Archive

Thursday, April 23, 2020

داواكاری كۆمه‌ڵێك له‌ پاڕڵمانتارانی كوردستان بۆ ئاشكرا كردنی راستییه‌كانی گرێدراو به‌ كه‌یسی مسته‌فا سه‌لیمی


یادداشتی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار سه‌باره‌ت به‌ كه‌یسی مسته‌فا سه‌لیمی ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا.
لیژنەیەكی پەرلەمانی كە پێكهاتووە لە (ئه‌رشه‌د حوسێن محه‌مه‌د، حكمه‌ت محه‌مه‌د عبوزه‌ید، رزگار عیسا سوار، نزار مه‌لا عه‌بدولغه‌فار، موحسین حوسێن مسته‌فا) و واژۆیان لەسەر یادداشتەكە كردووە، كە ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە.
له‌ ناوه‌ڕۆكی یادداشته‌كه‌دا، كه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ دوای به‌دواداچوونیان بۆ كه‌یسی مسته‌فا سه‌لیمی ئاماده‌یان كردووه‌، هاتووه‌: "وه‌ك لای هه‌مووان روونه‌ كه‌ مسته‌فا سه‌لیمی خه‌ڵكی سه‌قزه‌. تۆمه‌تی كوشتنی پۆلیسێك و ئه‌ندامێتی له‌ حزبێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی له‌سه‌ر بووه‌. ماوه‌ی حه‌ڤده‌ ساڵ له‌ زیندان بووه‌. له‌ رێكه‌وتی 27/3/2020 له‌گه‌ڵ حه‌فتا كه‌س له‌ زیندانی شاری سه‌قز هه‌ڵاتوون".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "مسته‌فا و شه‌ش كه‌س به‌ نهێنی چوونه‌ته‌ بانه‌ و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی بڕیار ده‌ده‌ن بێنه‌ باشووری كوردستان، ئیتر هه‌ندێكیان دێنه‌ باشوور و هه‌ندێكیان خۆیان راده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌، مسته‌فا سه‌لیمی له‌ رێكه‌وتی 2/4/2020
 ده‌ربازی باشووری كوردستان ده‌بێت و ده‌چێته‌ گوندی سیاگوێز سه‌ر به‌ ناحیه‌ی گه‌رمك، په‌یام بۆ كوڕه‌كه‌ی ده‌نێرێت و ده‌ڵێت گه‌یشتمه‌ باشوور، دواتر ده‌چێته‌ مزگه‌وتی گوندی سیاگوێز و چه‌ند كه‌سێكی خه‌ڵكی گوندی له‌وێ بینیوه‌. له‌وانه‌ كه‌سێك به‌ ناوی "سیروان حه‌مه‌ ئه‌مین" و كه‌سێكی دیكه‌ به‌ ناوی "ئیسماعیل تۆفیق" كادیری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، سیروان له‌ رۆژی 2/4/2020 له‌سه‌ر داوای سه‌لیمی په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سێك ده‌كات له‌ سلێمانی كه‌ خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاته‌ و پێكه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ی حدك بوون. سیروان به‌و كه‌سه‌ ده‌ڵێت مسته‌فا له‌ ماڵی ئه‌وانه‌ و له‌ سیاگوێزه‌ و ده‌یه‌وێت قسه‌ت له‌گه‌ڵ بكات. كه‌سه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌لیمی به‌ ته‌له‌فۆنی سیروان قسه‌یان كردووه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ داوای له‌ سیروان كردووه‌، ئاگای له‌ سه‌لیمی بێت تا چاره‌یه‌ك له‌ حاڵی بكه‌ن، به‌ڵام سیروان ناوه‌كه‌ هه‌واڵی هاتنی مسته‌فا به‌ ئاسایش ده‌دات و له‌به‌ر كۆرۆنا ئاگاداریان ده‌كات، كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ هاتووه‌. له‌ رێكه‌وتی 3/4/2020 دووباره‌ سیروان و ئه‌و كورده‌ی رۆژهه‌ڵات قسه‌ ده‌كه‌ن و پێی ده‌ڵێت مسته‌فا ته‌سلیمی ئاسایش ده‌كه‌ن. ئه‌و كورده‌ی رۆژهه‌ڵات، كه‌ له‌ سلێمانی بووه‌ په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ عه‌تا ناسر سه‌قزی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارته‌كه‌ی عومه‌ر ئیلخانی و داوا ده‌كات هه‌وڵ بده‌ن مسته‌فا سه‌لیمی ته‌سلیمی ئێران نه‌كرێت، ئه‌ویش ده‌ڵێت ژماره‌كه‌ی منی پێ بده‌ با له‌ ئاسایشه‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكات و بڵێت من سه‌ر به‌ كۆمه‌ڵه‌م، به‌ڵام ئاسایش مسته‌فا ده‌به‌ن. له‌ رێكه‌وتی 4/4/2020 دووباره‌ كورده‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كه‌ی سلێمانی په‌یوه‌ندی به‌ سروان ده‌كات و له‌ حاڵی مسته‌فا ده‌پرسێت، به‌ڵام ئاسایش بردوویانه‌ بۆ كه‌ره‌نتین بۆ باشماخ، پاشان كورده‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كه‌ی سلێمانی په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ حدكا و حدك ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت مسته‌فا سه‌لیمی لای ئاسایشه‌ و ئه‌و كورده‌ له‌ هه‌موو بابه‌ته‌كه‌ ئاگاداره‌ و ئاماده‌یه‌ شاهێدی بدات".
له‌ یادداشته‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، سه‌لیمی هاتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسراوه‌: "به‌ر له‌ سێداره‌دانی سه‌لیمی به‌رپرسانی زیندان بانگی كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ده‌توانن چاویان پێ بكه‌وێت، له‌ 10/4/2020 كه‌سوكاری سه‌لیمی ده‌یبینن و ئه‌ویش پێیان ده‌ڵێت، كه‌ هاتووه‌ته‌ باشووری كوردستان و له‌وێوه‌ ته‌سلیمی ئێران كراوه‌ته‌وه‌. له‌ رۆژی 11/4/2020 سه‌لیمی له‌سێداره‌ ده‌درێت".

No comments: