Archive

Monday, December 21, 2020

كوتانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، راسته‌وخۆ له‌ تی ڤی بڵاوكرایه‌وه‌



ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن
رۆژی هه‌ینی، مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له‌ رێگای مێدیاكان و به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ فاكسێنی دژه‌ كۆرۆنا كه‌ به‌رهه‌می كۆمپانیای "فایزه‌ری ئه‌مریكاو بایۆ ئه‌ن ته‌كی ئاڵمانیایه‌ "، ‌ لێدرا. حه‌تووی پێشوو ناوه‌ندی چاوه‌دێری خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مریكا رێگای دابوو كه‌ بۆ حاڵاته‌كانی له‌ناكاو ده‌كرێ له‌و ڤاكسێكه‌ كه‌ڵك وه‌ربگیرێت.
هاورێ له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆك كارن پێسنی خێزانی، د. جرۆم ئاده‌مز نه‌شته‌رگه‌ری گشتیی ئه‌مریكاش كوتانی دژه‌ كۆڕۆنایان بۆ كرا.
مایك پێنس پاش لێدانی ڤاكسێنه‌كه‌ وتی: "هه‌نووكه‌ خه‌ڵكی ئه‌مریكا ده‌توانن به‌ دڵنیایه‌وه‌ ڤاكسێنه‌كه‌ به‌كار بێنن و له‌ زووترین كاتیشدا دووهه‌مین ڤاكسێكی دژه‌ كۆرۆنا كه‌ متمانه‌پێكراوه‌ به‌رده‌ست ده‌بێت."
پێشتر كۆشكی سپی رایگه‌یاندبوو كه‌ جێگری سه‌رۆك، سه‌رۆكی تیمی كۆشكی سپی بۆ ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌، كوتانیش به‌ به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌، هه‌نگاوێكه‌ بۆ ئه‌ویه‌ دڵنیایی و خاته‌رجه‌می به‌ خه‌ڵكی ئه‌مریكا ببه‌خشێ تاكوو ڤاكسێنكه‌ به‌كار بێنن.
پێشتر بیل كلینتۆن، جۆرج بۆش و باراك ئۆباما سێ سه‌رۆكی به‌رێی ئه‌مریكا رایانگه‌یاندبوو كه‌ ئاماده‌ن به‌ مه‌به‌ستی دڵنیا كردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ سڵامه‌تی ڤاكسێنكه‌، خۆبه‌خشانه‌و له‌ رێگای تی ڤی، واكسێنكه‌ به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ به‌كار بێنن و كوتانیان بۆ بكرێ.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌مریكاش له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند كه‌ ڤاكسێنی دژه‌ كۆڕۆنای به‌رهه‌می كۆمپانیای مۆدێرنا په‌سه‌ند كراوه‌و به‌ زووترین كات ڤاكسێنكه‌ به‌رده‌ست ده‌بێ. به‌م جۆره‌ هه‌نووكه‌ له‌ ئه‌مریكا دوو ڤاكسێن كه‌ له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مریكایه‌وه‌ په‌سه‌ند كراون له‌ بازاردا به‌رده‌ست ده‌بن.

No comments: