Archive

Saturday, October 6, 2018

په‌یكه‌ری پێشمه‌رگه‌ له‌ پێته‌ختی ئابووری جیهان


ره‌حیم ره‌شیدی
هه‌ر وه‌كوو ماوه‌ی چه‌ند مانگ به‌ر له‌ ئێستا بێرنارد لێڤی، فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندی فه‌رانسه‌وی، بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا،‌ له‌ واشنگتن؛ ئاشكرای كرد، شێلگیرانه‌ هه‌وڵ ده‌دا بۆ ڕێزگرتن لە قارەمانیەتی پێشمەرگەو خەباتی و تێکۆشانی نه‌بڕاوه‌ی ئه‌م هێزه‌ بۆ ئازادی؛ پێویسته‌ كه‌ په‌یكه‌ری پێشمه‌رگه‌ له‌ شاری نیویۆرك یان خۆ واشنگتنی پێته‌خت دابندرێ.
بێرنارد هێنری لێڤی، بیرمەند و فەیلەسووفی فەرانسەوی له‌ کۆنفڕانسێكی نێوده‌وڵه‌تی دا له‌ پاریس سه‌باره‌ت به‌ پرسی رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، كه‌ رێكه‌وتی ٢٥ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠١٧ به‌رێوه‌ چوو تێیدا پتر له‌ ٩٣% خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌ڵێ ده‌نگیا بۆ دا، قسه‌ی كردو جارێكی دیكه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ی به‌ بیر هێناوه‌و وتی:
''یەکێک لە پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکەمان دانانی پەیکەرێکە لە یەکێک لە مەیدانەکانی شاری نیویۆرک، بۆ بەرزڕاگرتن و ڕێز لێنان لە پێشمەرگه‌ كه‌‌ لە پێناو ڕۆژئاوا، ئامریکاو ئورووپا گیانیان لە دەست داو شه‌هید بوون".
له‌و كۆنفرانسه‌دا، كه‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و بارودۆخی نێوچه‌كه‌ی تێیدا تاوتوی كرا، ژمارەیەک بیرمەند، پسپۆرو شارەزا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاماده‌ بوون و وتاریان پێشكه‌ش كرد. 
"تۆماس کاپڵان" یەکێک لە میلیاردێرەکانی ئامریکاو سه‌رۆكی ناوه‌ندی دادپه‌روه‌ری بۆ كورد، یه‌كێك له‌ دیارترین  وتاربێژانی ئه‌و كۆنفرانسه‌ بوو كه‌ داوای کرد ئامریکا پشتی کورد بەرنەدات و وتی: " سه‌ربه‌خۆیی کوردستان لە بەرژەوەندی ئامریکا دەبێت".
شیاوی باسه‌ كه‌ پاش ره‌زامه‌ندی شاره‌وانی شاری نیویۆرك كه‌ به‌ پێته‌ختی ئابووری جیهان ناسراوه‌، له‌ ڕێوره‌سمێكی شایان و شكۆداردا په‌یكه‌ری پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رمیی داده‌نرێت. هێنری ده‌رهێنه‌ری فیلمی پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ ئه‌و فیلمه‌‌ ٢٨ی نوامبری ٢٠١٧‌ له‌ بنكه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و  رێكه‌وتی شه‌شی مارسی ئه‌مسالیش له‌ نێو كۆنگرێسی ئه‌مریكاش پیشان دراو كه‌ ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆری به‌دوای خۆی دا هێناو به‌ پشتیوانیه‌كی سیاسیی و مه‌عنه‌وی گه‌وره‌ بۆ پێشمه‌رگه‌و كوردستان لێكدرایه‌وه‌.

No comments: