Archive

Saturday, January 8, 2011

مه‌نسوور عه‌زیزی: "ح د ک ا" و ئه‌زموون له‌ خه‌بات و جیابوونه‌وه‌

وێنه‌: مه‌نسوور عه‌زیزی

سه‌رچاوه‌: پێشمه‌رگه‌کان
هەڵگرتنی دروشمی خەبات لە پێناو رزگاریی نەتەوەیی لە مێژووی نەتەوەی کورددا، خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژە و لە پێناو ئەو ویستانەدا کورد خەباتی بێوچان و دوور و درێژی کردووە.
پەرەگرتنی بیری زانستیی کورد لە ئاستێکی ریشەدار و بەربڵاو و خاوەن ستراتیژی و بە بەرنامە، لە سەردەمی کۆماری کوردستان و هەنگاوە زانستی و یەک لە دوای یەکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە نێونەتەوەییکردنی دۆزی کورد و پێکهێنانی کابینەی دەوڵەتی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی رای گشتیی کوردی و پەرەدان بە بواری ماسمێدیایی و کۆمەڵێک هەنگاوی ئەمڕۆییانە کە ٦٥ ساڵ لەمەوبەر حیزبی دێموکرات هەنگاوی بۆ هەڵدەهێنان، ئێستا کە لەبەرەبەری ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستانداین ، ئەو راستییانە هەمدیسان لای هەمووان روون دەکەنەوە کە دووربینی و پشوودرێژ بوون لە خەباتێکی ئاوەها دژوار و پڕ لە هەوراز و نشێو بۆ کورد، پێویستییەکی بنەڕەتی بووە و رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە کردەوە توانیویەتی نەک هەر دۆزی کورد لە بەنداوی کێشە سیاسییەکانی ئێران و تەنانەت ناوچەکە بهێنێتە دەرەوە، بگرە تیئۆریی گەڕان بە دوای ناسنامەی نەتەوەیی کوردی بە شێوەیەکی بنەڕەتی، مرۆییانە و زانستییانە و رامیارییانە، خستۆتە گەشە و ئێستاش کە ئەو حیزبە لە نێو خەڵکی خۆی لە کوردستانی ئێرانیشدا ئازادانە چالاکی نانوێنێ، حاشا لەوە ناکرێ تا هەنووکە نەبووە رێکخراوێک یان لایەنێک کە بتوانێ قورسایی ئەو حیزبەی هەبێ لەو بەشە لە کوردستاندا.
ئەو هەوڵە بنەڕەتی و ستراتیژییانەی حیزبی دێموکراتن کە وایان کردووە و وا دەکەن ، ئەو حیزبە هەردەم لەبەر چاوی هێرشی دوژمنانی نەتەوەیی کورددا بێ، بەو مەبەستەی کە لە خشتەی بەرن و نەهێڵن ئەو توانا و ئەزموونانەی، زیاتر لەوەی کە هەیە، لە خزمەت ویستەکانی کورددا بن. دەبینین کە تەنانەت پاش لە سێدارەدانی رێبەرانی کۆماری کوردستان و خودی پێشەوا قازیش، لە سەردەمی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی زاڵ بەسەر ئێرانیشدا، دیسان رێبەرانی ئەو حیزبە دەبنە ئامانجی ئەنجامە تیرۆریستییەکانی ئەو رێژیمە، بەو مەبەستەی شۆڕشی کورد لە کوردستانی ئێران بتوێنرێتەوە. ئاکام روون بۆوە کە ئەو حیزبە توانیویەتی بیرۆکە و ئامانجەکانی خۆی زیاتر بباتە نێو خەڵک و ئێستا ئیدی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا لە گەڵ ئەو حیزبەدا بەرەوڕوو نییە و بگرە لە نێو رای گشتیی کورد لە کوردستانی ئێراندا، ویستەکانی حیزبی دێموکرات بە روونی خۆ نیشان دەدەن.
دێموکراسی، گەیشتنی کورد بە مافە رەواکانی خۆی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا، بەشداریی کورد وەک قەوارەیەکی" ئەتنی_ خوغرافی" لە بەڕێوەبردنی ئێران و باسەکانی دیکەی پێوەندیدار بەو خاڵانە، کۆمەڵە فاکتێکن کە زیندوبوون و هەنووکەییبوونی سیاسەتەکانی ئەو حیزبە نیشان دەدەن و تا ئێستاش بەرنامەیەکی تۆکمەتر لە نێو هیچ لایەنێکی دیکەی کوردستانی لە کوردستانی ئێران، لەو پێوەندییانەدا، نەهاتۆتە گۆڕێ و دانەڕێژڕاوە. ئەوە بەهێزبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە کە وایکردووە ئەو حیزبە تووشی کۆمەڵێک قەیران کراوەتەوە لە مێژووی خۆیدا کە لە ئاکامدا هەموو جارەکان توانیویەتی لەو تاقیکردنەوانەدا بە سەر بڵندی سەرهەڵێنێ و قەت نە خۆی لەدەست داوە و نە تووشی بڕیار و هەڵوێستی هەڵەشە و هەستاوی و کاتی بۆتەوە.
بە هەڵسەنگاندنێکی کورتی بارودۆخ و بەربڵاوی و ریشەداریی حێزبی دێموکراتی کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستان و پاش سۆڕشی گەلانی ئێران و هەنووکە، بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەو حیزبە لە بواری جوغرافیاییەوە، لە سەردەمی پاش شۆڕشی گەلانی ئێراندا، بەربڵاوتر لەسەردەمانی کۆمار ریشەی داکوتاوە و لەمڕۆی پاش زیاتر لە ٣٠ ساڵ دەسەڵاتی رێژیمی ئاخوندیشدا، زیاتر لەسەردەمی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، خاوەن پێگەیە لە نێو خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستانی ئێران بە تایبەتیدا.
ئەمەش هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ داڕشتنی سیاسەتی دروست و دووربین و ورد لە لایەن رێبەرایەتی ئەو حیزبە لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی خەباتیدا.
بەرچاوبوون و بەهێزبوونی ئەو حیزبە هەردەم وایکردووە کە بەردەوام وێڕای رێژیمی زاڵ بەسەر ئیرانیشدا، خەڵکی دیکە هەوڵبدەن دووبەرەکی و چەند بەرەکی لە نێو حیزبی دێموکراتدا سەرهەڵبدا و بە چۆکیدا بێنن. جیابوونەوەکانی نێو ئەو حیزبە و ئاکامی جیابوونەوەکان و کاراکتری هەرکامەیان ، بە روونی بۆمان دەردەخەن کە مادام خەڵک ئەو حیزبەیان دەوێ، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو جیابوونەوانەش دەبنە کاتی و ناتوانن پەیکەر و گەورەییەکەی بڕوخێنن.
کارکرد، بەڕێوەبەری و سەرهەڵدان و ئاکامی ئەو جیابوونەوانە هەموویان روونن، بە شێوەیەک کە یەکەم جیابوونەوە دەتوانێ ئاوێنەی باڵانوێنی جیابوونەوەکانی پاش خۆی و بەتایبەت، دوایین جیابوونەوە بێ و هەروەها بە پێچەوانە.
لە کاتی ئێستادا لێوردبوونەوە لە جیابوونەوەی دوایین، دەتوانێ کۆمەڵێک خاڵ وەدەست بدات کە بە روونی ئەوە دەربخەن، ویستی جیابووەنەوە و هۆکار و سەرهەڵدانی ئەو ویستە، تەنیا بۆ مانەوە لە سەر ترۆپکی دەسەڵاتدا بووە، دەنا چۆن تێکۆشەرێک رازی دەبێ " گوایە" منداڵەکەی خۆی(حیزبی دێموکرات) لەت بکات، _ وەک بۆ خۆی گوتوویەتی_.
بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی دوایین جیابوونەوە لە حیزبی دێموکراتدا، پاش رۆیشتنیان، وەک ئەوەی کە هیچ ئەزموونێکیان لە سیاسەتدا نەبێ، لە چەند حاڵەتدا تووشی چەند هەڵەیەکی گەورە و دیار بوونەوە و ئێستا ئیدی تێیدا ماونەتەوە و پێیەوە دەناڵێنن. ئەوان بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێن ئەو ناوەی کە بە ناڕەوا لەخۆیان ناوە هی ئەوانە، هەندێک هەنگاوی نادروستیان نا کە دەتوانێ ئەم چەند نموونەیە بەس بن بۆ سەلماندنی ئەو قسانەی سەرەوە. پەنابردن بۆ هێزی دیکەی دەرەوەی بازنەی ئورگانی و ئیداریی حیزب بۆ ئەوەی لە ژێر گووشاردا، خۆیان بسەپێنن بەسەر حیزبدا، بڕیاری بە پەلەی ئەوان لەوەی کە بوونە هاودەنگی مووسەوی و کەڕوبی و پێیانوابوو زوو رێژیم رووخاوە و لانیکەم بە بێ هیچ شێوە رێکەوتنێکی سیاسی داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد، بە دەم بانگەوازی دەنگدانەوە بچن و ئەو داوایانەشیان هەر بە ناوی حیزبی دێموکراتەوە دەکرد، سەر سپاردن بە ویستەکانی رێژیمی ئێران و ئامادەبوونی رێزدار خالید عەزیزی بەوەی کە ناوی خۆیان دەگۆڕن گەر رێژیمی ئێران لە گەڵیاندا بکەوێتە وتووێژەوە لە سەر هەردوو مادەی ١٥ ی ١٩ی یاسای بنەڕەتیی ئێران و لە هەموو ئەمانەش بەرچاوتر ، بە جێنەهێنانی ئەو بەڵێنییانەی کە دابوویان بە بەدەنەیان ، لە پێوەندیی لەگەڵ پەرەدان بە بیری نەتەوەیی و کوردستانی بیرکردنەوە و" بەقەوڵ" دێموکراتیزەکردنی خۆیان و لە ئاکامدا وەدەنگ هاتنی ئەو بەدەنەیەی کە وەدووی ئەو دروشمە جۆراوجۆرانە کەوتبوون. بۆ راستیی ئەو باسەی من جگە لەوەی کە نیشانەکان دیارن، دەتوانرێ چاو لە وتووێژی بەریز رامبوود لوتفپوور بکرێ لەگەڵ گۆڤاری "راڤە" کە بە وردی تیشکی خستۆتە سەر ئەو خاڵانە. ئەمە و جگە لەوەش کە لە وتووێژەکانی بەرپرسە پلە یەکەکانی ئەو لایەنەدا، وەک کاک خالد عەزیزی و بەڕێز مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادەدا دەردەکەوێ ، دژایەتی ئەوان لە روانگە و دەربڕین و بە کردارکردنی ئەو روانگانە زۆر زەق و بەرچاون. ئەو ئەندامانەی حیزب کە لە راستیدا پێیانوابوو ئەوان راست دەکەن و وەدووی دروشمەکانیان کەوتن، کاتێک ئەو بارودۆخە دەبینن و دەزانن کە قسە و کرداری ئەوان لە دژایەتیدان، لێیان دەکشێنەوە و چیدی نایانەوێ بەو شێوەیە درێژە بە خەباتی نەتەوەیی خۆیان بدەن. نموونەی هەرە بەرچاو، دوو ئەندامی " حدکا" ن کە لە حیزبدا نەمان و ماوەیەک لە دەنگ و رەنگی سەر بەو جیاوەبووانەش کاریان کردووە و ئێستا گەڕاونەتەوە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات و درێژە بە چالاکییەکانی خۆیان دەدەن. ئەوەی کە ئەوان ئێستا لە نێو حیزبی دێموکراتدان، شتێکی جێی خۆشحاڵییە و شایانی هیواداربوونە بەوەی کە رۆژێک ئەو رۆڵە ئازیز و دڵسۆزانەی دیکەی ئەو حیزبە کە لەگەڵ ئەوانەدا رۆیشتوون، بگەڕێنەوە نێو حیزبەکەی خۆیان. لەو پێوەندییەدا خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە ، ئەوان کە هێندە باسیان لە نەزاکەت و جوان دووان و ئەدەب و وەفاداربوون دەکرد، هەرزوو تاوان و تانە و تەشەریان لە دژی ئەو خۆشەویستانە دەستپێکرد و تا گەیشتە ئەو ئاستەش ، کەسێک کە دیار نییە دەیەوێ بە چی بگات، دێ و بەوان دەڵێ : لەسەر دەستی رۆژنامەوان رەحیم رەشیدی، تۆبەیان کردووە! ئایا بە راستی ئەوە بوو دڵفراوانی و وەفاداری و بیرتیژی و کوردپەروەرییەکانی ئێوە کە رق و تووڕەییەکانی دڵتان لە رێی _ گوایە_ تەنز و تانە و تەشەرەوە دەرببڕن و لەو رێیەوە جنێو بە خەڵکی دیکە بدەن؟!
لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بە ناڕەوا تاوان وەپاڵدانانە و لەسەر ئەو جۆرە کەسانەی بەڵگەیان لەسەرە کە تەنانەت تەبەقی یەکەمی ماڵەکانیان لە کاتی ئێستادا داوە بە کرێ بە " ئیتلاعات" و کۆمەڵێک بابەتی دیکە، باس و بابەتی شایانی نووسین و گووتن هەن کە هیوادارم دابڕێژرێن و بکەونە بەردەست و دیدەی خوێنەرانی هێژا.
ئەوەی کە گرنگە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هەمیشە بیری لێبکاتەوە، ستراتیژی و پلان و بەرنامەکانی دیکەیەتی بۆ ئەمڕۆ و سبەینێی کوردستانی ئێران و بەرەوپێشبردنی دۆزی نەتەوەیی کورد لە ئێرانی پاش رێژیمی کۆماری ئیسلامی .

مەنسوور عەزیزی
٠٨ ی ٠١ی ٢٠١١ی زایینی

No comments: