Archive

Saturday, January 18, 2014

دیار درەسیم: با هونەرمەندانی باشور دەست لە تێکدانی هونەر هەڵگرن

وێنە: دیار دەرسیم و رەحیم رەشیدی

رەحیم رەشیدی/ ئەمریکا

١- بۆچی ماوەیەکە دیار نیت و بەرهەمت کەمە؟
سیدی نوێم لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا بڵاوبۆتەوە. واتە ئێستا شەش مانگ بەسەر ئەو بەرهەمەدا تێنەپەڕیوە، بەرهەمی نوێشم، بە دەستەوەیە و بەردەوام دەردەکەوم. ئەوە راست نیە کە دیار نەبم. بۆ خۆم ناوم دیارە و بەردەوامیش دیارم.

٢- ئاستی میوزیکی کوردی چۆن دەبینی؟ هەندێک دەڵێن زۆر خراپە چونکە لە ژێر کاریگەری میوزیکی بێگانەدایە بە تایبەتی لە باشوور؟
با هونەرمەندانی باشووری کوردستان کۆتایی بە تێکدانی هونەر بێنن. کاری هونەرمەند بۆ بارودۆخی ئێمە وەکوو کورد دەبێ بریتی بێ لە ئافراندن و داهێنانی باش و شۆڕشگێرانە.
ئەوەی ئەمرۆ لە باشوردا دەبیندرێ لە ژێر کاریگەری بیری کاپیتالیزم و بورژوازی دایە و هەنگاوێکی تێکدەرانەیە. بە تایبەتی هەر کەس راست بویەوە و ئالەتێکی مۆسیقای دەست دایە و گۆڕانیەکی بازاری گوت، ئیدی ئەوە هونەرمەند نیە. ئەتۆ چاو لێبکە، ژن لە هونەری ئەو جۆرە کەسانەدا بوونەوەرێکی بێ بەهایە و بەردەوام بە شێوەیەکی سووک و ناشیرین نیشان دەدرێ و بە وەخت و ناوەخت سەمای پێدەکرێ. ئەویش سەمایەک کە هیچ پێوەندیەکی بە کولتوور و ڕەسەنایەتی کوردە و نیە. هەر بۆیە ئەمن دوپاتی دەکەمەوە کە با هونەرمەندانی باشور واز لەو جۆرە هونەرە بازارییە بهێنن و چیدی هونەری کوردی ئاوا سووک و بێ بەها نەکەن. ژنانی تێکۆشەر و ماف ویستیش دەبێ لە ئاست ئەو سوکایەتی و بێرێزیە هەڵوێست بگرن و چیدی قبوڵی ئەو وەزعە نەکەن. ئەو کارانە هونەری کوردی بێ بەها دەکات بەم جۆرە دوژمن لە پیلانی خۆی دا بۆ شێواندنی رەسەنایەتی کولتوور و هونەری ئێمە سەرکەوتوو دەبێ. کەوایە دەبێ هەموو هونەرمەندێکی خەباتکار و بەرپرس لە ئاست ئەو هونەر شێواندنە بە هەڵوێست دەرکەوێت و مێدیای کوردیش لەو بارەوە چاوخشاندنێک بکات، چوونکە بڵاو کردنەوەی ئەو جۆرە کلیپ و هونەرانە بە زیانی خەباتی یەکسانیخوازانە و نەتەوایەتی ئێمەیە و لە ئاکام دا میللەت باجی قورسی بۆ دەدات.

٣- بۆچی ئێستا زۆر بە کەمی دێییە باشوور و کۆنسێرت ناکەی، ئایا هیچ رێگرییەک هەیە؟
هیچ رێگریەک نیە و بەردەوام سەردانی ئەوێ دەکەم. هەر کاتێکیش دەعوەت کرابێتم، یان دەعوەت بکرێم. ئەوە سەدانی ئەوێ دەکەم. 

٣- تۆ هونەرمەندێکی نزیکیت لە پەکەکە، بەڵام هەندێک کەس پێیانوایە باشترە بۆ هونەرمەند بێلایەن بێت و پروپاگەندە بۆ هیچ حیزبێک نەکات، رات لەو بارەیەوە چییە؟
ئەوە بیر و ئایدۆلۆژیای منە. ئەمن بەو شێوەیە بیر دەکەمەوە و پێم وایە پێکاکا هێزی رزگاری و بەرخۆدانە. لەو بارەوە هیچ کێشەیەک نابینم کە لە پێکاکا نزیک بم. هەر کەس بیر و بۆچوونێکی هەیە و ئەوەش بیر و بۆچوونی منە و سەربەرزم کە لە پێکاکا نزیک بم.

٤- تۆ گۆرانی (پیری مەزن) ت بۆ ئۆجەلان وتوە، تۆ ئۆجەلان چۆن دەبینی؟ کە وێنەکانی ئەم دواییەی ئەوت دیتن و پیری بە رووخسارییەوە دیار بوو هەستت بە چی کرد؟
با سەرەتا ئەوە ڕوون بکەمەوە کە من بۆ خۆم عەلەویم و لە ئایینی مەدا، "پیر"، بە  ماناو  واتای پێشەوا و رێبەر دێت. ئەوە بە مانای "پیر بوون"، نیە. ئەمن ئەو سترانەم بۆ مەزنی ئاپۆ وتوە. ئەو بێ گومان رێبەرێکی بە توانایە و دەورێکی مەزنی لەسەر تەڤگەری رزگاریخوازاەی کورددا هەبوە. ئەمن وەکوو هەر کوردێکی خودان شەرەف کاتێک وێنەکانی ئەم دوایانەی ئاپۆم بینی کە لە گرتووخانەوە بڵاو کرانەوە و سەر و ردێنی سپی ببوو، زۆری پێ ئێشام. جێگای مخابنە کە رێبەرێکی ئەوتۆ لە گرتوخانەدا بێ. ئاپۆ بۆ ئێمە رێبەری ئافراندن و داهێنان و بەرخۆدانە. ئەو ئێمەی فێری ژیانی ئازادیخوانە کرد.

٥- رات بەرامبەر گەڕانەوەی شڤان پەروەر بۆ دیاربەکر چییە؟ زۆر کەس رەخنەیان لێگرت بەڵام زۆر هونەرمەندی دیکەش لەوانە تۆ گەڕایەوە باکور و تورکیا و کۆنسێرتیشت ساز کرد. بۆچی بۆ ئێوە دەبێ بەڵام بۆ شڤان نابێت؟
ئامادە نیم لەو بارەوە قسە بکەم.

٦- بەرهەمی تازەت چییە؟
بەرهەمی نوێم، هەروەکوو باسم کرد، تازە بڵاوبۆتەوە و بۆ داهاتووش لەسەر چەند سترانێک کار دەکەم. با لێرەش دا سوپاسی کۆمپانیای کۆڕەک بکەم کە ئەرکی وەشان و بڵاوکردنەوەی نوێترین بەرهەمی منیان بە ئەستۆوە گرت و بەم بۆنەوە زۆریان سوپاس دەکەم و دەستیان خۆش بێ. هیواخوازم کە لە هاوکاری کردنی هونەرمەندان بەردەوام بن.

٧- بڕیارت نەداوە بە سۆرانی گۆرانی بڵێی؟ پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندانی باشوور چۆنە؟ کەسییان هاوڕێتە؟
پێوەندیم لەگەڵ بەشێک لە هونەرمەندانی باشور هەیە. بۆ وێنە لەگەڵ چۆپی فەتاح، کە ئێستا پێکەوە لە پێنجەمین فێستیواڵی لاوانی کورد لە ئەمریکایین. ئەمن خۆم بە هونەرمەندی هەموو کوردستان دەزانم، بە باشور و باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواوە. لە هەر جێگایەک کورد پێویستی بێ، ئەمن لەوێ ئامادە دەبم و ستران دەبێژم. بە تایبەتی لە هەلومەرجی ئێستادا، بەرخۆدانی کوردەکانی رۆژئاوا بەرز دەنرخێنم و لە ئاست ئەو تێکۆشانە بەرینەیان دا سەری رێز دادەنەوێنم و پێم وایە هەموو مرۆڤێکی خودان قەدر دەبێ داکۆکی و پشتیوانی لە کوردەکانی رۆژئاوا و تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ئەوان بکات، سەرکەوتنی رژئاوا، سەرکەوتنی باکور و باشور رۆژهەڵاتە و پێویستە هەموان بە دڵ و گیان پشتیوانی لێبکەین بۆ ئەوەی کوردی ئەو بەشەی وڵاتەکەمان بە مافی ڕەوای خۆی بگات.

تێبینی:
ئەم وتووێژە بۆ یەکەمجار لە ریکەوتی ١٤ی یەکی ٢٠١٤، لە ژومارە ١٧٣ی حەوتوونامەی “باس”دا، بڵاوکراوەتەوە

No comments: