Archive

Tuesday, September 23, 2014

کوردەکان داوا دەکەن کە ئەمریکا پشتیوانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بکات.




رەحیم رەشیدی/ واشنگتن

 رەوەندی کوردی لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە ئامانجی مەحکووم کردنی هێرش و پەلامارەکانی داعش و تیرۆریستان بۆ سەر خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بە گشتیی و شاری کوبانی بە تایبەتی، لە بەردەم کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی نارەزایەتیان وەرێخست و داوایان لە سەرۆک ئۆباما و بەرێوەبەرایەتییەکەی کرد کە بە هانای خەڵکی رۆژئاوای کوردستانەوە بچێ، تاکوو بەربگرێ لەوەی کارەساتی شنگاڵ لەو پارچەیەی کوردستانیش دوپات بێتەوە.
بەشدار بووانی ئەو خۆنیشاندانە پێداگریان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پێویستە ئەمریکا وەکوو باشوری کوردستان هەوڵی پاراستنی رۆژئاوای کوردستانیش بدات.
لە هەمان کات دا بۆ جێبەجێ بوونی ئەو خواستەش لەسەر ئەوە سوور بوون کە پێویستە گەلی کورد لە رۆژئاوا یەکگرتوویی و تەبایی و یەکریزی خۆی بپارێزێ و بەم چەشنە و لەم رێگاوە بە یەک دەنگ هاواری خۆی بگەیەنێتە ناوەندە جیهانییەکان...
شیاوی بە بیر هێنانەوەیە کە پاش پالاماری داعش بۆ سەر کوردستان، کوردستانیانی تاراوگە یەکریز و هاودەنگ هەوڵ دەدەن کە بە هەموو شێوەیەکی گونجا و لە هەر رێگایەکی مومکینەوە دەنگی خەڵی زوڵملێکراوی رۆژئاوای کوردستان بن و بە چالاکی جۆراوجۆر هەوڵیان داوە دەنگیان بگەیەنە ناوەندە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و خاوەن بڕیار بۆ ئەوەی لە مەترسی و هەرەشەی کوشتاری بە کۆمەڵ لە لایەن تیرۆریستانەوە بپارێزرێن.
ئەمجارەش کوردستانیان بە یەکگرتووانە و بە ئاڵای کوردستان و بەرز کردنەوە دروشم بۆ یەکریزی کورد، کردەوەکانی داعش و تیرۆریستانیان مەحکووم  کرد.

No comments: