Archive

Sunday, January 5, 2014

دووهەمین رۆژی فێستیڤاڵی لاوانی کورد لە ئەمریکا







رەحیم رەشیدی/ فلوریدا

رۆژی شەممە، رێکەوتی چواری یەکی ٢٠١٤، دووهەمین فێستیڤاڵی لاوانی کورد، کاتژمێر ١١ی سەر لە بەیانی دەستی بە کارەکانی کردو لەودا کۆمەڵێک چالاکی هەمە جۆر بەرێوە چوو.
لە دەستپێک دا، باسێک سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن لە کوردستان و گرینگی زانست بۆ پێسکەتن پێشکەش کرا.
بە دوای ئەودا، لە پانێلک دا مەسەلەی کورد لە رۆژهەلاتی ناڤین بە گشتیی و بارودۆخی کوردی رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی تاوتوێ کرا. کۆڕگێران و بەشدارانی فێستیڤال، بە تێکڕا رێکەوتنی کوردەکانی رۆژئاوایان لە هەولێر بەرز نرخاند و داوایان کرد کە کورد بە یەک دەنگ لە کۆنفرانسی ژنێڤی دوودا بەشداری بکات و بە جیددی داکۆکی لە خواستە نەتەوایەتییەکانی کوردی رۆژئاوا بکرێت.
ئینجا باسێک لە لایەن رێکخراوە مەدەنییەکانی کورد لە شوێنە جیاجیاکانی ئەمریکا بەرێوە چوو کە لەودا بەرپرسانی ئەو رێکخراوانە سەبارەت بە ئەزموون و چۆنیەتی تێکۆشانی خۆیان لە ئەمریکا قسەیان بۆ بەشداران کرد و بیروڕایان گۆریەوە.
ئەوجار باسێک لەسەر چۆنیەتی بە دەست خستنی پشتیوانی بۆ پرسی کورد بە گشتیی و یارمەتی کۆ کردنەوە لە ئەمریکا بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان پێشکەش کرد. 
هەروەها کۆمەڵێک تابلۆی هونەرمەندان بۆ فرۆشتن نمایش کران و دواتر لە لایەن ئامادە بووانەوە کڕدران.
لە بڕگەی کۆتایی دا کۆمەڵێک گروپ چەند جۆر هەڵبەرکێ و ڕەشبەڵەکی کوردەواریان پێشکەش کردو گروپی سەرکەوتوو لە نێویان دا هەڵبژێردراو چەند ئاوازو هۆنراوەی کوردیش بۆ پشتیوانی لە خەباتی نەتەوایەتی کورد پێشکەش کرا.
جێگای بە بیر هێنانەوەیە کە فێستیواڵی ساڵانەی لاوانی کورد ،ماوەی پێنج ساڵە، بە بەردەوامی بەرێوە دەچێ. کە هەر جارەو لە ویلایەتێکی ئەمریکا بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک قوتابی و خاوەن بەهرەی کورد پێک دێت و ئامانج لەو کارەش لێک نزیک کردنەوەی کوردانی دەرەوەی وڵات و گرێدانەوەی پتریانە بە کوردستانەوە.

No comments: