Archive

Saturday, March 18, 2006

كۆنگره‌ی 13ی حیزب لوتكه‌ی ئاڵوگۆڕه جیددییه‌كان


كۆنگره‌ی 13ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سه‌ر له به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه ڕێكه‌وتی 13ی پووشپه‌ڕی 1383ی هه‌تاوی، به‌رامبه‌ر به 3ی مانگی جولای 2004ی زایینی پاش 5 ڕۆژ كاری به‌رده‌وام، ئێوارێ ڕۆژی چوارشه‌ممه 17ی پووشپه‌ر، به سه‌ركه‌وتنه‌وه كۆتایی به كاره‌كانی هێنا1.
كۆنگره له قۆناخێكی گرینگ و ناسك و هه‌ستیاری مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی میلله‌ته‌كه‌ماندا پێكهات. پێویست بوو وه‌ڵامی زۆر مه‌سه‌له‌ی جیددی و سه‌رده‌میانه بداته‌وه‌ و خۆی له‌گه‌ڵ بارودۆخی نوێی نێوخۆ، ناوچه‌كه‌ و دونیا ڕێكخات و له‌و ده‌رفه‌تانه‌ی كه بۆ به‌ره‌وپیش بردن و وه‌دیهێنانی ئاوات و ئامانجه‌كانی گه‌لی كورد هاتوونه پێش كه‌ڵكی پێویست وه‌رگرێت.

دیاره زۆر پرس و بابه‌ت له كۆنگره‌دا هاتنه ئاراوه و پاش لێدوان و هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد و ژیرانه له‌لایه‌ن به‌شداربووانی كۆنگره‌وه، په‌سندكران. هه‌ر كام له‌ و بڕگه و بابه‌ته په‌سه‌ندكراوانه‌ نرخ و بایه‌خی خۆیان هه‌یه و پێویست ده‌كات لێكۆلینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكرێت و به‌رز بنرخێندرێن و گرینگی‌یان بۆ بیروڕای گشتی شی بكرێته‌وه و وه‌كو داهێنانی مۆدێڕن و سه‌رده‌میانه‌ی تێكۆشه‌رانی دێموكرات له مه‌یدانی خه‌باتی میللی دێموكراتیكی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا، بخرێته به‌ر چاوی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و حیسابیان بۆ بكردرێت و به قازانجی گه‌شه‌پێدانی هه‌رچی پتری بزووتنه‌وه‌ی حه‌‌قخوازانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕاكێشانی چڕتر و به‌ربڵاوتری چین و توێژی ڕووناكبیر و خوێنده‌واری كۆمه‌ڵگه بۆ نێو جه‌رگه‌ی تێكۆشانی به‌كردوه كه‌ڵكی لێوه‌رگیرێت.

گۆرینی دروشمی ستراتژی حیزب له"دێموكراسی بۆ ئێران خودموختاری بۆ كوردستان" بۆ "دابینكردنی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی گه‌لی كورد له چوارچێوه‌ی ئێرانێكی دێموكراتیكی فیدراڵی‌دا" پاش تێپه‌ڕبوونی 59 ساڵ له خه‌باتی سه‌خت و دژواری حیزبه‌كه‌مان له‌پێناوی وه‌دیهێنانی ئازادی و ڕزگاری بۆ گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان گرینگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه و جێگای تێڕامان و ئاوڕلێدانه‌وه‌ییه.

به‌خشینی ڕوخسار و ناوه‌ڕۆكێكی كوردستانی‌تر به سیما و جه‌وهه‌ری حیزب ده‌ستكه‌و‌تێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ییه كه بێ گومان ڕۆله‌كانی گه‌لی كورد بایه‌خی بۆ داده‌نێن و به ڕێزه‌وه بۆی ده‌ڕوانن. له‌م باره‌وه ده‌توانین ئاماژه به‌ پێڕه‌وی‌ نێوخۆی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران مادده‌ی‌ دووه‌م (ئه‌ندامانی‌ حیزب) بده‌یین كه ده‌ڵێت: "...كوردی‌ به‌شه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان ده‌توانن له‌ ڕێكخراو‌ و ئه‌نجومه‌نه‌كانی‌ لایه‌نگری‌ حیزبی‌ دێموكرات دا ببنه‌ ئه‌ندام‌ و ئه‌گه‌ر زیاتر له‌ 5 ساڵ‌ له‌ كوردستانی‌ ئێران ژیان، ببنه‌ ئه‌ندامی‌ حیزب.2"
ئه‌مانه و زۆر ئاڵوگۆڕی دیكه شایانی ئاوڕلێدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و شرۆڤه‌كردنن و پێویسته له باری ڕامیاری و هزرییه‌وه بایه‌خیان بۆ دابندرێت و له‌سه‌ریان بنووسرێت و پتر شی بكرێنه‌وه، تاكو به‌رهه‌م و قازانجه‌كانی له قۆناخی ئێستا و داهاتوودا پتر خۆ ده‌رخات و به دره‌وشاوه‌یی بمێنێته‌وه.

خاڵێك كه ده‌خوازم له‌م وتاره‌دا ئاوڕی لێبده‌مه‌وه‌ و به‌رز بینرخێنم و به ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره و زێڕینی خه‌باتی حیزبی لێك بده‌مه‌وه، پراكتیزه‌كردنی به‌ندێكی پێره‌وی نێوخۆی حیزبه كه له كۆنگره‌ی 11ی حیزب‌دا كه پاییزی ساڵی 1376ی هه‌تاوی به‌رانبه‌ر به 1997ی زایینی له كوردستان به‌سترا، له‌سه‌ر داوا و پێشنیاری به‌ڕێز مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده سكرتێری پیشووی حیزبی دێموكرات هاته كایه‌وه‌ و به‌دوایی باس و خواستێكی زۆردا له كۆنگره‌‌دا په‌سه‌‌ندكرا. ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی دوو ده‌وره سكرتێری به‌دوایی یه‌كدایه.له پێره‌ی نێوخۆی حیزب"مادده‌ی‌ ده‌یه‌‌م: كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌" هاتووه كه: "...هیچ كه‌س زیاتر له‌ دوو كۆنگره‌ی‌ به‌دوای‌ یه‌كدا وه‌ك سكرتێری‌ گشتی‌ هه‌ڵنابژێردرێ‌3."

ئه‌م مه‌سه‌له ڕه‌نگه بۆ جیهانی پێشكه‌وتوو و گه‌شه‌سه‌ندوو له بواره‌كانی ئابووری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆشنبیری ڕۆژئاوا، كه ده‌یان ساڵه سیسته‌می دێموكراسیانه‌ی تێدا بونیاد نراوه و هه‌موو كه‌س له ئاست یاسادا به‌رانبه‌ر و به‌رپرسیاره و مافی وه‌كویه‌ك له ئاست یاسادا بۆ ده‌سه‌ڵات‌دار و بێده‌‌سه‌ڵات مسۆگه‌ر كراوه و ئازادی تاك و هه‌ڵسووڕانی ڕێكخراوه پیشه‌یی و مه‌ده‌‌نی و دێموكراتیك و جه‌ماوه‌رییه‌كان و زه‌خت و زۆری ئاشكرای ئه‌وان بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری له كه‌س شاراوه نییه، شتێكی ئاسایی و بچووك بێت و نه‌بوونی به خاڵێكی لاواز بێته‌ ئه‌ژماردن. به‌ڵام وه‌ها دیارده‌یه‌ك بۆ بزووتنه‌وه‌ی كوردستان ـ ئه‌‌ویش له قۆناخی سه‌خت و دژواری خه‌باتی شاخدا ـ وه‌رچه‌ڕخانێكی گرینگی دێموكراسیانه‌ییه كه له زۆر ڕوانگه‌وه ده‌كرێت شی بكرێته‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێت.

زیندوونه‌بوونی بیروڕای گشتی له‌مه‌ڕ ئاڵوگۆڕه‌كان، ڕووداو و كاره‌ساته‌كان، جێگیربوونی درێژماوه‌ی سیسته‌می تۆتالیتێر و سه‌ره‌ڕۆ و پێشێلكردنی ئاشكرا و به‌رده‌وامی مافه‌كانی مرۆڤ و لاوازی و به‌ستراوه‌یی ناوه‌نده ڕۆشنبیری و كه‌لتوری و مه‌ده‌نییه‌كان و نه‌بوونی چاپه‌مه‌نی و مێدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆی شوێندانه‌ر له‌سه‌ر بیروڕای گشتی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و دینی... هتد، پتر گرینگی پراكتیزه‌كردنی ئه‌م بڕیاره‌مان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه.

لایه‌نێكی پڕبایه‌خی دیكه كه ده‌كارین هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه له ناوچه‌ی سه‌ره‌كی تێكۆشانی ئێمه‌دا سه‌ر‌جه‌م چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ستراوه به ده‌سه‌ڵاتی سیاسین و هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری به‌هێزتر ده‌بێت جێگه و پێگه‌ی توێژه جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵ له‌قتر و له‌رزۆكتر ده‌بن و له ئاكامدا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری وه‌رچه‌خانه سیاسییه‌كان، وه‌رچه‌رخانێكی نادێموكراتیكن و ئێمه ڕۆژانه‌ ئاكامی ناله‌باری ئه‌م وه‌رچه‌رخانانه به كردوه له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بینین. سه‌ره‌ڕۆیی تاكی سیاسی ده‌سه‌ڵاتداری كوردی و خۆتێهه‌ڵقورتاندنی له‌و بابه‌ت و پرس گه‌‌لانه‌ی كه ڕاسته‌وخۆ پێوه‌‌ندی‌‌یان به‌وه‌وه نییه و بردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری مه‌سه‌له‌كان و گرێدانه‌وه‌یان به نوخبه‌كانی سیاسی‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌وه له مه‌یدانی سیاسی كوردستاندا ڕۆژانه به چاو ده‌بیندرێن و توێژی خوازیاری گۆڕان به‌ره‌و مه‌ده‌نییه‌ت به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت.

به سه‌رنجدان به‌ وه‌ها بارودۆخێك په‌سندكردنی ته‌نها دوو ده‌وره سكرتێری له دوو كۆنگره‌ی به‌دوای یه‌كدا خاڵێكی گرینگ و ده‌ستكه‌و‌تێكی پڕبایه‌خی سیاسییه بۆ به‌ره‌ی دێموكراسیخوازی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و به حه‌ق بۆ ئه‌وه ده‌شێت كه له‌ناو هێزه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا پراكتیزه بكرێت.

درێژه‌ی هه‌یه...

ژێده‌ر:
1. به‌یاننامه‌ی كومیته‌ی ناوه‌‌ندی حدكا،18ی پووشپه‌ڕی 1383ی هه‌تاوی، به‌رامبه‌ر به 8ی جولای 2004ی زایینی.
2.به‌رنامه‌ ‌و پێڕه‌وی‌ نێوخۆی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، په‌سندكراوی‌ كۆنگره‌ی‌ سێزده‌یه‌م، 13 تا 17ی‌ پووشپه‌ڕی 1383، (3 تا 7ی جولای 2004ی زایینی).
3.

No comments: