Archive

Wednesday, April 29, 2020

ئۆجەلان: بەپێی پەیمانە 10خاڵییەکەمان لەگەڵ ئیدریس بارزانی پێویستە خوێنڕێژی نەبێت.


رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بەپێویستی دەزانێت بەپێی پەیماننامەیەک کە لەساڵی 1982 لەگەڵ ئیدریس بارزانی واژۆکراوە و 10 خاڵ لەخۆدەگرێت، ئیدی لە نێوان کورد، خوێنڕشتن و شەڕ دروست نەبێت. هەروەها لەبارەی گرژییەکانی زینی وەرتێشەوە داوا لە پارتی و یەکێتی و پەکەکە دەکات یەکێتی نەتەوەیی بە بنەما بگرن.
عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان رۆژی 27-4-2020 بە تەلەفۆن بۆ ماوەی 25 خولەک لەگەڵ محەممەد ئۆجەلانی برای و خانەوادەکەی قسەیکردووە. ئۆجەلان لە قسەکانیدا تیشکی خستووەتەسەر پرسە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەت کێشەی زینی وەرتێ و چەند پەیامێکی بۆ قەندیل و بۆ پارتی و یەکێتیی ناردووە.
محەممەد ئۆجەلان لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەوە بە میدیای پەکەکەی راگەیاندووە، لەگەڵ عومەر ئۆجالانی کوڕی کە پەرلەمانتارە، پارێزەرێک و دوو پەرلەمانتاری هەدەپە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیان ئەنجامداوە کە لەلایەن داواکاری گشتییەوە رێکخراوە و تەنیا رێگە بەو دراوە قسەبکات. محەممەد ئۆجالان گوتی: "دوای 21 ساڵ ئەمە یەکەمجارە ئەو مافەمان پێبدرێت بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بکەین. پەیوەندییەکەمان ماوەی 20 بۆ 25 خولەک دەبوو و، کاتێک بە تەلەفۆن دەنگی سەرۆکم بیست زۆر دڵخۆش بووم".
ئۆجەلان سەرەتا باسی دۆخی تەندروستیی خۆی بۆ کردووە و گوتوویەتی " دۆخی تەندروستیم باشە، بەڵام لە رۆژانی داهاتوو چ دەبێت نازانم".
محەممەد ئۆجەلان دواتر باس لەوە دەکات کە ئۆجالانی لە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی زینی وەرتێوە ئاگادارکردووەتەوە و لەبەرامبەردا ئۆجەلان گوتوویەتی: "ئەم سیاسەتە شەڕی کورد بە کورد دروستدەکات و کورد بە دەستی کورد دەداتە کوشت، کورد هیچ قازانجێک لەمە ناکات، هیچ قازانجێکیشی بۆ گەلی تورکیا نییە، پێویستە نە پارتی و نە یەکێتی و نە هیچ بزووتنەوەیەکی کورد نەکەوێتە ئەو حسابە کە پێیوابێ شەڕ دەکات و لە بەرامبەر ئەمەش دەوڵەتیان دەدەنێ ، ئەمە نابێت و قبوڵ ناکرێت، پێویستە یەکێتی نەتەوەیی بە بنەما بگرن".
ئۆجەلان بە ئاماژەدان بەوەی پێویست بوو 40 ساڵە یەکێتی کورد دروست ببوایە، گوتی: "ئەوانەی لەوێ دەژین کوردن، ئەگەر خوێنێک بڕژێت کەس ناتوانێت لەژێر بەرپرسیارێتیی دەربچێت، ئەم پەیامەم هەم بۆ قەندیل و هەم بۆ حکومەتی هەرێمە، هەروەها پەیامێکە بۆ بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، بۆ کەسایەتییەکان و هەموو ئەوانەی لە باشوور دەژین، کورد پێویستی بە شەڕ و خوێنڕشتن نییە، پێویستییان بە یەکێتییە، کورد پێویستی بە "ئێرە بۆ من و ئەوێ بۆ تۆ" نییە، کورد پێویستی بە ئاشتی و یەکێتییە، بە باوەڕم پەیامی گەورە ئەمەیە".
پەیماننامەی ساڵی 1982 لەنێوان ئیدریس بارزانی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان
محەممەد ئۆجەلان، هەروەها باس لەوەدەکات کە رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە قسەکانیدا باسی پەیمانە 10 خاڵییەکەی ساڵی 1982 ـی کردووە کە لەگەڵ ئیدریس بارزانی واژۆکراوە و گوتوویەتی: "بەپێی پەیمانەکە پێویستە ئیدی لە نێوان کورد، خوێنڕشتن و شەڕ دروست نەبێت. حکومەتی باشوور، بنەماڵەی بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم، خانەوادەی تاڵەبانی کە پشتیوانی حکومەت دەکات و جەلال تاڵەبانی پەیمانەکەیان قبوڵکردووە".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بۆ قەندیل و پارتی و یەکێتی گوتوویەتی: "چی دیکە خوێنڕشتن لەناو کورد قبووڵ ناکرێت، هەم گەل و هەم ئێمەش قبووڵی ناکەین. ئەگەر کەموکورتییەکیش هەبێت، پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و ئاشتی پێکبێت، رێگەی یەکێتی کورد لە رۆژهەڵات، باشوور، رۆژئاوا و باکوورەوە تێدەپەڕێت، پێویستە ئیدی کورد لە شوێنێک یەکبگرنەوە و کێشەکانی نێوانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن، کەسێکیش ئەمە بکات، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و هەڤاڵانی قەندیلن، هیوای گەلی کورد و ئێمەش ئەوەیە خوێنێک لەنێوان کوردان نەڕژێت".
"دۆخی رۆژئاوای کوردستان نە باشە و نە خراپە"
سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتوویەتی: "ئەوەندەی دەبیستم دۆخی رۆژئاوا نە باشە و نە خراپە، پارتەکانی رۆژئاوا، رێکخستنە دیموکراتییەکانیان گەورە نەکردووەتەوە، زۆر بچووک ماونەتەوە، بەمانە کێشەکان چارەسەر ناکرێت، تا هێز دروست نەبێت چارەسەریی پێش ناکەوێت، بۆ ئەمەش پێویستە رێکخستنێکی باشتر بکرێت، هاوکات پێویستە لە هەر چوارپارچە رێکخستن گەورەتر بکرێت، لە دۆخێکی رێکخراو و بەهێزبووندا چارەسەریی پێشدەکەوێت".
رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵویستی "با دووکانەکەم بچووک بێت هی خۆم بێت" رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "ئەو هەڵوێستە قبووڵ ناکەم، دووکانی بچووک نە بۆ کورد و نە بۆ گەلانی دیکە پێویست نییە، پێویستە دووکانەکە گەورە بێت و نوێنەرایەتیی هەموو کەسێک بکات، ئەم دووکانە هی نەتەوە و ئایینێک نییە بە تەنیا، پارتەکەمان هیچکات ئەمە قبووڵ ناکات".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە درێژەی قسەکانیدا پێیوایە لەناو ئەو هێزانەدا، "هەندێک کەس بەدروستی سەیری من ناکەن، جیهان 50 ساڵە دەبینێت چی دەکەم، من و هەڤاڵانی هاوڕێم، لە ژوورە تاکەکەسییەکانماندا ئەوەی لە دەستمان دێت، بە باشی بۆ هەڤاڵانمان دەیکەین. ئەوەی بە دروستی لە من ناڕوانێت لەناو خیانەتدایە، ئەمە راست نییە و قبوڵ ناکرێت، هەموو شتێک روونە، شتێک بۆ شاردنەوە نییە، ئەوەی هەیە کێشەیەکی گەورەیە و پێویستە هەموو کەسێک بۆ ئەمە بەشێوەیەکی راست تێبکۆشێت".
ئۆجەلان هەروەها بەهێزبوون و دروستکردنی هێز بەپێویست دەزانێت بۆ رێگریی لە خوێنڕشتن و دەڵێت: "لە مەیاندا خوێنێک هەیە کە دەڕژێت، ئەگەر تۆ ببیتە هێز دەتوانیت پێش لە رشتنی ئەم خوێنە بگری، بۆیە هەر کەسێک پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە تێبکۆشێت و تێڕوانینی ئەمە بێت".

No comments: