەس کرا.
رۆژی سيشەممە ١٠ی مانگ:
سکرتێری گشتیی سەردانی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای کردو لە دوو وتووێژی جیادا باسی لە پێگەی کوردستان و ئامانجی سەفەرەکەی بۆ ئەمریکاو پێویستی یەکریزی نێو ماڵی کوردستانی کرد.
له دیدارێكی دیكهدا هاوڕێ عومهر، لەگەڵ د. ساشا تۆپریج، دیپلۆمات. مامۆستای زانکۆو چالاکی مافەکانی مرۆڤ کۆبوویەوە، بە وردی باس لە میکانیزمەکانی کار کردن لە واشنگتن کراو بەرنامەدانرا کە چۆن پرسی کوردی رۆژهەڵاتی لە واشنگتن پتر بهینرێتەوە گۆرێ و لەم بارەوە دوو لایەن کۆمەڵێک بیروبۆچونیان ئاڵوگۆر کرد..
دانیشتنێكی دیكهی هاوڕێ عومهر لەگەڵ کۆنگرێسمەن برایان مەست کۆبوویەوەو لەو کۆبوونەوەدا، بارودۆخی کوردستان بە گشتیی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی تاوتوی کرا. داوا لە کۆنگرێسمەن کرا پشتیوانی لە دۆزی کورد بە گشتیی و لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی بکات و ئەویش لای خۆیەوە بەڵێنی دا کە بە هەموو تواناوە پشتیوانی دۆزی رەوای کوردستان دەکات و خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بەو دیدارە دەربری و لەسەر پێوەندی دوو لایەنە پێداگری کردەوە.
هەمان رۆژ لە دیدارێکی کورت دا هاورێ سکرتێری گشتیی چاوی کەوت بە باڵوێز سام براونباک بالوێزی نێونەتەوەیی ئەمریکا بۆ ئازادی ئایینەکان و باس لە پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئیران دژ بە سەرجەم ئازادییەکان کرا…
هەمان رۆرژ کاک عومەر لەگەڵ رۆژنامەوان جەستین تۆماس لە بەرنامەی سیاسەت لە ژوورەکانی پشتەوە، کە بەرنامەیەکی رادیۆیی بە ناوبانگە، بۆ ماوەی ٣٠ خولەک بەشداری کردو وێرای لە قاودانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، هاوکات داوای کرد کە ئەمریکا پشتیوانی دۆزی رەوای کوردستان و رەوتی دێموکراسی لە ئێران بکات. ههروهها لهو وتووێژهدا پێداگری كرد لهوهی كه کوردستان بەو پاشخانە خەباتگێرانەوە کە هەیەتی دەتوانێ فاكتهری گرینگی کۆکەرەوەی گشت هێزە دێموکراتەکانی ئێران بێ.
چوارشەممە ١١ی مانگ:
هاورێ سکرتێری گشتیی لە کۆبوونەویەکی ئەنستیوتی گۆڵد بۆ کاروباری ئیستراتیژی نێونەتەوەیی بەشداری کرد. سەرەتا ئێلی گۆڵد سەرۆکی پەیمانگەکە بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانی کردو دواتر کاک عومەر لە وتارێکی ٤٥ خولهكی دا کۆی پیلانگێرییەکانی تارانی لە قاوداو لە برگەیەکی دیکەدا وڵامی پرسیاری لێکۆڵەرو ميدیاکارانی دایەوە کە بانگهێشت كرا بوون و لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون.
هەمان رۆژی دیدارێکی لەگەڵ سیامەند حەجۆ ئەندامی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی کورد لە سوریا پێکهات و لەسەر هاوپێوندی کوردستانی و کاری هاوبەش بۆ هێنانەگۆری پتری دۆزی کورد پێداگری کرایەوە. لە هەمان کات هاورێ عومەر چاوی کەوت بە دەیڤید پۆلاک راوێژکاری بەرێی وەزارەتی دەرەوەو لێکۆڵەری پلەبەرز لە ئەنستیتوتی واشنگتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک.
لە پال ئەمانەدا، هاورێ عومەر لەگەڵ ستافی هەر دوو کۆنگرێسمەن، جۆ ویلسۆن و لی زیلدەن و کۆمیتەی راهێنانی پەروەردی لاوانی کۆمارییەکان دیداری هەبوو کە تێیدا داوای لێکردن بە مەبەستی پاشەکشە کردن بە ئێران پێویستە بایەخ بە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بدەن و بە فەرمیی بیانبینن و درگا جۆراوجۆرەکانیان لەسەر بکەنەوە.
ئێواری هەمان رۆژ، سکرتێری گشتیی لە دیدارێکی پڕ بایەخ دا لەگەڵ کەسایەتی بە ناوبەناگی ئەمریکی وەلید فارس راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ لە کێبەرکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠١٦دا، کۆبوویەوەو بە وردی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەراست و کردەوەکانی ئێران لە نێوخۆو ناوچهكه کەوتە بەرباس و هاوکات دۆخی سەرکوتی بێبەزەیانەی کۆماری ئیسلامی لە دژی خۆنیشاندانەکانی ئەم دوایە گوفتگۆی لەبارەوە کرا، لەو نێوەدا دەورو رۆڵی هێزە دەرەکییەکان وەکوو، میلیشیای شێعەو حیزبوڵا بە وردی شیکرایەوە. وەلید فارس لای خۆیەوە بەڵێنی دا کە ئەو زانیاری و داوایانە بگەیەنێتە ناوەندەکانی بڕیارو سەرۆکایەتی لە ئەمریکاو هەر لەو چوارچێوەش دا کار بکات بۆ ناساندنی پتری دۆزی کوردستانی رۆژهەڵات لە بنکەو بونیادەکانی ئەمریکا و مێدیای ئەو وڵاتەدا.
هەمان رۆژ، هاورێ سکرتێری گشتیی لەگەڵ تەلەویزیۆنەکانی کوردستان ٢٤، کوردستان تی ڤی و تیشک تی ڤی وتووێژی هەبوو کە بە وردی دۆخی کوردستانی رۆژهەڵاتی شیکردەوە.
پێنجشەممە ١٢ی مانگ:
ئهو ڕۆژه كاك عومهر لە کۆبوونەوەیەکی “ئەنستێتوی کورد لە واشنگتۆن” دا بەشداری کرد کە بۆ هەر دوو بەرێزان کاک عەبدوللا موهتەدی و کاک عومەری ئیلخانیزادە پێکهاتبوو. کۆبوونەوەکە بە بەشداری کۆمەڵیک لێکۆلەر و شرۆڤەکاری سیاسی ئەمریکایی و کوردی بەرێوەچوو کە تێیدا باس لە چونیەتی و ئاکامەکانی ئەمدوایانەی راپەرینی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و ئێران، سیاسەتی هەناردەکردنی تیرۆریسمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیران و پێگەی کوردی رۆژهەڵات لەو پەیوەندیاندا کرا. پاشان له لایهن ههر دوو كۆڕگیرهكهوه وڵامی پرسیاری ئامادە بووان درایەوە.
دواتر لە دیدارێکی جیاوزداو لە ئۆفیسی سەرەکی خۆی، سەناتۆری دیارو خاوەن پێگەی ئەمریکا ڤان هۆلن کە بە دۆستیکی دڵسۆزی کوردستان ناسراوەو یەکێک لەو کەسانەیە کە بڕیارنامەی سەباندنی گەمارۆکانی بەسەر تورکیادا وروژاند، هاورێ لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەیی، پێشوازی گەرمیان لە هاورێ عومەر کردو سەناتۆر دڵنیایی دا کە لەمەو پاش جیا لە باس کردنی دۆخی کوردەکان لە باشورو رۆژئاڤای کوردستان، پرس و بابەتی پێوەندیدار بە رۆژهەلاتی کوردستان دەوروژێنێ. هاورێ عومەر باسی لەوە کرد لە بۆ هەر گوشار خستنە سەر ئێران، پێویستە پاڵپشتی له کوردی رۆژهەڵات بكرێ و هەروەها مانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە باشور و ڕۆژئاوای كوردستانی بە گرینگ زانی بۆ ئەوەی بەر بە گێرە شێوێنی و ئاژاوەکانی گروپه تیرۆریسته ئیسلامیهكان و ئێران بگیردرێ.
هەینی ١٣ی مانگ:
لەم دیدارەدا هاورێ عومەر لەگەڵ کۆنگرێسمەن مایکێڵ والتز کۆبوویەوەو بە وردی باس لە سیاسەتی تێکدەرانی ئێران لە نێوچەکەو رەوتی سەرکوتی خۆنیشاندەران کراو هەروەها باس لە بایەخی خەرمانەی خەباتی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کراو ئەو باسە هاتە گۆرێ کە دەکرێ و دەشێ بۆ کۆکردنەوەی هێزە دێموکراتەکانی بەرهەڵستکاری ئێران، پشت بە کوردستان ببستن هەر وەکوو چۆن کوردەکان لە عێراق بۆ رووخانی سەدام دەورێکی بالاو هەمە لایەنەیان گێرا. هاورێ عومەر باسی لەوە کرد کە پێویست نیە ئەمریکا سەربازی خۆی بنێرێتە ئێران، بەڵکو پستیوانی ماڵی و مەعنەوی و کۆ کردنەوەی ئوپۆزیسیۆن دەوانێ دەورێکی بنەرەتی بۆ روخانی کۆماری ئیسلامی بگێرێ. کۆنگرێسمەن مایکێڵ بەڵێنی بە شاندەدا کە لە پێوەندی بەردەوام دا دەبن و هەروەها بە جیدی هەوڵ دەدات کە پێوەندی نێوان کوردی رۆژهەلات و ئەمریکا بەرەوە باشتر بوون بکات و لەم باروە کۆمەڵێک پێشنیارو راوبۆچوون بۆ دیداری فەرمیی و کرانەوەی دەرگای وەزارەتی دەرەوە ئاڵوگۆر کران.
هاوکات لە دیدارێکی دیکەدا، لەگەڵ مایکێڵ پرەجێنت، لێکۆڵەر لە ئەنستیتۆی هادسۆن و ئەفسەری پشوی هەواڵگری ئەمریکا، دیدارێکی پڕ بایەخ هاتە گۆرێ و لەم بارەوە مایکێڵ لەگەڵ بۆچوون و روانگەکانی هاورێ عومەر سەبارەت بە هەڵەی سیاسەتەکانی واشنگتن لە ناوچهكه بە گشتیی و روو بە ئێران بە تایبەتی هاورا بوو. مایکێڵ وێرای خۆشحالی خۆی لەو دیدارە، بەڵێنی دا کە له پێوەندی بەردەوامان دەبێ و پێکەوە کار بۆ پاشەکشە بە ئێران لە کۆی ناوچەکە دەکەین و لەم بارەوە رۆڵی کوردەکانی رۆژهەڵات و ناوەندی هاوکاری بە گرینگ وەسف کرد.
هەروها هاورێ عومهر، سەردانی ئەنستیتۆی واشنگتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیکی کردو لەگەڵ د. بیلال وەهاب پسپۆری کاروباری کوردستان و جاناتان سارەزا لە دۆخی ئێران کۆبوویەوە لە ماوەی نزیک بە دوو کاتژمێردا باسیان لە پرسی کۆڵبەران، دۆخی سیاسیی، سەربازی و ئابوری کوردستان کردو هەروەها بە وردی پەرژانە سەر گرینگی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی کوردستانی ئێران.
شەممە ١٤ی مانگ:
هاورێ عومەر سەردانی لقی ٧ی پارتی کردو بە گەرمی لە لایەن بەرێز حیکمەت بامەرنی بەرپرسی لق و ئەندامانی لق بە گەرمی پێشوازی کراو دو لایەن لەسەر هاوپێوەندی کوردستانی پێداگریان کردەوەو لەم هەمان کات دا بە پێویستیان زانی کە دەبێ تایبەتمەندییەکانی هەر پارچەیک رەچاو بکرێ و هێزی پارچەکانی دیکە هاوکاری یەکتر بکەن نەک دەست لە کاروباری نێوخۆیی یەکتر وەربدەن.
یەکشەممە ١٥ی مانگ:
هاورێ سکرتێری گشتیی لە سیمیانارێکدا بەشداری کرد کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی پێشمەرگەو لەم باروە وێرای پیرۆزبایی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشمەرگەکانیان کرد، پاشان وتارێکی هەمە لایەنەی لەسەرکوردستان، ئێران و نێوچەکەو گرینگی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی شی کردەوەوبەرخۆدان و رچەشکێنی کوردستانی رۆژهەلاتی لە کۆی ئێران دا بەرز نرخاند. لە برگەیەکی دیکەدا کۆرگێر به وردی وڵامی پرسیارو تێبینی ئامادە بووانی دایەوە. شیاوی باسە کە وتاری هاورێ عومەر لەگەڵ پێشوازی گەرمی بەشداران بەرەو روو بوویەوە.
دووشەممە ١٦ی مانگ دواین رۆژی دیدارەکان:
هاورێ سکرتیری گشتیی لەگەڵ کۆمەڵی ئێرانییەکانی دەڤەری واشنگتن کۆبویەوەو بە وردی باسی لە داهاتووی ئێران و پێگەی گرینگی کوردستان کردو بە پێداگریەوە رایگەیاند کە کوردستان خاوەن هێزو شوناس و وزەی خۆیەتی و بە بێ چارەسەر بنەرەتی پرسی کوردستان، ئێران و ناوچە رووی ئاشتی بە خۆیەوە نابینێ.
شیاوی باسە کە لە پەرواێزی ئەو سەفەرەدا، کۆمەڵێک دیداری تایبەتی و کۆرو کۆبوونەوە ئەنجام دران هەروەها بە هۆی نەبوونی کات و پرسی گەرانەوەی کاک عومەر بۆ کوردستان، زۆر دیدارو چاوپێکەوتنی مێدیایی، کۆنگرێس، ئەنجوومەنی پیران و ناوەندەکانی بیرکردنەوە، کاتەکەیان گۆردرا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێکبێن.
شیاوی باسە کۆی ئەو دیدارانە بە هاوکاری و پاڵپشتی دۆستان و به تایبهتی كاری چڕوپڕ و خۆبەخشانەی رۆژنامەوانی دلسۆزو خەمخۆری کوردستان، بەرێز رەحیم رەشیدی ناسراو بە مستەر کورد بەرێوچووه، لێرهوه سپاسی خەمخۆری و دڵسۆزی و پەرۆشی مستەر کورد لە هەمبەر کوردستان و چارەنووسی نەتەوەکەمان دەکهین و هیواخوزین کە كهسایهتیه شوێندانەرەکانی کورد لە هەموو جێگاو شوێنێک باڵوێزی دڵسۆزی وڵاتە داگیرکراو و خەڵکە ستەم دیدەکەیان بن
No comments:
Post a Comment