Archive

Tuesday, September 2, 2014

لە مەهابادەوە تا واشنگتن

وێنە: دیمەنێک لە کتێبەکان
رەحیم رەشیدی


ماوەی چەند رۆژێک، بە دوای بێنەوبەرەدا، بڕیارمان دا لەگەڵ برای گەورە و بەرێزم تێکۆشەری کورد کاک رێبوار سەلیمی؛ پێکەوە نانی نیوەرۆ بخۆین.

کاک رێبوار کاتژمێر نزیک ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ لە بەر درگای ماڵی ئێمە ئامادە بوو. بە پێکەنیینەوە وتی جا رەشیدی ئەوە چەند کارتۆن کتێبیشم بۆ هێناوی.
لە دڵی خۆمدا وتم بێتونەبێ خوشکە فوزییە و منداڵەکانی گەڕاونەوە و رەنگە ئەو کتێبی بە دیاری بۆ هێنابم یان کەسێک بەودا بۆی ناردبێتم. 
بەڵام هەر خێراش بە چەند کارتۆنەکە گومانم لێ پەیدا بوو کە رەنگە کاک رێبوار کە وەکوو کاک ئەحمەد شێربەگی ساڵی پار لە ماڵی خۆیان لە شاری ژنێڤ لە وڵاتی سوئیس، وتی: "کاکە مادام رێبوار لەگەڵ ئێوە بێ و لێتان نزیک بێ و دۆستیش بن، ئیدی قەت وەڕز نابی و ژیانتان بە خۆشی و سانایی تێپەڕ دەبێ...". 
بە هەر حاڵ، پێش ئەوەی برۆین بۆ چێشتخانە، درگای ماشێنی کردەوەو دیتم ئەوە دوو کارتۆنی گەورە کتێب لەوێدان و بە پلە پەل نەکا پەژیوان بێتەوە، کارتۆنەکان کە زۆریش قورس بوون، بردمنە ژووری کارەکەم...
لە کورتی بیبڕێنمەوە، کاک رێبوار وتی: "برالە ئەوە گوڵ بژێرم کردوە بەشی خۆم لێهەڵگرتوە و چوونکە جێگام نەبو ئەوانەشم بۆ هێناوی، دەزانم کتێب دەخوێنیتەوە". بەسەر پێوە چاوێکم لە کتێبەکان کرد، هەموویان زۆر کتێبی باش و بە کەڵک بوون لەسەر مێژوو ئەدەبیاتی کورد و هتد، کە پێشتر چەند دانەشیانم خوێندبوەوە.
ئیدی بۆم بوو بە پرسیار، کە ئەم کتێبانە ئی کێن، چۆن دەست کاک رێبوار کەوتوە و ئەو چی لەو کتێوانە بۆ خۆی هەڵگرتوە؟
دواتر زانیم کە کتێبەکان ئی کاک کەماڵ داودی بوون کە بە هۆیەکی تایبەتی، رادەستی کاک رێبواری کردوون. هەر بۆیە لێرەدا سوپاسی بێ پایانی خۆم پێشکەش بە کار رێبوار دەکەم و دەست خۆشی لێدەکەم بۆ ئەو دیارییە پڕ بایەخانە.
ئەو کاتەی کە کتێبەکانم لە کتێبخانەکەم دا جێدەکردەوە، دیتم نامەیەکی تێدایە کە راست ٢٥ ساڵ پێش ئیستا کۆمەڵێک لەو کتێوانە لە پەڕتووکخانەی "سەیدیان"، لە مەهاباد لە لایەن کاک فاروق داودی برای کاک کەماڵ کڕدرابوون و هێنراونە ئەمریکا.
ئەوانەی کە لەگەڵ خوێندنەوە و کتێب سەروکاریان هەیە، باش دەزانن کە کتێبخانەی "سەیدیان" ناوەندێکی گەورە و پڕ خزمەتی ئەو بوارەیە.
بە هەر حاڵ ماڵی کاک کەماڵ ئاوەدان و دەست و چاوی کاک رێبوار خۆش.
وێرای بەخێرهاتنەوەی براژنە فوزیە و منداڵەکان سروە و مێدیا، داوا دەکەم کە بەرێزیان ئەوانەی دیکەشمان رادەست بکات، چوونکە دەزانم کاک رێبوار رێکیوپێکی هەموو ماڵەکە بەو کتێبانە تێدەدات، هاوکات ئێستا وەکوو جاران کاتی زۆری نیە بۆ خوێندنەوە...


خەرمان بەرەکەت.

No comments: