وێنە: لۆگۆی کۆمەڵە
لە رۆژانی رابوردوودا رێکەوتی ٣١ی ئاگۆستی ٢٠١٤ ئێمه وەک کومیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵه، نامەیەکمان بۆ ئەندامانی کۆمەڵه که نیشتەجێی وڵاتانی جۆراوجۆری دەرەوەی کوردستانن نووسی و بۆمان ناردن. ئەم نامەیه نامەیەکی ناوخۆیی بوو. نامەی کومیتەی حزبێک روو له ئەندامانی رێکخستنەکەی بوو. دوای چەند رۆژ نامەکەی ئێمه له ماڵپەڕی رۆژهەڵاتتایمز بڵاوکرایەوه.
ئەمە یەکەم جار نییه که ماڵپەڕی ناوبراو بەم جۆره هەموو پێوەر و پرەنسیپ و یاسا و رێساکانی بنەمای کاری رۆژنامەگەری پێشێل دەکا. ماڵپەڕی ناوبراو له هەر رێگایەکەوه ئەم نامەیەی به دەست گەیشتووه، دەبوو خۆ له بڵاوکردنەوەی بپارێزێ یان ئەگەر به نیازی کارێکی وایه وەک ئەرک و پرەنسیپی کاری رۆژنامەوانی پرسێک به ئێمه وەک نووسەر و خاوەنی ئەم نامەیه بکا.
ئێمه رای گشتی کوردستان ئاگادار دەکەینەوه که به درێژایی مێژووی کاری ئەم ماڵپەڕه گەلێک بەڵگه هەیه که هەموو سنوورەکانی ئەخلاق و پرەنسیپی کاری رۆژنامەوانی تیپەڕاندووه و له راستیدا به نانەوەی فیتنەو دووبەرەکایەتی له ناو کۆمەڵگای کوردستان و هێزە سیاسییەکانیدا و خۆشخزمەتی بە رژیم دەیەوێ گەرەوەکه له ماڵپەڕی "ئاکام نیوز"و ماڵپەڕەکانی سەر به دەزگای ئیتلاعاتی رژیم بەرێتەوه. ئەم کارەی ماڵپەڕی رۆژهەڵاتتایمز چ بۆ بازاڕ گەرمی بێ یا هەر بیانوو و مەبەستێکی تر ئێمه پێمان وایه به کردەوە خزمەته به داگیرکەرانی کوردستان و به کارێکی قێزێون و دزێوەی دەزانین و به توندی مەحکوومی دەکەین.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کومیتەی دەرەوەی وڵات
No comments:
Post a Comment