Archive

Monday, August 4, 2014

کۆچی دوایی کاک مستەفا شاریکەندی


هاونیشتمانانی بەرێز
کوردستانیانی تێکۆشەر
ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە پێتان رادەگەیەنین کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی ئاگوستی ٢٠١٤ی زایینی، هاورێی خۆشەویست و کادری دێرینی حیزبەکەمان کاک مستەفا شاریکەندی، ناسراو بە هاوار، بە هۆی نەخۆشییەکی کوتوپڕ کۆچی دوایی کرد و دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
کاک هاوار شاریکەندی رێکەوتی ١١ی سێپتامبری ١٩٦٠ی زایینی لە گوندی خەلیفلیانی سەر بە نەغەدە چاوی بە دونیا هەڵێناوە و هەر بە منداڵی بنەماڵەکەیان چوونەتە شاری مەهاباد.
کاک مستەفا شاریکەندی هەر لە سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێرانەوە لە ساڵی ١٩٧٩دا، هاتە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ناوبراو بەو پەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە خەباتی کرد و تاکوو دواین ساتەکانی ژیانی ئەندامی دڵسۆزی حیزبی دێموکڕات مایەوە.
هاورێ هاوار، ساڵی ١٩٩٩ وەکوو پەناخواز چوە تورکیە و لە ساڵی ٢٠٠٣ دا لە شاری لوس ئانجلێسی ولایەتی کالیفورنیای ئەمریکا گیرسایەوە و لەو ماوەش دا وەکوو ئەندامێکی دڵسۆز و بە دیسیپلینی حیزبی کاری کرد. ئەو باوەرێکی قوڵی بە خەباتی کوردایەتی هەبوو. ئەو مرۆڤە مەزنە کەسێکی دڵپاک، دڵسۆز و روو خۆش بوو کە بەردەوام هاورێیانی حیزبی بۆ یەکیەتیی و تەبایی و یەکگرتوویی تەشویق دەکرد.
کاک مستەفا ئاواتی ئەوە بوو کە بگەرێتەوە کوردستان و تەنانەت لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووش دا ئامادەکاری ئەوەی کردبوو کە بە یەکجاری بگەرێتەوە باشوری کوردستان و لەوێ نیشتەجێ بێ، تەنانەت کاک مستەفا بە هۆی باوەری قوڵی بە خەبات و رێبازی حیزبی دێموکرات، دوو کوڕی خۆی بردبوەو نێو ریزەکانی حیزب بۆ ئەوەی وانەی کوردایەتی و ئازایەتی فێر بن و لە کولتوور و نەریتی شۆرشگێری دانبەرێن.
بەداخەوە مەرگ مەودای کاک هاواری نەدا کە ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان و زێدەکەی خۆی بە چاو ببینێتەوە.
کاک هاوار کوری گەورەی شەهید مەلا کەریم شاریکەندی پێشنوێژی مزگەوتی مەولەوی شاری مەهاباد بوو کە ناوبراو ساڵی ١٩٨٠ بە هۆی کوردایەتی تیرۆر کرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە لە دەستدانی کاک مستەفا شاریکەندی کادرێکی بە ئەزموون و فیداکار و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کەسایەتیەکی نیشتمانپەروەریان لە دەست دا.
کۆمیتەی حیزب لە ئەمریکا بەم بۆنە تاڵەوە پرسە و سەرەخۆیی لە بنەماڵەی کاک هاوار و سەرجەم خەڵکی کوردستان بە گشتیی و تێکۆشەرانی دێموکڕات بە تایبەتی دەکات و خۆی لە خەمی لە دەستدانی ئەم کادرە تێکۆشەرەدا بە شەریک دەزانێ.
ناوو یادی کاک مستەفا شاریکەندی بە زیندوویی لە دڵمان دا دەمێنێتەوە و رێگاکەی تاکوو سەرکەوتنی یەکجاری نەتەوەکەمان رێگای خەباتمان دەبێ.
رۆحی کاک مستەفا شاد
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئەمریکا

No comments: