جۆو باید‌ن براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی 2020ی ئه‌مه‌ریكا، له وتووێژێكدا لەگەڵ رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز هەڵوێستی خۆی له‌سه‌ر قه‌یرانی ناوكی ئێران رایگه‌یاند و گوتی: "ئەگەر تاران دووبارە رێز لە بەرپرسایه‌تییه‌كانی بگرێتەوە، واشنتن وەکو خاڵی دەستپێکردن دەگەڕێتەوە ناو رێکكەوتنه‌كه ناوكیه‌كه‌ی وڵاتانی 5 + 1".
جۆو باید‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێیوایه ئه‌م بابه‌ته دژوار و قورسه، به‌ڵام ئه‌و وه‌كو له كێبه‌ڕكێی هه‌ڵبژاردن به‌ڵێنی دابوو هه‌وڵ بۆ رێككه‌وتنی ناوكی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌دات.
بایده‌ن له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره له‌گه‌ڵ نیویۆرك تایمزدا ده‌ڵێ: "له ناوچه‌كه‌دا، تەنها رێگە ئه‌وه‌یه بۆ گەیشتن بە شێوازێك لە سەقامگیری بایه‌خ بە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بدرێت. چونكه ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناو‌کی ئەوا کێبڕکێی خۆ پڕچەککردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەست پێدەکات، ئێمه‌ش نامانەوێت لەو بەشەی جیهاندا ئه‌مه رووبدات. بە راوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەست به دانوستانەکان و رێکكەوتنەکانی دیکە ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کۆتوبەندەکانی سەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران توندتر‌و درێژتر بکەینەوە، هەروەها تاووتوێی بەرنامە مووشەکییەکەشی بکەین".
ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی باید‌ن له كاتێكدایه كه جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی پله به‌رزی کاروباری دەرەوەی یەکیه‌تیی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە برۆکسل رایگه‌یاند: "لەگەڵ جه‌واد زه‌ریف وەزیری دەرەوەی ئێران قسەم کردووە، بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه داوای کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی وڵاتانی بەشدار لە رێکكەوتنەکە دەکەم. ئەم رێكکەوتنە تەنها رێگەیە بۆ ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ناو‌کی".
رێككه‌وتی 8ی مانگی 5ی 2018، دۆناڵد تره‌مپ، به فه‌رمیی له رێككه‌وتنی ناوكی له‌گه‌ڵ ئێران كشایه‌وه كه مانگی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2015 له ڤیه‌ننا له نێوان وڵاتانی (5 + 1) مۆركرابوو. پاش كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، واشنتن گه‌مارۆی هه‌مه لایه‌نه‌ی ئابووری خسته سه‌ر ئێران و بوه هۆكاره داڕمانی ئابووری ئێران.
No comments:
Post a Comment