Archive

Wednesday, January 29, 2014

سەرۆک ئۆباما: سورین لەسەر ئەوەی کە نابێ ئێران چەکی ناوکی هەبێ



رەحیم رەشیدی/ واشنگتن/ باسنیوز

رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٢٨ی جانەڤەری ٢٠١٤، دەمەو درەنگانێکی شەو، سەرۆک ئۆباما لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا، وتاری ساڵانەی خۆی پێشکەش کرد. وتاری ساڵانەی سەرۆک دوو تەوەرەی نێوخۆیی و دەرەکی لە خۆ گرتبوو.
ئابوری:
سەرۆک لە دەسپێکی وتاری ساڵانەی خۆی دا، بە گرینگییەوە باسی بارودۆخی ئابوری وڵاتی کرد و لەسەر هەڵکشانی بارودۆخۆی چینی نێوەندی ئەمریکا پێداگری کرد و هەروەها ئاشکراشی کرد لە ماوەی چوار سالی ڕابردوودا پتر لە هەشت میلیۆن هەلی کاری ننوێ رەخساوە کە  ئەمەش وای کردوە، بازاری کاری ئەمریکا بەرەوپێش چوون بە خۆوە ببینێ.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە نەوت پتر لە نێوخۆدا پاڵێوراوە و کەمتر لە دەرەوە کڕدراوە، کە بە پێی قسەکانی سەرۆک، ئەمە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بێ وێنەیە.
هەر لەم بەستێنەدا، ئۆباما ئاشکرای کرد کە داشکانی بوجەی وڵات، لە سەدا پەنجای، لە خۆ گرتوە، هاوکات ئامریکا بۆ وەگڕخستنی سامان پلەی یەکەمی لە جیهان د اهەیە. ئۆباما باسی لەوەش کرد کە هەوڵدان بۆ ئاسانکرانی لە بواری کۆچبەری دا، دەتوانێ یارمەتی پتر بە گەشەی ئابوری ئەمریکا بکات.
ژنان:
خالێکی دیکەی جێگای سەرنج لە وتاری ساڵانەی سەرۆک ئۆبامادا، بایەخدان بوو بە بارودۆخی ژنان و ناوبراو وتی کە بۆ ئێمە شەرمەزارییە لە ساڵی ٢٠١٤دا مووچەی ژنان کەمتر لە ئی پیاوان بێ و داوای کرد کە هەموو لایەک بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە تێبکۆشن، چوونکە بە قسەی سەرۆک ئۆباما، سەرکەوتنی ئافرەتان بە مانای سەرکەوتنی ئامریکایە.
ئەفغانستان:
ئۆباما شەری ئەفغانستانی وەکوو درێژترین شەری مێژووی ئەمریکا ناو بردو راگەیاند ئەگەر پەیماننامەی ئاسایشی نێوان ئەمریکاو ئەفغانستان مۆر بکرێ، ئەوە سپای ئەمریکا بە تەواوەتی ئەو وڵاتە جێدەهێڵێ. بەڵام  وتی کە ئامریکا یارمەتی و راهێنان بە ئەرتەشی ئەفغانستان دەکات. ئۆباما رایگەیاند کە هەرگیز ئیزن نادەن تیرۆریستان پەلاماری ئەمریکا بدەن و دوپاتی کردەوە کە بۆ لە نێو بردنی تیرۆریزم تێدەکۆشن.
سوریە:
تەوەرەیەکی دیکە وتاری سەرۆک ئۆباما پەرژابوە سەر شەری سوریەو سەرۆک ئاشکرای کرد کە لە نێوبردنی چەکە کیمیاوییەکانی ئەسەد لە رێگای دیپلۆماسی و بە هەرەشەی هێڕشی چەکداری سەری گرتوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا یارمەتی ئەو بەشە لە هێژە بەرهەڵستکارەکانی ئەسەد دەکات کە لە تیرۆرەوە نەگلاون و تیرۆر رەد دەکەنەوە.
ئێران:
سەرۆکی ئەمریکا لە وتاری ساڵانەی خۆی دا، لە بارەی ئێرانەوە باسی لەوە کرد کە لە رێگای دیپلۆماسی و بە خستنە ژێر گوشار، ئەو ئەو وڵاتەیان ناچار کردوە کە پاشەکشە لە بەرنامە ناوکیەکەی بکات. بە پێی قسەکانی ناوبراو ئەمە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بێ وێنەیە. سەرۆک هەروەها درێژەی دایەو وتی کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هەوڵ دەدەن کە گرفتی ناوکی ئێران لە رێگای دیالۆگەوە چارسەر بکرێ و رێگا نادەن تاران ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی، ئەو نەیشاردەوە کە دانوستاندن لەگەڵ تاران دژوارە، بە تایبەتی کە ئێران بە ئاشکرا پشتیوانی لە تاقمە تیرۆریستیەکان، یەک لەوان حیزبوڵای لوبنان دەکات، کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا. ئۆباما هەروەها ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دەبێ دونیا لەوە دڵنیا بکاتەوە کە بەرنامەی ناوکی خۆی بە تەواوەتی ڕاگرتوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئۆباما داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد کە سەزای نوێی ئابووری بەسەر تاران دا نەسەپێنن. ناوبراو ڕایگەیاند کە لە پێناو ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، هەوڵەکانی کۆنگرێس بۆ پەسەند کردنی سەزای نوێی ئابوری بەسەر ئێران دا وتۆ دەکات و ڕایدەگرێ. بە قسەی ئۆباما دەبێ رێگای تەواو بە دیپلۆماسی بدرێ و نابێ کارێک بکرێ کە هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بەلارێدا بچن...
شیاوی باسە کە وتاری ساڵانەی سەرۆکی ئامریکا، دەرەتانێکە بۆ ئەوەی راپۆرتێک لە بارەی کێشەو گرفتەکانی وڵاتەوە پێشکەش بکرێ و بەرنامە سیاسیی و ئابورییەکانی دەوڵەت شی بکرێنەوە. لە کاتی وتاری ساڵانەی سەرۆکی ئەمریکادا، ئەندامانی دیوانی بەرزی دەوڵەت، ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و کۆنگرێس، لە هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆماری، بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن...

No comments: