ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا گرێبه‌ستێكی فرۆشتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی به بڕی 23 میلیار دۆلار له‌گه‌ڵ ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی واژۆ كردووه، به‌گوێره‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ش ئه‌مەریكا ده‌بێ: فڕۆکەی جەنگی، مووشه‌ك، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان راده‌ستی ئیمارات بكات.
ئه‌م هه‌نگاوه وای كردوه 29 رێکخراوی داكۆكیكاری مافەکانی مرۆڤ، له راگه‌یه‌ندراوێكدا داوا لە كۆنگرێسی ئه‌مەریكا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بكه‌ن سنوور بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ك و تەقەمەنی دابنێت، رەچاوی گرێبه‌سته‌كه نه‌كه‌ن و واشنتن له فرۆشتی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی به ئیمارات، خۆ ببوێرێت.
له به‌شێكی ئه‌و داواكارییه‌دا هاتووە "ئیمارات، لایەنێکە لە ململانێکانی یەمەن و لیبیا، بۆیه گرێبه‌ستی چه‌كفرۆشتن به‌و وڵاته دەبێتە هۆی زۆرتربوونی زیانگه‌یاندن به هاووڵاتییانی مەدەنی، ئه‌مه‌ش قەیرانە مرۆییەکان خراپتر دەکات".
هاوكات له‌گه‌ڵ داوای ئه‌م رێكخراوانه‌دا، سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، پڕۆژەیاسایەکیان پێشکەش کردووە، کە تێیدا داوای راگرتنی چه‌كفرۆشتن به ئیمارات دەکەن.
به‌گوێره‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی نێوان هەردوو وڵات؛ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کۆمپانیای جەنەراڵ ئەتۆمیکس، فڕۆکەی ئێف-35ـی کۆمپانیای لۆکهید مارتن و موشەکی کۆمپانیای رەیسیۆن، راده‌ستی ئیمارات ده‌كرێن.
لە 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا ئاشكرای كرد: محەمەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئیمارات و بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەسەر ئاسایی‌کردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات رێككه‌وتوون.
پاش ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌مین جار، فڕۆكه‌یه‌كی نه‌فه‌رهه‌ڵگری ئیسرائیلی به درووشمی "فڕینی ئاشتی" به ئاسمانی عه‌ره‌بستانی سعودیدا گه‌یشته ئیمارات. سه‌ر له به‌یانی ئه‌مڕۆش (سێشەممە، 1-12-2020) یەکەمین گەشتی بازرگانیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، دەستیپێکرد.
جارێد كۆشنه‌ر، راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌مەریكا، ئاڤی بێرکۆوێتز، نوێنه‌ری واشنتن بۆ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست و برایان هووک، به‌رپرسی پێشووی كاروباری ئێران له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سعودیه دابوو بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شته‌كان به ئاسمانی ئه‌و وڵاته‌دا تێپه‌ڕن.
ئه‌مەریكا سه‌باره‌ت به رازیبوونی به‌رپرسانی ریاز بۆ گه‌شته ئاسمانییه‌كان ده‌ڵێ "گه‌شته‌كان دەبنە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی هه‌موو کۆمپانیاکانی گەشتی ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی سەرنشینان لە ئیسرائیلەوە بۆ ئیمارات و بەحرەین و بەپێچەوانەشەوە، ئێمه ئه‌م بابه‌ته‌مان چاره‌سه‌ركردووه".
No comments:
Post a Comment