Archive

Friday, April 9, 2021

سیروان نه‌جمه‌دین كه‌ریم به‌ سه‌رۆكی نوێی ئه‌نستیتوتی كورد له‌ واشنگتن هه‌ڵبژێردرا.



له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نستیتوتی كورد، له‌ واشنگتن، پاش كۆچی دوایی د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، تێكۆشه‌ری سیاسیی كوردو پارێزگاری شه‌رعی كه‌ركووك، سیروان نه‌جمه‌دین كه‌ریم وه‌كوو دووهه‌مین سه‌رۆكی ئه‌و په‌یمانگایه‌ هه‌ڵبژێردرا.
له ده‌سپێكی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی ئه‌نستیوتی كورد له‌ واشنگتن، كه‌ كۆپیه‌كی بۆ كوردستان 24 نێردراوه‌، هاتوه‌: "پاش كۆچی دڵته‌زێنی د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نستیتوته‌كه‌مان، ئێمه‌ خوازیارن به‌ ناوی په‌یمانگاكه‌مانه‌وه،‌ سپاسی خه‌ڵك، كه‌سایه‌تییه‌كان، رێكخراو حیزبه‌ سیاسیی و بنكه‌و بونیادی ده‌وڵه‌تی له‌ ئه‌مریكاو گشت كوردستانی مه‌زن بكه‌ین. له‌ ده‌سدانی د. نه‌جمه‌دین به‌ قوڵی كاریگه‌ری له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی كوردستان داناوه‌. ئه‌مرۆ ئێمه‌ شانازی ده‌كه‌ین كه‌ سه‌رۆك و تیمێكی نوێی به‌رێوه‌به‌ری پێكهاتوو له‌ دیپلۆمات، پزیك و دۆستانی به‌رده‌وامی د. نه‌جمه‌دین، درێژه‌ به‌ كاروانه‌كه‌ی بۆ خزمه‌ت به‌ كوردستان ده‌ده‌ین."
له‌ به‌شی كۆتایی ڕاگه‌یه‌ندراوی په‌یمانگه‌ی كورد له‌ واشنگتن، ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و ستافی نوێی به‌رێوه‌به‌ری ئه‌نستیتوته‌كه‌ هاتوه‌: "بۆ درێژه‌دان به‌ داكۆكی كردن له‌ مافی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ سه‌راسه‌ری كوردستان، كۆمیته‌ی نوێی به‌رێوبه‌ری به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بۆ پركردنه‌وه‌ی جێگای كۆچكروو د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، سیروان نه‌جمه‌دین كه‌ریم وه‌كوو سه‌رۆكی ئه‌نستیتوتی كورد له‌ واشنگتن هه‌ڵبژێردرا."
ئه‌نستیتوتی كورد له‌ واشنگتن به‌م جۆره‌ باس له‌ پێگه‌ی سه‌رۆكی نوێی ئه‌و دامه‌زراوه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ: "سیروان نه‌جمه‌دین كه‌ریم، ڕاوێژكاری پێشووو به‌رێوه‌به‌ری ئاسایشی پارێزگاری كۆچكردووی كه‌ركووك و سه‌رۆك و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌نستیتوتی كورد له‌ واشنگتن، د. نه‌جمه‌دیم كه‌ریم بوه‌.
سیروان ده‌سپه‌روه‌رده‌ی باوكیه‌تی و له‌ چه‌ند رێكخراوی كوردیدا خزمه‌تی كردوه‌، ئێستاش هه‌وڵ بۆ خزمه‌ت به‌ كوردو كوردستان ده‌دات. سیروان له‌ ژیانی پیشه‌یی خۆی دا ئه‌زمونێكی زۆری ده‌رباره‌ی گه‌شه‌و زه‌ویوزار هه‌یه‌و سه‌رۆكی دارایی ماڵكوماڵ بوه‌، راوێژكاری چه‌ند كۆمپانیای زه‌ویوزار بوه‌، له‌ زانكۆی مریله‌ند لیسانسی ژومێریاری وه‌رگرتوه‌، هه‌نووكه‌ش له‌ زانكۆی جۆرج تاون بۆ كارناسی باڵا له‌ بواری زه‌ویوزاردا ده‌خوێنێ.
هه‌روه‌ها ناوبراو سه‌رۆكی تیمی راوێژكارانی خوێندكاری زه‌ویوزاره‌‌. سیراون له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ ولایه‌تی فلۆریدا ده‌ژی."
ئه‌نستیوتی كورد له‌ واشنتن، ساڵی 1996 له‌ لایه‌ن د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم بۆ خزمه‌ت به‌ دۆزی سیاسیی كوردستان دامه‌زراوه‌. هه‌نووكه‌ باڵوێز پیته‌ر گالبره‌یت، ژنه‌راڵ جه‌ی گارنه‌ر، جۆ ریده‌ر وه‌زیری پێشووی به‌رگری ئه‌مریكا، خاتوو ئه‌ڤین باگدوهانیش، د. كه‌نداڵ نه‌زان، د. ده‌یڤید فیلیپس و د. غازی زێباری، هێمن عوسمان و كاوه‌ نه‌جیم تیمی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ی كورد له‌ واشنتن پێكدێنن.

No comments: