رحیم رشیدی ئوسامە نەجەفی
واشنگتن (باسنیوز) رەحیم رەشیدی-
لە چوارچێوەی سەردانی شاندی نوێنەرایەتی پهرلهمانی عێراق بەسەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی سەرۆکی پهرلهمانی عێراق بۆ ئەمریکا، لە ئەنستیتۆی بروکینگ کۆبوونەوەیەک بۆ ناوبراو رێکخرا کە کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیی، دیپلۆماتکاران، نوێنەری وڵاتان و دەزگاکانی راگەیاندن و بەرپرسانی ئەمریکایی تێیدا بەشدار بوون.
سەرۆکی پهرلهمانی عێراق لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هەلومەرجی خراپی سیاسی و بواری ئاسایش لە عێراق و لە چوارچێوەی ئاخافتەنەکەیدا رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی حکومەتی ناوەندی گرت و بەهۆکاری کێشە و ئاڵۆزییەکانی عێراقی ناوبرد و رایگەیاند کە نووری ماليکی بەئاشکرا شەڕ بەسونەکانی عێراق دەفرۆشێ و ئەم سیاسەتە، وڵاتەکەی بەرەو قەیران و ئاڵۆزی پتر بردووە.
لە دووتوێی قسەکانی سەرۆکی پهرلهمانی عێراقدا، لە ئەنستیۆتی برووکینگ، باسی کێشە و گرفتەکانی نێوان بەغدا لەگەڵ هەولێر هاتە ئاراوە و سەرۆکی پهرلهمان جیا لە پهسندانی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و سیاسەتەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی بە حەکیمانە و بەرپرسانە ناوبرد و بە ڕوونی ستایشی رۆڵی بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کرد.
سەرۆکی دەزگای یاسادانانی عێراقی فیدراڵ، کار و هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستانی بەدەستووری وەسف کرد و رایگەیاند کە کوردستان دەکرێ نموونەیەکی باش و پێشکەوتوو بێ بۆ شوێن و دەڤەرە جیاجیاکانی عێراق.
جێگای ئاماژەیە کە شاندێکی پهرلهمانی عێراق بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی سەرۆکی پهرلهمان لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، لەگەڵ بەرپرسانی پلە بەرزی ئەمریکایی لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و بەرگری، بۆ تاوتوێکردنی هەلومەرجی عێراق کۆبوونەتەوە و بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر قەیران و ئاستەنگەکانی عێراقدا پەنایان بۆ ئەمریکا هێناوە و بەئاشکرا داوای پشتیوانی چەکداری و لۆجستیکی لێدەکەن بۆ ئەوەی لە شەڕ لەگەڵ ئەلقاعیدەدا بتوانن سەرکەوتن بەدەست بهێنن.
No comments:
Post a Comment