Archive

Sunday, January 5, 2014

فێستیڤاڵی لاوانی کورد لە ئەمریکا دەستی پێکرد.














رەحیم رەشیدی/ فلوریدا

رۆژی هەینی، پێنجەمین فێستیڤاڵی لاوانی کورد، لە وڵایەتی فلوریدای ئەمریکا، بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دەستی بە کارەکانی خۆی کرد کە لەودا کۆمەڵێک چالاکی سیاسیی، هونەری، زانستی، وێژەیی و کولتووری لە خۆ گرتبوو. ئەو فێستیڤاڵە، بۆ ماوەی سێ رۆژ بە بەشداری قوتابیان و لاوانی کورد کە لە سەراسەری دونیاوە تێیدا بەشدارن بەردەوام دەبێت.
لە یەکەمین رۆژی کاری فێستیڤاڵەکەدا، وێرای بەخێرهاتن کردنی ئامادەبووان، باسێک لەسەر سینەماو مێژووی سینەمای کورد پێشکەش کرا.
هەروەها لە چەند بڕگەیەکی دیکەی فێستیڤاڵەکەدا، چەند پارچە شێعر و وتەی پێشینیانی کورد خوێندرایەوەو لە درێژەدا کۆمەڵێک کورتە فیلم نمایش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو فێستیڤاڵەدا، کێبەرکێی زانیاری بۆ وشیار کردنەوەی قوتابیان و ئامادە بووان بەرێوە چوو کە کۆمەڵێک پرسیاری و زانیاری لەسەر کورد و کوردستان لە خۆ دەگرت و هەروەها چەند پارچە موسیقا پێشکەش کرا.
شیاوی باسە کە فێستیواڵی ساڵانەی لاوانی کورد ،ماوەی پێنج ساڵە، بە بەردەوامی بەرێوە دەچێ. کە هەر جارەو لە ویلایەتێکی ئەمریکا بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک قوتابی و خاوەن بەهرەی کورد پێک دێت و ئامانج لەو کارەش لێک نزیک کردنەوەی رەوەدنی کوردی لە دەرەوەی وڵات و گرێدانەوەی پتریانە بە کوردستانەوە.

No comments: