Archive

Wednesday, November 9, 2011

د. به‌رهه‌م پێشوازی له‌ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و نوێنه‌ری باڵیۆزخانه‌و بازرگانان و دۆستانی گه‌لی كورد كرد



وێنە: دوکتور بەرهەم‌و قوباد تاڵەبانی

سه‌ر له‌ئێواره‌ی رۆژی 8 /11 /2011 له‌واشنتۆن د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌گای نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ت پێشوازیكرد له‌ژماره‌یه‌كی زۆر له‌كه‌سایه‌تی سیاسی و نوێنه‌رانی باڵیۆزخانه‌كان و ئه‌كادیمی و بازرگان و دۆستانی گه‌لی كورد له‌ئه‌مریكاو به‌شێك له‌دانیشتوانی كورد له‌و وڵاته‌دا.

وێنە: رەحیم رەشیدی‌و دوکتۆر بەرهەم

سه‌ره‌تا قوباد تاڵه‌بانی به‌خێرهاتنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رجه‌م میوانه‌كانی كردو وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد، پاشان د. به‌رهه‌م ساڵح وێرای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی به‌ كۆبوونه‌وه‌كه؛‌ باسی له‌گرنگی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا كردو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌جێگه‌ی خۆشحاڵیه‌ ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم خاوه‌نی نوێنه‌رایه‌تی خۆیه‌تی و له‌شه‌قامێكی سه‌ره‌كی واشنتۆندا ئاڵای كوردستان ده‌شه‌كێته‌وه‌. وه‌ك د. به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی پێكرد ئه‌مه‌ش به‌ری هه‌وڵ و ماندوبوونی دڵسۆزان و دۆستانی گه‌لی كورده‌، له‌هه‌مان كاتدا ده‌ستخۆشیشی له‌ نوێنه‌ری حكومه‌ت و ته‌واوی ستافی نوسینگه‌كه‌ كرد بۆ كارو چالاكیه‌كانیان.
پاشان سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم باسی له‌دۆخی سیاسی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان كردو ئاماژه‌ی به‌و گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنه‌دا كه‌ له‌گشت بواره‌كاندا به‌ده‌ست هاتووه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌زعی سیاسی له‌كوردستان رونیكرده‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگ و گرفته‌كان، هه‌نگاوی گه‌وره‌مان بڕیوه‌ به‌ره‌و بونیاتنانی ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو، له‌م باره‌یه‌وه‌ وتی: هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێت ئێمه‌ له‌چ رۆژگارێك ده‌ستمان به‌كاركردن كرد و ئێستاش گه‌یشتوینه‌ته‌ چ قۆناغێكی گه‌شه‌سه‌ندن و ئاوه‌دانی، ئێمه‌ هه‌رگیز ناڵین ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستمان هێناوه‌ جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك و خۆشمانه‌، چونكه‌ پێمان وایه‌ هاوڵاتیانی كوردستان شایسته‌ی خزمه‌تی زیاترن، به‌ڵام به‌ به‌راوردكردنی ئه‌مڕۆمان له‌گه‌ڵ چه‌ند ساڵێكی پێش ئێستا، ده‌بینین هه‌نگاوی گه‌وره‌مان بڕیوه‌.
هه‌ر له‌درێژه‌ی وته‌كه‌یدا د. به‌رهه‌م ساڵح رونیكرده‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان ئێستا هۆكارێكی سه‌ره‌كی ئاشته‌وایی و ئارامیه‌ له‌ناوچه‌كه‌داو رۆژ دوای رۆژیش په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ ده‌چێته‌ قۆناغی باشتره‌وه‌، له‌ئاستی ناوخۆش سه‌ره‌ڕای به‌رقه‌راری ئه‌من و ئاسایش، له‌بواری ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاریشه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌مان به‌ده‌ست هێناوه‌و به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی تری عیراق ئاستی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و چالاكی ئابووری و بازرگانی جیاوازیه‌كی به‌رچاوی هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای ده‌سه‌كه‌وته‌كانیش پرۆسه‌ی چاكسازی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داخوازی و خواستی خه‌ڵكیش به‌رده‌وامه‌، چونكه‌ بڕوامان وایه‌ ژینگه‌ی سیاسی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی كه ‌كوردستانیش به‌شێكه‌ تیایدا پێویستی به‌چاكسازی و گۆڕانكاری پێویسته‌.
وێنە: پوول بریمەرو رەحیم رەشیدی

هه‌ر له‌م كۆبونه‌وه‌ فراوانه‌دا كه‌ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌دۆستانی گه‌لی كورد تیایدا ئاماده‌بوون، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم باسی له‌وه‌كرد كه‌كوردستان بازارێكی گرنگی وه‌به‌رهێنان و سه‌ره‌مایه‌گوزاریه‌و به‌پێی ئاماره‌كان قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی ئێستا نزیكه‌ی 16 ملیار دۆلاره‌، به‌مه‌به‌ستی هاندانی سه‌رمایه‌ی ده‌ره‌كیش كه‌ڕوو له‌كوردستان بكات چه‌ندین كارئاسانی قانوونی پێشكه‌شكراوه‌و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كۆمپانیای بیانی له‌كوردستان كارده‌كه‌ن و ساڵانه‌ش چه‌ندین پیشانگای نێوده‌وڵه‌تی به‌هه‌ماهه‌نگی كه‌رتی تایبه‌تی خۆماڵی و ده‌ره‌كی ئه‌نجام ده‌درێن.
له‌دوا ته‌وه‌ری ئه‌م كۆبونه‌وه‌ فراوانه‌دا سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند: بۆ ئاوه‌دانی بوژانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان پێویستمان به‌هاریكاری و پشتیوانی دۆسته‌كانمان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین باشتر خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆمان بکه‌ین و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا داوایكرد كه‌هه‌ر یه‌كێك له‌جێگه‌ی خۆیدا رۆڵی هه‌بێت و هاوكاری هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشكه‌وتنی كوردستان بێت.
راپۆرت: نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئامریکا

No comments: