Archive

Friday, December 4, 2020

گۆڤارێكی ئه‌مه‌ریكا چوار كه‌سایه‌تی ساڵ ده‌ستنیشان ده‌كات





گۆڤاری (people)، وه‌كوو  به‌شێك له‌و دوو ژماره‌ی له‌ كۆتایی ساڵ دا ده‌رده‌چن، ناوه‌كانی دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، جۆرج کڵونی، سێلێنا گۆمێز و ڕیگینا کینگی وەک کەسایەتییەکانی ساڵی 2020 ناساند.

بڕیاره‌ كۆڕێكی رێزلێنان بۆ ئه‌و چوار كه‌سایه‌تییه‌ ساز بكرێ كه‌ له‌ میانی كێشه‌كانی جیهان دا، له‌ ماوه‌ی ساڵی 2020 دا، كاریگه‌ری ئه‌رێنیان هه‌بووه‌.

د. ئانتۆنی فاوچی وه‌كوو زاناترین کەس لە نەخۆشیە درمییەکان، پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا بەردەوام رێنمایی باش و زانیاری راستی داوه‌ته‌  خەڵک، ناوبراو وه‌كوو سه‌رۆكی ئه‌نستیتوتی نیشتیمانی بۆ نەخۆشییە درمی و گوازراوه‌كان، یەکێک بووە لە سەرچاوە پێشڕه‌وه‌كانی زانیاری سەبارەت بە خه‌بات دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ وڵاتدا.

له‌ كاتێك دا باس له‌وه‌ ده‌كرێ‌ ره‌نگه‌ جۆرج کڵۆنی خەڵاتی ئۆسکار بۆ فیلمی (ئاسمانی نیوه‌شه‌و)،  "The Midnight Sky"، بباته‌وه وه‌كوو كه‌سایه‌تییه‌كی ساڵ ده‌ستنیشان كراوه‌‌. كڵۆنی جیا له‌ كاری سینه‌ماو هونه‌ر، كه‌سایه‌تییه‌كی خێرخوازه‌ كه‌ ئه‌مساڵ پاش مردنی جۆرج فلۆید، بڕی 500 هه‌زار دۆلاری به‌خشیه‌ به‌رنامه‌كانی یه‌كسانی و داپەروەری لە ئەمریکا، هه‌روه‌ها بۆ بەره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا، لەندەن و لۆس ئانجلۆس بڕی 1 ملیۆن دۆلاری پێشكه‌ش كردووه‌.

ریگینا کینگ، لە مانگی9دا، براوەی خەڵاتی ئیمی بوو، ئه‌و توانای خۆی بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەشداری کردنیان لە دەنگداندا به‌كار هێنا. ناوبراو هەروەها له‌ كاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنادا، داكۆكی له‌ هه‌رێمه‌ پەراوێزخراوەکان کرد و داواشی كرد كرده‌وه‌ی تووندوتیژی پۆلیسەکان بەرامبەر بە رەشپێستە بێ چەکەکان كۆتایی بێ. وەک یەکەم کاری دەرهێنانیش بۆ فیلمی (شه‌وێك له‌ مه‌یامی) "One Night in Miami" باس لە هەڵبژاردنی فیلمەکەی وه‌كوو یەکێک لە به‌ربژێره‌ شیاوه‌كان بۆ وه‌رگرتنی خەڵاتی ئۆسکار ده‌كرێ.

سێلێنا گۆمێز ئەلبوومی سەرکەوتووی خۆی بە ناوی "Rare" بڵاو کردەوەو میوانداریی پرۆگرامی (چێشتلێنان و سێلێنا) "Selena+Chef" له‌ به‌رنامه‌ی (ئێچ بی ئۆ ماکس) "HBO Max"، كرد. بەڵام ئەو ئەستێرەی میوزیکی پۆپ هەروەها پەیامی رێکلامی خۆی لە رێگایی مارکی سوراوسپیاو بە ناوی (جوانی بێ وێنه)‌ "Rare Beauty" بڵاو كرده‌وه،‌ کە مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی 10 ساڵ دا، بڕی 100 ملیۆن دۆلار كۆبكاته‌وه‌ تاكوو له‌و رێگاوه‌ یارمه‌تی به‌ دۆزینەوەی چارەسەرییە نوێکان بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان بدات. 

K24 – واشنتن:

#مسته‌ر_كورد

No comments: