Archive

Sunday, April 19, 2020

ئەمەریكا 508 ملیۆن دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دەداتە وڵاتان


وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا ئاشكرای كرد، وڵاته‌كه‌ی‌ بڕی 508 ملیۆن دۆلار وەك ھاوكاری دەداتە پتر له‌ 100 وڵات، بۆ ئه‌وه‌ی باشتر بتوانن رووبه‌ڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببنه‌وه‌. به‌شێك له‌و یارمه‌تیانه‌ پێشكه‌ش به‌ وڵاته‌كانی وه‌كوو، عێراق، توركیا، لوبنان، سوریا، یه‌مه‌ن، ئه‌فغانستان، فه‌له‌ستین كراوە.
بەگوێرەی داتاكان عێراق لە وەرگرتنی پارەكە پشكی شێری بەركەوتووە و 25 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. هه‌روه‌ها وڵاتانی سوریا و ئه‌فغانستان هه‌ر یه‌كه ‌و بڕی 18 ملیۆن دۆلاریان له‌ رێگای بانكی جیهانی یان رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رپرسانی پله‌ باڵای ئه‌مەریكا و له‌نێویاندا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ چه‌ند جارێك رایانگه‌یاندووه‌، ئامادەن هاوكاوری كۆماری ئیسلامی ئێران بكه‌ن، بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر كۆرۆنادا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران تاكوو هه‌نووكه‌ ئاماده‌ نه‌بوون ھاوكاریەكەی ئه‌مەریكا قبووڵ بكه‌ن.
ئه‌م هاوکارییەی ئه‌مەریكا بۆ وڵاتان، له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ واشنتن هاوكارییه‌ داراییەکانی وڵاته‌كه‌ی بۆ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هه‌ڵپه‌ساردووه‌،‌ ساڵی پار بڕی هاوكاری ئه‌مریكا 400 ملیۆن دۆلار بووه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 15% كۆی داهاتی ئه‌و رێكخراوه‌.
پێشتر تره‌مپ به‌ زمانێكی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز ده‌رباره‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی گوتبووی: "زۆرترین به‌شه‌ بودجەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئێمه‌ دابینی دەکەین، بەڵام کاتێک من قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ و گه‌شته‌كانم راگه‌یاند، ئه‌وان رەخنەیان لە ئێمە گرت. لە ده‌ستپێكه‌وه‌ وه‌كو پێویست بۆ پێشگرتن به بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا كاریان نه‌كردووه‌. ئه‌وان هه‌ر له‌ سەرەتاوه‌ زۆر زانیاریان هه‌بوو، بەڵام هیچ هه‌نگاوێكیان نه‌نا. سەرەڕای ئەوەی بەشی هه‌ره‌ زۆری بودجه‌كه‌یان ئێمە دەیدەین، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌وان له‌ چین نزیک بن".

No comments: