Archive

Wednesday, January 23, 2019

مستەر کورد !




شێروان تالیب

ترەمپ ھەر ئەوەندە بە ڕەحیمی ڕەشیدی وت ( مستەر کورد ) ، ئیتر بەشێک لە میدیای ئەمریکی کردیان بە باس و ھەندێکیشیان کردیان بە ڕووداو !
دەستەواژەی مستەر کورد بەڕادەیەک بەری بڵاو بوو ، سایتێکی ئەمریکی نازناوی ( پیاوی ساڵ )ی بە خاوەنەکەی کە ئاغای ڕەشیدیە ، بەخشی ! 
سەرۆک بارزانی لە بەھای مستەر کوردەکەی زاری ترەمپ چاک تێگەیشت ، ھەربۆیەش لە بارەگای بارزانی پێشوازی لە ڕۆژنامەنووس ڕەحیمی ڕەشیدی کرد ، کەچی میدیاکانی کوردستان بەقەد کلیپە چاوەڕوانکراوەکەی ( خدر بێگەلاسی ) پێشوازییان لێنەکرد ! 
لە ڕەحیمی ڕەشیدی بگەڕێن کێیە و بۆ کامە تەلەفزیۆن کار ئەکا ، گرنگ ئەوەیە کابرا بە کوردی قسە ئەکا و نازناوەکەشی بۆ زۆرێک دڵتەقێن بوو !
ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسێکی عەرەبم لەسەر مستەر کورد بینی کە تیایدا بە ئاخ و داخەوە ئەیووت : باشە بۆچی ترەمپ ئا بەو گەورەییە باسی کورد ئەکا کەچی باسی ئێمەی عەرەب ناکا ؟! 
جا ئەبوو بۆ ئێمەی کورد ، مستەر کورد ، تەنیا ڕاپۆرتێکی داماو ، یان ھەواڵێکی کەساس ، یاخوود ژێرنووسێکی فەقیرۆکە نەبێ ، بەڵکو کەیس بێ ، کەیسێکی ئیعلامیش نا ، سیاسیی و بگرە ئابوورییش ! ئەمما کێ بیکا ؟!
ئاخر ھەر ( مەسئول ) ێک لە گەورەبوونی کادری ژێردەستی خۆی ترسا ، دەستی لێ بشۆ ، بەرھەمی نابێ !
ھەر ( ئامر ) ێکیش لە ناو و ناوبانگی مەئمورەکەی تۆقی ، ئیتر لە ژێر سێبەرەکەیدا ، جگە لە دڕک ، ھیچی دی شین نابێ !
میدیای پێشکەوتوو ، لەھیچەوە ئەستێرە دروست ئەکا ،،،
ھی پاشکەوتووش ، سەری ئەستێرەکانی خۆی کز ئەکا و بۆی ھەیە بیشیانبڕێ .

No comments: