دوای دامه‌زرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ناسیوناڵیسته‌کان ته‌بلیغیان ده‌کرد که کۆمەڵه فریوی مه‌نسوور حێکمه‌تی فارسی خواردوه.
له چه‌ند ساڵی رابردوودا شه‌پۆلێکی دڵساردی له نێو بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی کرێکاری له سه‌راسه‌ری ئێران‌و له‌وانه‌ش له کوردستان پێکهات، ئه‌مه راستییه‌کی تاڵه به‌ڵام دوور له چاوه‌ڕوانی نیه.
ئێمه دژایه‌تی ناسیونالیسم دهکهینو به توندی له به‌رانبه‌ریدا ڕاده‌وستین. ئه‌مه‌مان به فه‌رمیی له به‌رنامه‌که‌ماندا راگه‌یاندوه.
ناسیونالیسم ئیدئولوژییهکی دژی کرێکاری، ره‌گه‌زپه‌رستانه‌و دژی ئازادیخوازی‌و بهرابهریخوازییه. ناسیۆنالیسم بریتییه له ئیدئولوژی بورژوازی بۆ ژێر ده‌سته هێشتنه‌وه‌ی چینی کرێکار.
به‌ڵام شه‌ڕی کۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ دێموکڕات، ئه‌م شه‌ڕه هه‌ر وه‌کو له‌و سه‌رده‌مه‌دا له لایه‌ن مه‌نسوور حێکمهتهوه شرۆڤە ده‌کراو رووناکی ده‌خرایه سه‌ر لایه‌نه‌کانی، شه‌ڕی بورژوازی کورد بوو له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی له کوردستان.
ته‌واوی ئه‌و بڕیاروو به‌ڵگانه‌ی که مه‌نسوور حیکمه‌ت ئاماده‌ی ده‌کرد هه‌موو کات ده‌نگی دێناوهو په‌سه‌ند ده‌کرا. ئه‌وانه‌ی که دوای جیابوونه‌وه ده‌ستیان به تۆمه‌تبار کردنی ئه‌و کرد، بۆ وێنه عه‌بدوڵلا موهته‌دی تا دوایین رۆژه‌کانی مانه‌وه‌ی ئه‌و له رێکخستندا ده‌نگیان پێده‌داو له‌گه‌ڵی هاوده‌نگیان ده‌نواند. له بیرمه که ته‌نانه‌ت عه‌بدوڵلا موهته‌دی جارێک هاته لای مه‌نسوور حێکمهتو لێی پرسی که جیاوازی مه‌نسوور حێکمه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و له سه‌ر چیه؟ (ئه‌و دەیهه‌ویست که له لایه‌ن مه‌نسوور حێکمهتهوه حه‌ساوی بۆ بکرێت). ( به‌ڵام عه‌بدوڵلا موهته‌دی ئه‌ندامی فراکسیۆنی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو).
له سه‌ره‌تاوه پۆپۆلیسم ره‌وتی زاڵ به سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی ئێران بوو که مارکسیسمی شۆڕشگێرانه توانی لێکدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و ره‌وته ههبێتو پاشه‌کشه‌ی پێ‌بکات.
پێکهێنه‌ری وتووێژ: ره‌حیم ره‌شیدی
وه‌رگێر بۆ کوردی: ره‌حمه‌ت عه‌زیزی
1.ئیزن بده‌ن وتووێژه به‌و پرسیاره ده‌ست پێ بکه‌م، له‌به‌ر چی ئێوه دوای یه‌ک ده‌یه خه‌باتی به کرده‌وه له رێزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌و حیزبی کومونیستی ئێران بۆ دابین کردنی ئامانجه‌کانی کۆمۆنیسم، به‌و ئاکامه گه‌یشتن که ده‌بێ خه‌باتی ئێوه خه‌باتێکی کرێکاری بێت؟
به‌راستی له مه‌به‌ستی ئێوه سه‌باره‌ت به خه‌باتی به کرده‌وه تێنه‌گه‌یشتم. ئه‌گه‌ر ئیزنم بده‌ی کورته‌یه‌ک له تێکۆشانی خۆمان تا پێکهاتنی حێزبی کۆمۆنیستی ئێرانتان بۆ باس بکه‌م، له‌وانه‌یه ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه ببێته هۆی ڕوونتر بوونی باسه‌که‌مان. من له‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تی خه‌باتکارانی کۆمۆنیست تێکۆشانم ده‌کرد. یه‌کیه‌تی خه‌باتکارانی کۆمۆنیست له مانگی ره‌شه‌مه‌ی 1357ی ههتاور، له ژێر ناوی ناو‌کی (هه‌سته)ی سه‌هه‌ند هه‌بوونی خۆی راگه‌یاند، دوای چه‌ند مانگ ناوی خۆی بۆ رێکخراوی یه‌کیه‌تی خه‌باتکارانی کۆمۆنیست گۆڕی. هه‌وڵی ئێمه تێکۆشانێکی سیاسیی، تێئۆریکو به کرده‌وه بوو. یه‌کیه‌تی تێکۆشه‌رانی کۆمۆنیست به رێبه‌ری مه‌نسوور حێکمه‌ت خه‌باتێکی تێئۆریک، سیاسیی، هه‌مه‌لایه‌نه‌و قووڵی دژی پۆپۆلیسم که ره‌وتی زاڵ به سه‌ر بزوتنه‌وی چه‌پی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێران‌دا بوو به‌ڕیوه برد. ی.خ.ک توانی له ماوه‌ی دوو ساڵدا پاشه‌کشه به بزوتنه‌وه‌ی پۆپۆلیستی بکات‌و ئاڵای مارکسیزمی شۆڕشگێرانه له نێو بزوتنه‌وه‌ی ئێران‌دا به‌رز بکاته‌وه. زه‌مینه‌ی نێزیکایه‌تی ی.خ.ک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ش هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بوو. هه‌ڵوێستی به‌شێک له رێبه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه (بۆ وێنه عه‌بدوڵڵا موهته‌دی) له کۆنگره‌ی دووهه‌مدا بۆ لای ئهدهبیاتو روانگه‌کانی ی.خ.ک نزیک بوه‌وه‌و هه‌وادارییان له مارکسیسمی شۆڕشگێرانه کرد. بڕیارنامه پهسندکراوەکانی ئه‌م کونگره‌یه بۆ رێبه‌ری ی.خ.ک به‌ڕێکرا. مه‌نسوور حێکمه‌ت وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی له‌م هه‌ڵوێسته‌ی کۆمه‌ڵه ئه‌م بڕیارنامانه‌ی به سێوه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه تاوتوێ کرد. به دوای ئه‌م ره‌خنه گرتنه‌دا مه‌نسوور حێکمه‌ت رۆێشتە کوردستان‌و له‌گه‌ڵ رێبه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵە چه‌ند دانیشتنی پێک هێناو له نێزیکهوە له‌گه‌ڵ رێکخراوی کۆمه‌ڵە ئاشنا بوو، دوایه‌ش ناوه‌ڕۆکی به‌رنامه‌و پرۆگرامی هاوبه‌شی هه‌ردوو رێکخراو نووسرا.
مه‌نسوور حێکمه‌ت جارێکی دیکه له زستانی 1360 سه‌ردانی کوردستانی کرد‌و ماوه‌ی دوو مانگ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه بوو. له درێژه‌ی ئه‌م باس‌و چاوپێکه‌وتنانه‌دا بوو که رێبه‌رایه‌تی هه‌ر دوو رێکخراو پێکهێنانی حێزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان که یه‌کێک له گرنگترین باسه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ بوو به پێویست زانی‌و له ئاکامدا له‌و باره‌وه پێکهاتن.
پێویستی به‌رنامه‌یه‌کی حیزبی، پرسێک بوو که ی.خ.ک له سه‌ری پێ‌داگر بوو. رێبه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ش ملی بۆ قبووڵ کردنی ئه‌م بابه‌ته ڕاکێشا‌و زۆر زوو له‌گه‌ڵ مه‌نسوور حێکمه‌ت (که ئه‌و کات به نادر ده‌ناسرا) نزیک بوه‌وه. بڕوایه‌کی دوو لایه‌نه به تواناییه کۆمۆنیستی‌و شۆرشگێرییه‌کان به کرده‌وه له نێوان رێبه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه‌و مه‌نسوور حێکمەتدا ساز بوو.
مه‌نسوور حێکمه‌ت له دوایین رۆژه‌کانی مانگی ره‌شه‌مه‌دا گه‌ڕایه‌وه تاران، چه‌ند رۆژ پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی، به‌شی چاپه‌مه‌نی (ئینتشاراتی) ی.خ.ک زه‌بری لێکه‌وتبوو ده‌یان که‌س له هاوڕێیانی ئێمه ده‌سبه‌سه‌ر کرابوون. ئەگه‌ر هه‌ڵه نه‌که‌م به هۆی ئه‌م زه‌برو له داوکهوتنانهوه نزیکه‌ی سه‌د که‌س له هاوڕێیان ده‌سبه‌سه‌ر کران. ی.خ.ک له‌و سه‌رده‌مه‌دا له زۆبه‌ی کارگه‌و یه‌که‌کانی به‌رهه‌م هێناندا رێخستنی کرێکاری مه‌زنی هه‌بوون. زۆربه‌ی ئه‌م هه‌ستانه زه‌بریان وێکه‌وت یان مه‌جبوور به هه‌ڵوه‌شانه‌وه بوون. به بیستنی هه‌واڵی ئه‌م زهبهرە گه‌وره‌یه مه‌نسوور حێکمه‌ت پێشنیاری به رێبه‌رایه‌تی ی.خ.ک کرد که بۆ ئه‌وه‌ی نه‌که‌ونه داوی پۆلیسی کۆماری ئێسلامی هه‌رچی زووتر به‌ره‌و کوردستان به‌رێ بکه‌ون. دوای قسه‌و باسێکی زۆر بڕیار درا که مه‌نسوور حێکمه‌ت، حه‌مید تهقواییو خوسره‌و داوه‌ر له رێبه‌رانی ی.خ.ک به‌ره‌و کوردستان به‌ڕێبکه‌ون. منیش له‌گه‌ڵ مه‌نسوور حێکمه‌ت رۆێشتمە کوردستان. له بانه‌مه‌ڕی 1361وه تێکۆشانێکی چڕ‌وپڕ له کوردستان بۆ پێکهێنانی حێزبی کۆمۆنیستی ئێران ده‌ستی پێ‌کرد. له مانگی خه‌رمانانی 1361 حێزبی کۆمۆنیستی ئێران دامه‌زرا. دیاره ده‌بێ ئاماژه به هێندێک دژایهتیو به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ پێکهاتنی حێزب له لایه‌ن ره‌وتی ناسیۆنالیستی نێو ریکخراوی کۆمه‌ڵه بکه‌م. ئه‌م دژایه‌تییانه به پێی بارودۆخی جیاواز که‌مو زیاد ده‌بوون. بۆ وێنه ره‌وتی نێوخۆیی په‌یوه‌ست بوونی کۆمه‌ڵه به مارکسیسمی شۆرشگێرانه به رێبه‌رایه‌تی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی، له ژێر ئه‌م زه‌ختانه‌دا بیروڕای ده‌گۆڕا. هێندێک جار ته‌سلیمی ره‌وتی ناسیونالیستی نیو کۆمه‌ڵه ده‌بوو زۆر جار به توندی له پێکهاتنی حیزبی کومونیست داکۆکی ده‌کرد. جاروباریش داکۆکیو پشتیوانی موهته‌دی له حیزب هه‌لپه‌رستانه بوو. بۆ رزگار کردنی رێکخستن‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه له داماوی‌و دهسهوهستانیو بۆ به‌ربه‌ست کردنی ئاش به‌تاڵ، خوزایاری پێکهاتنی حیزبی کومۆنیست بوو.
به کورتی پێش‌و پاش پێکهاتنی حیزب ره‌وتێکی ناسیونالیستی نێوخویی کۆمه‌ڵه له ریگاگهلی جۆرواجورهوه کۆسپ‌و ته‌گه‌ره‌یان ده‌خسته پێش پێکهاتنی حێزب‌و دژایه‌تییان ده‌کرد، به‌ڵام ده‌بێ دان به‌وه‌دا بنێن که زۆربه‌ی ته‌شکیلاتی کۆمه‌له خوازیاری پێکهاتنی حێزبی کۆمۆنیست بوو. ئه‌م ره‌وته دوای پێکهاتنی حیزیش هه‌ر وا درێژه‌ی کێشاو سه‌ره‌نجام دوای هێرشی ئه‌مریکا بۆ ئیراقو به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی حیزبه ناسیۆنالیسته‌کانی کوردستانی ئێراق "فیلشان یاد هندوستان کرد"و "له خه‌و راچڵه‌کین". مه‌نسوور حێکمه‌ت واتەنی (کوکاکولایشان را از آن بالا روی زمین دیدند)، راشکاوانه‌و به کرده‌وه ره‌وتی ناسیونالیستی کوردی نێوخوی کۆمه‌ڵه هاتنه پێشه‌وه‌و عه‌بدوڵلا موهته‌دی که ئه‌ندامی فراکسیۆنی کۆمۆنیستی کرێکاری نێوخوی حێزب بوو رایگه‌یاند که کۆمه‌ڵه ده‌بێ نێزیکایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ دۆستانی ئه‌مڕو سه‌به‌ی ڕۆژی خۆی بسه‌لمێنێت.
بۆ مه‌نسووری حێکمه‌ت وه‌ک رێبه‌ری هزری، سیاسیی‌و تێئۆریکی مارکسیزمی شۆرشگێریو دوایه‌ش کۆمۆنیستی کرێکاری، مانای کۆمۆنیسم هێچ گوڕانکارییه‌کی به سه‌ردا نه‌هاتبوو. مه‌به‌ستی ئه‌و له پێکهاتنی حیزب وره وه‌به‌رنانی پێشمه‌رگه یان به‌ندیه سیاسییه‌کان نه‌بوو ئه‌گه‌رچی ئه‌م ئاکامه لاوه‌کییه ده‌بوه هۆی خۆشحاڵی ئه‌و. ئه‌و دهیهەویست شۆڕشی کرێکاری رێکبخات، سه‌رمایه‌داری بروخێنێو سۆسیالیزم بونیاد بنێت. خه‌باتی ئەو هاوتەریب بوو له‌گەڵ رێکخستنی چینی کرێکار بۆ شۆڕشی کرێکاری. زۆر زوو دوای پێکهاتنی حێزب‌و کۆنگره‌ی دامه‌زران ناوبراو باسه‌کانی گرێ‌دراو به کۆمۆنیستی کرێکاریی ده‌ست پێی کردبوو.
مه‌نسوور حێکمه‌ت له نێوخوی حێزب‌و له بنکه‌ی شینکاوه وتارێکی به ناوبانگی به ناوی "مه‌ودای نیوان قسه‌و کرده‌وه" پێشکه‌ش کرد. (دوای هێرشی رژیم بۆ ئالان، ئێمه به‌ره‌و خاکی ئیراق پاشه‌کشه‌مان کرد‌و له شین کاوه مه‌قه‌ڕێکی گه‌وره ساز کرا.) بابه‌تی سه‌ره‌کی ئه‌م سوخهنڕانییه خهباتو نێوه‌ڕۆکی تێکوشانی کۆمۆنیستییه.
ئه‌و (مەنسوورحیکمهت) زۆر راشکاوانه ده‌ڵێ: کاتێک که ئێمه تێکۆشانی کۆمۆنیستیمان نه‌بێت به کرده‌وه چینه‌کانی دیکه خه‌ریکی تێکۆشانن. له بیرمه که رێبه‌رایه‌تی ئه‌و کاتی کۆمه‌ڵه له‌م قسانه دڵگران بوون، ئه‌و قسانه قه‌ت بڵاو نه‌کرایه‌وه. (له‌م دواییانه‌دا له بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌شێک له ئارشیوی تاکه‌که‌سی ئه‌ودا، ئه‌و نووسراوه بڵاو کرایه‌وه.
مه‌نسوور حێکمه‌ت له ڕاپۆرتی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ کۆنگره‌ی دووهه‌مدا له باره‌ی کۆمۆنیستی کرێکاری قسه ده‌کات. دوایه‌ش به‌شێکی زۆر له تێکۆشانی تێئوریکو سیاسی ئه‌و بۆ شی کردنه‌وه‌ی لایه‌نه جورواجورهکانی ئه‌م بابه‌ته ته‌رخان کرا بوو. باسه به نرخه‌کانی ئه‌و له باره‌ی چۆنیه‌تی کاری کۆمۆنیستی، سیاسه‌تی رێکخستنی کرێکاری، ئه‌ندامه‌تی کرێکاری، له باره‌ی هاندانی (آژیتاتوری) چینی کرێکار، یه‌که‌کانی کرێکاری، شۆراو سهندیکاکانو هتد... له‌م قۆناخه‌دا له کۆنفرانسه ته‌شکیلاتییه نێوخۆیییهکاندا باس کران‌و دوایه‌ش له چاپه‌مه‌نی حێزبیدا بڵاو کرانه‌وه. زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م قۆناخه‌ی مه‌نسوور حێکمههت بۆ باس له سه‌ر لایهنو بواره جۆرواجۆرەکانی هزری، سیاسیی‌و به کرده‌یی کۆمونیستی کرێکاری ته‌رخان کرابوو (کراوه). ئه‌م تێکۆشانه بێوچانه نێوخۆیی‌و ئاشکرایه، له په‌ره پێدانی کۆمۆنیسمی کرێکاری له حێزبدا له‌گه‌ڵ پێشوازییه‌کی به‌رین له لایهکو له لایه‌کی دیکهشەوه به بێده‌نگی، په‌سه‌ن بێژی، سه‌ر لهقاندنو به‌ڵێ وتن به‌ره‌وو ڕوو بوو. به‌ڵام کاره‌که به‌و شێوه‌یه که پێویست بوو به‌ره‌و پێش نه‌ده‌چوو. سه‌ره‌نجام مه‌نسوور حێکمه‌ت کۆنفرانسه‌کانی کۆمۆنیستی کرێکاری له حێزبدا به‌رێوه برد. دوای کۆنفرانسی تێکوشانی حێزب له کوردستان، له نێو ته‌شکیلاتی کوردستان دووبهرهکیو کێشه‌کان به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا سه‌ریان هه‌ڵدا. مه‌نسوور حێکمه‌ت فراکسیۆنی راگه‌یاند. سرنجڕاکێش ئه‌وه‌یه که زۆرایه‌تی یان زۆرینه‌ی حێزب له نێو رێکخستنه ئاشکرا‌کانی کوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به فراکسیۆنه‌وه په‌یوه‌ست بوون، له‌م نێوه‌شدا زۆربه‌ی رێبه‌ری حێزب هه‌مان رێگای گرته‌به‌ر. به‌ڵام ئه‌مه نه‌یتوانی پێش به سه‌رهه‌ڵدانی کێشه‌و جیایی بگرێت. ئینجا له کۆنگره‌ی سێهه‌مدا ئه‌م دووبه‌ره‌کییانه به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا خۆیان نیشاندا.
دوای هێرشی ئه‌مریکاو ناتۆ بۆ عێراق‌و هاتنه سه‌ر کاری حیزبه ناسیۆناڵیسته‌کانی کورد له کوردستانی عێراق، ره‌وتی ناسیۆنالیستی نێوخوی کۆمه‌ڵه به راشکاوی بوونی خۆی راگهیاندو به‌م جۆره وا دیار بوو که‌چی دی پێکه‌وه ژیانی ئه‌م ره‌وتانه له‌گه‌ڵ یه‌کتر نالوێ. مه‌نسوور حیکمه‌ت بڕیاریدا که له حێزبی کۆمۆنیست جیا بێته‌وه.
پێویسته ئاماژه به خاڵێک بکرێت، مه‌نسوور حێکمه‌ت زۆرینه‌ی کۆمیته‌ی ناوهندیو ئه‌ندامانی حێزبی له‌گه‌ڵ بوو. زۆرینه‌ی حێزب ببوونه ئه‌ندامی فراکسیۆنی کۆمۆنیستی کرێکاری. به پێی نه‌ریتی باو له نێو حێزب‌و رێکخراوه‌کاندا چ راست‌و چ چه‌پ، ئه‌و ده‌یتوانی له کۆنگره‌ی حیزب‌دا ده‌ست به سه‌ر حێزبدا بگرێت‌و ناسیۆنالیسته‌کان وهلاو بنێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ی کردبا هیچ ئه‌سڵێکی دێموکراتیکی پێشێل نه‌ده‌کرد، چوونکوو زۆرینه‌ی له‌گه‌ڵ بوو. به‌ڵام ئه‌و بڕیاریدا که ئه‌و کاره نه‌کات. بڕیاریدا که خۆی جیا بێته‌وه‌و حیزبێکی دیکه دامه‌زرێنێت.
ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره نه‌بوون. دیانگووت که ئێمه زۆرینه‌ین بۆ ده‌بێ ئێمکاناتو ناوی حیزب بۆ ئه‌وان بهێلینهوهو بڕوین. ئه‌ویش له وەڵامدا ده‌یگوت: یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که من جیا نابمه‌وه، ده‌ست له کار ده‌کێشمه‌وه‌و جیا له پێنووسه‌که‌م هیچ شتێکی دیکه له حیزب‌دا له‌گه‌ڵ خۆم نابه‌م. هه‌ر که‌س بیهه‌وێت ده‌توانێت له حیزب‌دا بمێنێته‌وه.
دوایه‌ش بۆ بڕیاره‌که‌ی به‌و شێوەیە پاساوی ده‌کرد: ئه‌مه رێکخستنێکی چه‌کدارییه، ئه‌گه‌ر وه‌ها کارێک بکه‌ین شه‌ڕ سهرههڵدهداتو خوێنێکی زۆر دڕژیت. جیا له کوژرانی ژماره‌یه‌ک مرۆڤ، کۆمۆنیزم له ژێر ئه‌و زهختو هوشارهی که ده‌که‌وێته سه‌ری ناتوانێ به ئاسانی پشت راست کاته‌وه. مۆری ئیستالینیمان لێ ده‌ده‌ن، ئه‌و کات کارمان زۆر دژوار ده‌بێت. بۆیه ئه‌و دەستی له حیزب کێشایه‌وه. دوای ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌ی ئه‌و زۆر یه‌ک له ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوهندیو کادره‌کانی حیزب ده‌ستیان له کار کێشایه‌وه. به‌شێکی زۆری ئه‌م کادرانه چوونه نێو حێزبی کۆمۆنیستی کرێکاری که مه‌نسوری حێکمه‌ت دایمه‌زراند.
هیوادارم ئه‌م کورته مێژووه که باسم کرد هۆکاری جیایی ئێمه‌ی له حێزبی کۆمۆنیستی ئێرانی ئاشکرا کردبێت. دیاره ئه‌ده‌بیاتێکی زۆری ئه‌م قۆناخه هه‌یه‌و له ماڵپه‌ڕی بونیادی مه‌نسوور حێکمهتدا پارێزراوه. خوێندنه‌وه‌ی ڵاپه‌ڕه‌کانی ئه‌و ئه‌ده‌بیاته بێ گومان هه‌موو مێژوو ناوه‌ڕۆکی ئه‌و کێشانه‌ی که بوون به هۆی دابڕانی مه‌نسووری حێکمهتو زۆربه‌ی کادێرانی له حیزب کۆمۆنیست‌و کۆمه‌ڵه ئاشکرا ده‌کات.
2. بۆ مه‌گه‌ر خه‌باتی ئێوه له نێو رێزه‌کانی کۆمه‌ڵه بۆ دابین کردنی به‌رژه‌وه‌ندی کرێکاران نه‌بوو که ئێوه مه‌جبوور بوون بۆ رزگاری چینی کرێکار حێزبێکی کرێکاری دامه‌زرێنن؟
پێم وایه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره تا راده‌یه‌کی زۆر له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌مدا دراوه‌ته‌وه. هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌م پێ‌کرد حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ره‌وتی جۆرواجۆری تێدا بوو. ره‌وتی کۆمۆنیستی کرێکاری، ره‌وتی ناوه‌ند یان چه‌پی توندئاژوو ره‌وتی ناسیونالیستی کورد.تا سه‌رده‌می کۆنگره‌ی سێهەم ئه‌م ره‌وتانه له پاڵ یه‌کتردا تێکوشانیان ده‌کرد. "مه‌ودای نێوان قسه‌و کرده‌وه" هه‌ڵسه‌نگاندنێکی به کرده‌وه‌ی ئه‌م پێکه‌وه ژیانه بوو. تێکۆشان‌و خه‌باتی کۆمۆنیستی‌و سازماندانی چینی کرێکار بۆ سازدانی شۆڕشی کرێکاری زۆر جاران لە کرده‌وه‌دا ئاکامێکی دیکه‌ی لێ ده‌که‌وته‌وه. تێکوشانه کۆمۆنیستییه‌کان جاروبار له‌گه‌ڵ خه‌باتی نه‌رێنی ره‌وتی ناسیونالیستی کورد به‌ره‌وروو ده‌بو. به رواڵه‌ت هه‌موو لایه‌ک له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کان، ههڵوێستهکانو سیاسه‌ته‌کانی مه‌نسوور حێکمه‌ت هاوڕا بوون. مه‌نسوور حێکمه‌ت هه‌موو کات به زۆرینه‌ی ده‌نگ بۆ کۆمیته‌ی ناوهندیو ده‌فته‌ری سیاسیی هه‌ڵده‌بژێردرا. له کۆنگره‌ی دووههمو سێهه‌م ڕاپۆرتێک که له لایه‌ن ئه‌وه‌وه ئاماده کرابوو وه‌ک گوزارشی کۆمیته ناوه‌ندی به کۆنگره پێشنیار کرا. (واته پێلێنومی پێش کۆنگره کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌نگی پێی دابوو که وه‌ک ڕاپۆرتی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پێشکه‌شی بکات). ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ش که بڕیاریدا له حێزب جیا بێته‌وه تا ئه‌و کاته‌ی که به ره‌سمی ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌ی خۆی پێشکه‌شی پێلێنوم کرد، ئه‌و به تێکرای ده‌نگ وه‌ک به‌رپرسی رێکخستن هه‌ڵبژێردرا. ته‌واوی ئه‌و بڕیاروو به‌ڵگانه‌ی که ئه‌و ئاماده‌ی ده‌کرد هه‌مووکات به تێکرا ده‌نگی پێی ده‌درا. ئه‌وانه‌ی که دوای جیابوونه‌وه ده‌ستیان به تۆمه‌تبار کردنی ئه‌و کرد، بۆ وێنه عه‌بدوڵلا موهته‌دی تا دوایین رۆژه‌کانی مانه‌وه‌ی ئه‌و له رێکخستندا ده‌نگیان پێده‌داو له‌گه‌ڵی هاوده‌نگیان ده‌نواند. له بیرمه که ته‌نانه‌ت عه‌بدوڵلا موهته‌دی جارێک هاته لای مه‌نسوور حێکمهتو لێی پرسی که جیاوازی مه‌نسوور حێکمه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و له سه‌ر چیه؟ (ئه‌و دەیهه‌ویست که له لایه‌ن مه‌نسوور حێکمهتهوه حه‌ساوی بۆ بکرێت). (دیاره عه‌بدوڵلا موهته‌دی ئه‌ندامی فراکسیۆنی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو). مه‌نسوور حێکمه‌ت زۆر جار گوتبوی که ئه‌و که‌سێکی ناوێت که ته‌نیا په‌سه‌ندی بۆچوونه‌کانی بکات به‌ڵکوو که‌سێکی ده‌وێت که هاوبیری ئه‌و بێت. مه‌نسوور حیکمه‌ت حه‌ولێکی زۆری‌دا که حیزبی کومونیست بخاته سه‌ر رێچکه‌ی تێکۆشانی کومونیستی کرێکاری. تێکۆشانی بێ وچان بۆ قانێع کردن، نووسین، قسه کردن، رێبه‌ری به کرده‌وو سیاسیی حێزب، به‌ڵام رۆژێک به کرده‌وه به‌و ئاکامه گه‌یشت که ئه‌و کارە چی دیکه ئاکامی نابێت‌و کارێکی بێهوده‌یه. بارودۆخی نێونه‌ته‌وه‌یی، رووخانی یه‌کیه‌تی سۆویه‌ت، هێرشی بورژوازی هار بۆ سه‌ر مارکسیسمو کۆمۆنیسمو هه‌ر وه‌ها پهلو پۆ ده‌رکردنی ناسیونالیسم بە گشتیی‌و ناسیونالیسمی کورد به شێوەیەکی تایبه‌تی، کاره‌که‌ی یه‌کلایی کرده‌وه.
3. بۆ تا ئێستا ره‌وته چه‌په توندئاژوه‌کان له وڵاتی ئێمه نه‌یانتوانیوه ببنه هێزێکی کاریگه‌ری نێو کۆمه‌ڵگا؟
ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه زۆر گه‌وره کراوه‌ته‌وه، چه‌پ کاریگه‌ری زۆری له سه‌ر کۆمه‌ڵگا هه‌بوه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه ده‌سه‌ڵات به قازانجی کرێکاران‌و کۆمۆنیسم بگۆرێت. ئامانجه‌کانی چه‌پ له‌وه‌یکه به شۆڕشی 57 ناسراوه زۆر ده‌وریان هه‌بوو.
له قۆناخی شۆرشدا، چه‌پ له کۆمه‌ڵگادا زۆر خۆشه‌ویست بوو. له ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی 1358 ته‌نیا له تاران نێزیک به سێسه‌د هه‌زار که‌س له ژێر ئاڵای چه‌پدا رێپێوانیان کرد، به‌ڵام دوو پرس بوونه هۆی ئه‌وه که چه‌پ نه‌توانێت ده‌وری کاریگه‌ر بگێرێت. سه‌رکوتی توندی بورژوازی، ده‌بێ سرنج بدەی که ئه‌گه‌ر چه‌پ به شێوه‌یه‌ک که له پرسیاره‌که‌ی ئێوه‌دا ده‌رئه‌که‌وێ بێ کاریگه‌ری بووبێت که‌وابوو ئه‌و هه‌موو توندوتیژییه سه‌رکوته‌ی بورژوازی پێویستی نه‌ده‌کرد. پێویست به‌و ده‌زگا پێچهڵاوپووچهی نه‌بو.
ئامانج له کوشتاری ده‌یه‌ی 60 به گشتیی، له نێو بردنی چهپو کۆمۆنیسم له کۆمه‌ڵگادا بو. زیاتر له سه‌د هه‌زار کەس ئێعدام کران که به‌شێکی زۆریان چهپو کۆمۆنیست بوون. له کوردستان چه‌پ له سازماندانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رکه‌وتوو بو. به تایبه‌ت له باشووری کوردستان، لە سنه‌و مه‌ریوان. سازماندانی شه‌ڕی سنه‌و کۆچی خه‌ڵکی مه‌ریوان ته‌نیا دوو نموونه له کاریگهریو نفووزی چه‌پ بو. هه‌روه‌ها هێرشی حیزبی دێموکرات بو سه‌ر کۆمه‌ڵه‌ش به‌شێک له هێرشی بورژوازی بۆ سه‌ر چهپو کۆمۆنیسم له کۆمه‌ڵگادا بو.
راسته ئێستا هه‌م کۆمه‌ڵه‌ییه‌کانی پێشوو هەم حێزبی دیموکرات تێده‌کۆشن که ئه‌و شه‌ڕه به شه‌ڕی براکوژی ناودێر بکهنو تاوانه‌که‌شی بخه‌نه ئه‌ستۆی مه‌نسوور حێکمه‌ت، به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه هه‌ر وه‌کوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا له لایه‌ن مه‌نسوور حێکمهتهوه شرۆڤە ده‌کراو رووناکی ده‌خرایه سه‌ر لایه‌نه‌کانی، شه‌ڕی بورژوازی کورد بوو له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی له کوردستان.
دیاره سه‌رئه‌نجام به پێشنیاری مه‌نسوور حێکمه‌ت که ئاگربڕی یه‌کلایه‌نه‌ی راگه‌یاند ئه‌م شه‌ڕه کۆتایی پێهات. دوای هاتنه سه‌ر کاری رژیمی ئیسلامی چه‌پ ته‌نیا ره‌وتێک بوو که سه‌ره‌ڕای که‌مو کوڕییهکانی، ده‌سه‌ڵاتی پۆپۆلیسم له سهریو نفووزی ڕۆژهه‌ڵات لێدراوی تێیدا، له مافی ژن به‌رگری کرد‌و توانی له سه‌ره‌تاوه هێندێک پاشه‌کشه به رژیمی ئیسلامی بکات.
بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری‌و به‌رگری له به‌رانبه‌ر رژیمی جینایه‌تکاری ئیسلامیش ده‌رکه‌وتنێکی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو. ئه‌وه‌ی که رژیمی ئیسلامی سی ساڵه ئۆپۆزسیون سه‌رکوت دهکاتو به‌رده‌وام له حاڵی شه‌ڕو سه‌رکوت کردنه یه‌کێک له هۆکاره‌کانی بەهێز بوون‌و نفووزی ئامانجه‌کانی بزووتنه‌وەی کۆمۆنیستییه. به‌ڵام گرفتی سه‌ره‌کی ده‌سه‌ڵاتی کۆمۆنیسمی نا کرێکارییه له سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی ئێران‌دا، دیاره ئه‌مە ته‌نیا کێشه‌ی کۆمۆنیسمی ئێران نیه‌و دیارده‌یه‌کی نێونهتهوهیییه.
له سه‌ره‌تاوه پۆپۆلیسم ره‌وتی زاڵ به سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی ئێران بوو که مارکسیسمی شۆڕشگێرانه توانی لێکدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و ره‌وته ههبێتو پاشه‌کشه‌ی پێ‌بکات. کۆمۆنیسمی کرێکاری توانی کۆمۆنیسم له ژێر کۆت‌و بەندی ئه‌م ره‌وته ده‌ربێنێت، به‌ڵام به داخه‌وه بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیسمی کرێکاریش بۆ خۆی به مردنی مه‌نسوور حێکمهتو ئه‌و رووداوه ناخۆشانه‌ی که بۆ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هاته پێشه‌وه زه‌ربه‌ی زۆری لێکه‌وت.
ئه‌م رووداو‌و زه‌برانه پاشه‌کشه‌یه‌کی به سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا سه‌پاند که ئه‌مه بواری بۆ به بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی سوننهتیو توندئاژو ره‌خساند که جارێکی دیکه خۆی نیشان بدات. ئێمه هه‌نووکه هیوادارین که بتوانین جارێکی دیکه بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیسمی کریکاری به هیزه‌وه بکێشینه نێو گۆڕه‌پانی خه‌باتی سیاسییه‌وه.
4. ڕه‌وتی چهپو کۆمۆنیستی کرێکاری په‌یتا په‌یتا دابڕان‌و جیابوونه‌وه‌ی تێده‌که‌وێت. هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م هه‌موو دووبهرهکیو جیایانه چن؟
ئێنشیعاب له ته‌واوی حێزبه سیاسییه‌کاندا روو ده‌دات. جیاوازی بیروڕا له سه‌ر تاکتیک، ئێستراتێژی له هه‌مو حێزبێکدا هه‌یه‌و ئه‌م پرسه تایبه‌تی ره‌وته چه‌په‌کان نیه. له حیزبه راسته‌کاندا زۆر یه‌ک فراکسیۆنی راگهیهندراوو رانه‌گه‌یندراو بوونیان هه‌یه که بۆ ده‌ست پێڕاگه‌یشتن به ریبه‌رایه‌تی حیزب تێده‌کۆشن. ئه‌م حێزبانه بۆ دهستپێراگهیشتنیان به ده‌سه‌ڵات به رواڵه‌ت یه‌کگرتووییه‌ک له نێو خۆیاندا ده‌پارێزن. به‌ڵام له نێوخۆی خۆیاندا هێندێک جار چاوی دیتنی یه‌کتریان نیه. ئه‌مه ڕاستی‌و راسته‌قینه‌ی سیاسه‌تی راسته.
له کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا به هۆی دیکتاتۆرییه‌ت، سهرکوتو داپڵۆسینه‌وه، حێزبایه‌تی نه‌یتوانیوه ببێته دیارده‌یه‌کی جێکه‌وتو به‌ربڵاو. خه‌باتی حێزبایه‌تی جگه له هێندێک خولی زۆر کورت هیچکات نه‌یتوانیوه بچێته نێو قووڵایی کۆمه‌ڵگاوه‌و ببێته نه‌ریتێکی جێکه‌وتوو. ئه‌م پرسه به سیمای ره‌وته راسته‌کانی سیاسه‌تی ئێرانه‌وه زیاتر له چه‌پ به‌رچاو ده‌که‌وێت. ئه‌گه‌ر چاو له ته‌واوی بزووتنه‌وه ناسیونالیسمییهکانی پێرۆ، رۆژئاوا‌و نه‌ته‌ویی- ئیسلامی بکه‌ن لێک بڵاوبوونی ئه‌م دوو بزووتنه‌وه‌یه له روانگه‌ی حێزبایهتییهوە به باشی ده‌بینن. به گشتیی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیسمی پێرۆ، رۆژئاوا، لایه‌نگرانی رژیمی پێشوو، له‌گه‌ڵ شا یان به بێ بوونی شا، ته‌نیا حێزبیک بوونی هه‌یه که به‌شێکی که‌می ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی له نێو خوێدا رێکخستوه. ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی- ئیسلامی ره‌وتێکی به‌ربڵاو له چه‌په‌وه بۆ ڕاسته که به تاقم‌و ره‌وتی بچووک‌و گه‌وره دابه‌ش کراون.
بارودۆخی زاڵی دژی کۆمۆنیستی ده‌بێته هۆی ئه‌وه که ئه‌م ته‌بلیغاته له سه‌ر چهپو بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی په‌ره بگرێت. وادیاره که ئه‌گه‌ر به راده‌ی پێویست وته‌یه‌ک چه‌ند پات بکرێته‌وه وه‌ک راستییه‌ک وه‌رده‌گیردرێت. له حالێک‌دا ئه‌وەی که بۆ سیاسه‌ت له ئێرانه‌وه ده‌گرێته‌وه چه‌پ له روانگه‌ی حیزبایهتییهوە، زۆر له راست سه‌قامگیرتره.
تا ئه‌و جێگایه‌ی که بۆ کۆمۆنیسمی کرێکاری ده‌گه‌ڕێته‌وه، حێزبی کۆمۆنیسمی کرێکاری به رێبه‌رایه‌تی مه‌نسوور حێکمه‌ت به پتهویو یه‌کگرتوانه بۆ ماوەی ١٠ ساڵ تێدهکوشا. دیاره هه‌موو کات که‌سانی جۆرواجۆر له‌گه‌ڵ حێزبێک ده‌که‌ون یا لێی جیا ده‌بنه‌وه. حێزبی سیاسی وه‌ک تاقمێکی ئائینی نیه که ئه‌گه‌ر هاتیته نێوی ده‌رچوونت به ده‌ست (کرام الکاتبین) یان مه‌لایکه‌ی خودا بێت.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دوای مردنی مه‌نسوور حێکمه‌ت دوو ئێنشیعابی تێکه‌وت، که هۆکاری ئاشکرای سیاسیی هه‌یه. ئێمه به نۆبه‌ی خۆمان له زۆر نووسراوه‌دا ئه‌م رووداوه‌مان لێکداوهتهوەو روونکردنه‌وه‌مان له سه‌ری داوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر کۆمۆنیسمی کرێکاری له‌گه‌ڵ ره‌وته ناسیونالیسته‌کانی کورد له تای ترازوویهک دابنێت دهبیبنی که ئێنشێعاب له ره‌وتی دوایی زۆر زیاتره. حیزبی دیموکراتی کوردستان تا ئیستا چند جیابوونه‌وه‌ی تێپه‌ر کردوه.
له نێو کۆمه‌ڵه‌دا تا ئێستا چه‌ند ئێنشێعاب رویان داوه. دوای جیابوونه‌وه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری له حیزبی کومونیستی ئێران تا ئیستا دوو جیابوونه‌وه له ڕوانگه‌ی ناسیونالیسمی کوردییه‌وه له نێو کۆمه‌ڵه روویان داوه‌و له نێو رێکخراوی زهحمهتکێشانیشدا ئێنشێعابێک هاتۆته ئاراوه.
لانیکه‌م ئێنشێعاب له حێزبی کۆمۆنیستی کرێکاری له سه‌ر پرسگهڵی ماڵی‌و هه‌ڵڵوشینی پووڵه‌که‌ی ئه‌مریکا نه‌بوه‌و له کاتی جیابوونه‌وه‌شدا له به‌رانبه‌ر یه‌کتردا ده‌ست به چه‌ک نه‌بووینه. ئه‌مه له حاڵێکدایه که چه‌ک را‌گرتن به‌ره‌و روی جودابیر له پێلێنومی رێکخراوه‌یی، یان شه‌رو ئاژاوه له سه‌ر حه‌په‌لووش کردنی پووڵ دیارده‌یه‌کی ره‌وته ناسیونالیسته‌کانی کورد به تایبه‌ت تاقمی زه‌حمه‌تکێشانه.
5. شروڤەکهرانو ڕه‌خنه‌گرانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری حیزبه‌که‌تان زیاتر به ره‌وتێکی خەیاڵی‌و دروشمده‌ر دهناسنو ناو ده‌به‌ن، له‌م باره‌وه چ وه‌ڵامێکتان هه‌یه؟
من ئێستا زیاتر له سێ ساڵه که له حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری جیا بوومه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ هاوڕێیانم حیزبی یه‌کیه‌تی کۆمۆنیسمی کرێکاریمان دامهزاندوه. ئێمه خۆشمان له سه‌ر ئه‌م حێزبه لێکدانه‌وه‌و ڕه‌خنه‌ی زۆرمان هه‌یه، به‌ڵام لێکدانه‌وه‌کانی ئێمه له روانگه‌ی چهپو کۆمۆنیستی کرێکاری مه‌نسوور حێکمهتهوه سه‌رچاوه ده‌گریت. دڵنیا نیم که ئێوه باس له چ ڕه‌خنه‌گرێک دهکهنو لێکدانه‌وه‌ی ئه‌وان له چ بوار‌و سووچێکهوهیه، هه‌ر بۆیه له‌م باره‌وه ناتوانم لێدوانێک بده‌م.
6. ئێوه وه‌ک ره‌وتێک که له نێو قووڵایی کۆمه‌ڵه‌وه پێتان نایه نێو گۆڕه‌پانی خه‌باتی حیزبایه‌تییه‌وه، له به‌رچی تا ئه‌و راده‌یه له‌گه‌ڵ کوردبوون‌و کوردایه‌تی کورده‌کان دژایه‌تی ده‌که‌ن؟
ئه‌مە هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ده‌گمه‌نه. من یا ئێمه له قووڵایی ره‌وتی کۆمه‌ڵه‌وه پێمان نه‌ناوه‌ته نێو گۆڕه‌پانی خه‌باتی حیزبییه‌وه. من‌و زۆرێک له هاوڕێیانم هه‌روه‌ک که باسم کرد له کۆنه کۆمۆنیستهکانین که له سه‌رده‌مێکی زه‌مانیدا له‌گه‌ڵ کۆمه‌له، حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانمان دامه‌زراند. بۆم جێگای سرنجه که ئێوه وه‌ک "تاکێکی ناسیونالیسمی کورد" وه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنێک ده‌که‌ن. له به‌ر ئه‌وه‌ی که دوای دامه‌زرانی حێزبی کۆمۆنیست ئێران ناسیونالیسمی کورد رایده‌گه‌یاند که "مه‌نسوور حێکمه‌تی فارس" کۆمه‌ڵه‌ی فریو داوه.
ئێستا دێمه سه‌ر به‌شی دووهه‌می پرسیاره‌که‌تان. من وه‌ک کۆمۆنیستێکی کرێکاری زۆر به توندی دژی ناسیۆنالیسمم. ناسیونالیسم ئیدئولوژییهکی دژی کرێکاری، ره‌گه‌زپه‌رستانه‌و دژی ئازادیخوازی‌و بهرابهریخوازییه. واته دژی ته‌واوی ئه‌و ئامانجانه‌یه که کۆمۆنیسم خه‌باتی بۆ ده‌کات. ناسیۆنالیسم بریتییه له ئیدئولوژی بورژوازی بۆ ژێر ده‌سته هێشتنه‌وه‌ی چینی کرێکار. ناسیۆنالیسم کۆسپێکی گه‌وره‌ی به‌رده‌م ده‌ست پێراگه‌یشتن به کۆمه‌گایه‌کی ئازاد، بهرابهرو تێر‌و ته‌سه‌له. له‌م رۆانگهوه من له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره ناسیونالیسمێک دژایه‌تی ده‌که‌م، چ پاوانخواز، چ قه‌ومی، چ ئێرانی، چ کورد. هه‌ر به‌م پێیه‌ش ئێمه دژایه‌تی کوردایهتیو ناسیونالیزمی کورد ده‌که‌ین.
بە رێکەوت حیزبی یه‌کیه‌تی کۆمۆنیسمی کرێکاری زۆر زیاتر دژایه‌تی ناسیونالیسمی پاوانخوازی ئێرانی، وه‌ک کۆسپێکی سیاسیی- ئیدئۆلۆژیک له به‌رانبه‌ر سازماندانی شۆڕشێکی کریکاریو پێکهێنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد‌و بهرابهرو تێر‌و ته‌سه‌ل کاری له قاودهرانه دهکاتو ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرێت.
7. ئێوه به ته‌واوی ئاگاداری ئه‌وه‌ن که کۆمه‌ڵه‌و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران په‌یتا په‌یتا ئێنشیعابی تێکه‌وتوه. هۆکاره سه‌ره‌کیه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که مه‌جبوور بووگن خواستی گشتیی‌و جێکه‌وتوه له کوردستان، واته خه‌بات بۆ لابردنی ستەمی نه‌ته‌وه‌یی قبووڵ بکه‌ن. روانگه‌ی ئێوه له‌م باره‌وه چیه؟
تا ئێستا چه‌ند جیابوونه‌وه له حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌و کۆمەڵەدا روویان داوه، به‌ڵام هۆکاره‌که‌ی مل دان به خواستی لابردنی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی نیه. له روانگه‌ی منه‌وه ئه‌مه ئاوه‌ژوو نیشاندانی راستییه‌کانه. هۆکاری ئینشێعاب بوونی ڕه‌وتی جۆرواجۆر له نێو خۆی کۆمەڵەیه. ئه‌م جیابوونه‌وانه به کرده‌وه له نێوان دو به‌ره‌ی راست‌و چه‌پی نێو ناسیونالیسمی کورد رووی داوه. ستەمی نه‌ته‌وایه‌تی پێکهێنه‌ری ناسیونالیسم نیه. به پێچه‌وانه ناسیونالیسم سته‌می نه‌ته‌وه‌یی پێکدێنێت. به پێچه‌وانه‌ی رۆانگه‌ی جێکهتوو زاڵ، ناسیونالیسم وه‌ڵامده‌ری ستەمی نه‌ته‌وه‌یی نیه، به پیچه‌وانه ناسیونالیسم دووبهرهکیو جیایی نه‌ته‌وه‌یی په‌ره پێ ده‌دات. ئه‌مه یه‌کێک له ژارهکانی ناسیونالیسمه که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ‌کرد.
وه‌ڵامی راسته‌قینه به سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، به‌رابه‌ریخوازی راسته‌قینه‌یه. به‌م مانایه کۆمۆنیسمی کرێکاری وه‌ڵامێکی راسته‌قینه‌و مرۆڤانه‌ی بۆ سته‌می نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه. ئێمه خوازیاری لاچوونی سته‌می نه‌ته‌وه‌یین. هه‌ر بۆیه بۆ به‌رابه‌ری راسته‌قینه‌ی کۆمهڵایهتیو ئابووریی هه‌موو دانیشتوانی کۆمه‌ڵگا، به دوور له نه‌ته‌وه، ره‌گه‌ز، جێنسییهت، زمان‌و ئائیین خه‌بات ده‌که‌ین.
تا ئه‌و جێگایه‌ی که بۆ پرسی زمان ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئێمه له مافی هه‌موو مرۆڤێک بۆ ئاخه‌فتن به زمانی دایک بەرگری دهکهینو له‌گه‌ڵ دیاری کردنی زمانی فه‌رمیی دژایه‌تی ده‌که‌ین. له‌وه‌ش زیاتر رێگا چاره‌یه‌کی دیارمان بۆ پرسی کورد هه‌یه. ئێمه خوازیاری پێکهێنانی ئازادانه‌ی ڕاپرسی گشتیی له ناوچه کوردنشینهکانین. به هۆی ئه‌و گشت پرسییەوە روون ده‌بێته‌وه که خه‌ڵکی کوردستان خوازیاری مانه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران‌و ژیانی به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ شارۆمه‌ندانی دیکه‌ن، یان نا خوزیاری ئه‌وه‌ن که جیا ببنه‌وه‌و وڵاتی خۆیان هه‌بێت. ئه‌مه وه‌ڵامی راسته‌قینه‌و مرۆڤانه‌یه به سته‌می نهتهوهییو پرسی کرد. به‌ڵام ناسیونالیسم تێده‌کۆشێت که کێشه‌ی نهتهوهییو نه‌ته‌وه‌بوون قووڵتر بکاته‌وه‌و جیاوازی نهتهوهییو سه‌رده‌سته‌بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ک په‌ره پێبدات. به‌م شێوه‌یه ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیسم له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی جیاوازیخوازی نهتهوهییو ره‌گه‌زپه‌رستی تێکه‌ڵاو ده‌بێت.
8. ره‌وته‌که‌ی ئێوه له حالێک‌دا به دروشمی جیابوونه‌وه‌و مافی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان به دوای خۆیدا ڕه‌کێش ده‌کات که‌چی له هه‌مان حاڵ‌دا له ناشیرینتریین ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی بۆ ره‌وته جه‌ماوه‌رییه‌کانی کوردستان‌و که‌سایه‌تییه به‌رچاوه‌کانی که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. ئایا تا ئێستا ئه‌م کاره‌ی ئێوه ده‌سکه‌وتێکی بۆ ره‌وتی کۆمۆنیستی کریکاری به دواوه هەبوه؟.
کۆمۆنیستی کرێکاری ئه‌م دروشمه به دوای خوێدا ڕه‌کێش ناکات، ئه‌م خواسته له به‌رنامه‌ی "دونیایه‌کی باشتر"ی حیزب که له لایه‌ن مه‌نسوور حێکمهتهوه نوسراوه وه‌ک به‌ندێک گه‌ڵاڵه کراوه. که وابوو ئه‌مه داخوازێکی ڕوونی ئێمه‌یه.
له‌م پرسیاره‌دا چه‌ند بابه‌تی ناروون باس کراون که وه‌ڵامدانه‌وه‌یان ئاسان نیه. مه‌به‌ست له ره‌وته جه‌ماوه‌رییه‌کانی کوردستان کامه رهوتو بزوتنه‌وه‌یه؟ که‌سایه‌تییه به‌رچاوه‌کانی کێن؟ مه‌به‌ستان له ئه‌ده‌بیاتی ناشیرین کامه ئه‌ده‌بییاته؟ به بێ روون بوونه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌تانه قه‌بوول بکه‌ن که وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسیاره هاسان نیه.
به نۆبه‌ی خۆم له بیرم نایه که ئه‌ده‌بیاتێکی ناشیرین به‌کار هاتبێت. به‌ڵام ئێمه ڕه‌خنه‌مان له ناسیونالیسمی کورد گرتوهوو ئه‌مه‌ش درێژه ده‌ده‌ین. هه‌روه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ کرد، ناسیونالیسم ره‌وتێکی مه‌ترسیداره، ژه‌هر یان ویروسێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه. زۆر دووری بۆ نه‌چین چاوێک له باڵکانی ده‌یه‌ی 90 بکەن که به چ شێوه‌یه‌ک ناسیونالیسم شه‌ڕێکی ماڵ وێرانکه‌ری له دڵی ئووروپادا په‌ره پێدا. کوشتاری به‌کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌یی ڕهوتو دیارده‌یه‌ک بوو که له‌م شه‌ڕه‌دا که‌ڵکی لێ وه‌رگیرا.
یان چاوێک به کوردستانی عێراقدا بخشێنن که به چ شێوه‌یه‌ک بارودۆخی خه‌ڵکی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێش، به تایبه‌ت ژنان دوای هاتنه سه‌ر کاری ناسیونالیسمی کورد به به‌راورد له‌گه‌ڵ پێشوو خراپتر بوه. ئێمه دژایه‌تی ناسیونالیسم دهکهینو به توندی له به‌رانبه‌ریدا خه‌بات ده‌که‌ین. ئه‌مه‌مان به فه‌رمیی له به‌رنامه‌که‌ماندا راگه‌یاندوه.
9. به پێ ئه‌و قسه‌و کرده‌وه دژبه‌رانه‌ی که له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ لابردنی ستەی نه‌ته‌وه‌یی له کوردستان باسمان کرد، داهاتووی کۆمۆنیسمی کرێکاری له کوردستانی ئێران‌دا چۆن ده‌بینن؟
به له به‌رچاوگرتنی وه‌ڵامه‌که‌ی من به پرسیاره‌که‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌و پرسیاره شیاو نیه. له به‌ر ئه‌وه‌ی که دژبه‌رییه‌ک له نێوان قسه‌و کرده‌وه‌ی کۆمۆنیستی کرێکاریدا نیه. جارێکی دیکه دووپاتی ده‌که‌مه‌وه، ناسیۆناڵیزم وه‌ڵامده‌ری سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی نیه. کۆمۆنیستی کرێکاری وه‌ڵامێکی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولاو مرۆڤانه‌ی به سته‌می نهتهوهییو پرسی کورد داوه‌ته‌وه. ده‌بێ بڵێم که کۆمۆنیستی کرێکاری له کوردستان زۆر خۆشه‌ویسته. له چه‌ند ساڵی رابردوودا شه‌پۆلێکی دڵساردی له نێو بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی کرێکاری له سه‌راسه‌ری ئێران‌و له‌وانه‌ش له کوردستان پێکهات، ئه‌مه راستییه‌کی تاڵه به‌ڵام دوور له چاوه‌ڕوانی نیه.
مردنی مه‌نسور حێکمهتو ئێنشێعاب له حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران هۆکاری ئه‌م دڵساردیه بوو. به‌ڵام حێزبی یه‌کیه‌تی کۆمۆنیستی کرێکاری له سێ ساڵ‌و نیوی رابردوودا به هه‌موو هێزییه‌وه تێکۆشاوه که به سه‌ر ئه‌م شه‌پوله له دڵساردیدا سهرکهوێتو گیانی یه‌کیه‌تی له بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیسمی کرێکاریدا زیندوو بکاته‌وه. ئێمه تا راده‌یه‌کی یه‌کجار زۆر سه‌رکه‌وتوو بووین. به تایبه‌ت سیاسهتو هه‌ڵوێسته بنچینهییو کۆمۆنیستییه‌کانی حێزبی ئێمه له هه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌م دوایییانهی خه‌ڵکی ئێران‌و هه‌روه‌ها ئه‌و رووداوانه‌ی که بوونه‌ته هۆی شه‌کاوه راگرتنی ئاڵای کۆمۆنیستی کرێکاری مه‌نسوری حێکمه‌ت، یارمه‌تی زۆری به‌م ته‌وه‌ره کردوه. داهاتووی کۆمۆنیستی کرێکاری له کوردستان گه‌ش ده‌بینم.
10. خانمی ماجێدی، له سه‌ر ئیزنی ئێوه پرسیارێکی سیاسیی _ رەوانی ده‌که‌م. له مه‌یدانی سیاسیی کوردستاندا بۆ سووکایه‌تی پێکردن‌و شکاندنی پێگه‌و که‌سایه‌تی چالاکانی سیاسیی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی حه‌ول ده‌درێت که ئه‌وان به لایه‌نگرو ئه‌ندامی پێشووی ڕه‌وتی کۆمۆنیستی کرێکاری نیشان بده‌ن. ئایا پێتان وانیه که ئه‌م پرسه نیشانده‌ری ئه‌وه‌یە که ته‌بلیغاتی ئێوه له باره‌ی پرسه سیاسیی‌و کومهڵایەتییهکانی کوردستان ئاکامێکی به پێچه‌وانه‌ی بۆ ئێوه به دواوه بوه. (خانمی ماجێدی داوای لێبوردن ده‌که‌م که ئه‌م پرسیارم هێنایه گوڕێ. به‌ڵام ئه‌م کێشه‌یه زۆر جار بۆ خۆم هاتوه‌ته پێش. له حاڵێکدا که من هیچکات لایه‌نگر یان ئه‌ندامی هیچ رێکخراوو ره‌وتێکی کۆمۆنیستی‌و له‌وانه‌ش کۆمۆنیستی کرێکاری نه‌بووم. به‌ڵام من بۆ خه‌باتی هه‌موو مرۆڤێکی خاوه‌ن شکۆ که به‌رپرسانه بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی ئامانجه ئێنسانییهکان تێده‌کۆشێت رێز داده‌نێم).
ئازه‌ر ماجێدی: زۆر راسته‌و ئه‌مه له کۆڕ‌و کۆمه‌ڵی ناسیونالیستیدا وایه. هه‌روه‌ک چۆن که کۆمۆنیستی کرێکاری به توندی دژایه‌تی ناسیۆناڵیزم ده‌کات، ئه‌وانیش دژایه‌تی کۆمۆنیستی کرێکاری ده‌که‌ن. بێ گومان ره‌وته ناسیۆناڵیسته‌کان ده‌ست ده‌ده‌نه ئه‌م کارانه، بۆ وێنه حیزبی دێموکرات چ ئه‌و کات که مه‌نسور حێکمه‌ت له رێبه‌رایه‌تی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌دا بوو چ ئێستا به شێوه‌یه‌کی زۆر ناشیرین هێرش ده‌کاته سه‌ر ناوبراو. هه‌ر وه‌ک چۆن دوای دامه‌زرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕه‌وته ناسیوناڵیسته‌کان ته‌بلیغیان ده‌کرد که کۆمەڵه فریوی مه‌نسوور حێکمه‌تی فارسی خواردوه. یان به‌رده‌وام تێکۆشاون که شه‌ڕی کۆمه‌ڵه‌و حیزبی دێموکڕات بخه‌نه ئه‌ستۆی مه‌نسووری حێکمه‌ت. له کاتێکدا ئه‌وه حێزبی دیموکرات بوو که هێرشی کرده سه‌ر کۆمه‌ڵه‌و حه‌ولی ده‌دا تێکۆشانی سیاسیی کۆمه‌ڵه به‌رته‌سک بکاته‌وه. سه‌رەنجام ئه‌وه مه‌نسوور حێکمه‌ت بوو که به پێشنیاری ئاگربڕی یه‌کلایه‌نه ئه‌و شه‌ره‌ی کۆتایی پێهێنا.
دوایه‌ش عه‌بدوڵلا موهته‌دی دوای جیابوونه‌وه‌ی مه‌نسوور حێکمه‌ت له حێزبی کۆمۆنیستی ئیران بۆ دژایه‌تی کردنی ئه‌و له ناشیرین‌ترین زمان که‌ڵکی وه‌رده‌گرت. له‌م دوایییانه‌شدا بۆ خۆم کۆمه‌ڵه‌م داوه‌ته به‌ر ڕه‌خنه‌ی سیاسیی، کادێره‌کانی کۆمه‌ڵه به شێوه‌ی لۆمپه‌نیزمی ناشیرین وه‌ڵامی منیان داوه‌ته‌وه. جارێکی دیکه هیرشیان کردۆته سه‌ر مه‌نسووری حێکمهتو کۆمۆنیستی کرێکاری. ناسیوناڵیسمه که هێرش ده‌کاته سه‌ر مه‌نسوور حێکمه‌ت، کۆمۆنیسمی کرێکاری‌و حیزبی یه‌کیه‌تی کۆمۆنیستی کرێکاری. ناسیۆناڵیسم په‌رێشانی گه‌شه‌ی کۆمۆنیستی کرێکاری له کوردستانەو لێی ده‌ترسێت. توانایی‌و وزه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌ناسێت. ئاگاداری خۆشه‌ویستی که‌سایه‌تی مه‌نسوور حێکمه‌ت له کوردستانن. پێم وایه خراپ نیه که ئێوه جارێکی دیکه به بهڵگهکانتاندا بچنه‌وه.
ژیاننامه‌ی به‌رێز ئازه‌ر ماجیدی:
ئه‌ندامی رێبه‌رایه‌تی حیزبی یه‌کیه‌تی کۆمونیستی کرێکاری، سه‌رۆکی رێکخراوی ئازادی ژنان، ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی ئیجرایی "ئیبتکاری" فیمینیستی له ئورووپا‌و سه‌رۆکی بونیادی مه‌نسوور حیکمه‌ت. هه‌روه‌ها ناوبراو نووسه‌ر، به‌رنامه‌سازی تلهویزیۆنو له تێکۆشه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی ئازادی ژن‌و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییه.
له ساڵی 1361ی هه‌تاوی، به دوای زه‌بر وێکه‌وتنی رێکخراوی یه‌کیه‌تی خه‌باتکارانی کۆمۆنیست، هاوڕێ له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌ی واته مه‌نسوور حیکمه‌ت چووه کوردستان‌و ماوه‌ی دوو ساڵ له کوردستان له‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تی خه‌باتکارانی کۆمونیستو دوایه حیزبی کومونیستی ئیران تێکۆشاوه.
ئازه‌ر له ده‌سته‌ی نووسه‌رانی بڵاوکراوه‌ی کرێکاری کومونیستو رادیو ده‌نگی حیزبی کومونیستی ئیران‌دا تێکۆشانی هه‌بوه. له ساڵی 1984 رۆیشته ئورووپا‌و تێکۆشانی خۆی دژی رژیمی ئیسلامی، بۆ ئازادی، به‌رابه‌ری‌و مافی ژنان له ئورووپا درێژه پێدا. ئه‌و له ساڵی 1991 بوه ئه‌ندامی حیزبی کومونیستی کرێکاری‌و له کۆنگره‌ی یه‌که‌می حیزب به ئه‌ندامی کۆمیته ناوهندیو ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب هه‌ڵبژێردراو تا ساڵی 2007 له رێبه‌رایه‌تی حیزب‌دا بو.
له ساڵی 2004 تا 2006 سه‌رۆکی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی کومونیستی کرێکاری بوه. له درێژه‌ی ساڵه‌کانی 1999 – 2002 له به‌رنامه‌سازانی ته‌لویزیونی کاناڵی "جه‌دید"و ته‌له‌ویزیونی ئه‌نترناسیوناڵ بوه.
ساڵی 1998 بڵاوکراوه‌ی "مدوسا"ی له‌گه‌ڵ هاوێیانی وهرێخستو وه‌کوو سه‌رنووسه‌ی ئه‌م بڵاوکراوه‌یه کاری کرد. پاشان له مانگی مه‌ی 2007دا، له حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری جیابۆته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ره‌فیقه‌کانی حیزبی یه‌کیه‌تی کۆمۆنیستی کرێکاریان دامه‌زراندوه.
ئازه‌ر ماجیدی له مانگی ژوئیه‌ی 2002 دوای مردنی مه‌نسوور حیکمه‌ت بونیادی مه‌نسوور حیکمهتو له نوامبری هه‌مان ساڵدا، رێکخراوی ئازادی ژنی دامه‌زراندوه. ئه‌و له زۆر کۆنفرانسی نێونه‌ته‌وه‌یی له باره‌ی بارودۆخی ژنان له ئێران‌و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست، ئیسلامی سیاسیی، سێکولاریسم، بارودۆخی سیاسیی ئێران‌و پێگه‌ی کۆماری ئیسلامی به‌شداری کردوه. هه‌روه‌ها رێکخه‌ری کۆنفرانسی دیکه‌ش بوه.
بلاوکراوه‌کان:
په‌رتووکێک به زمانی ئینگلیزی له لایه ن ئازهرهوهو له ژێر ناوی مافی ژنان له به‌رانبه‌ر ئیسلامی سیاسیی‌دا، ساڵی 2007 بڵاو چاپ‌و بڵاو کراوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها کتێبێکی له په‌یوه‌ند به خه‌بات بۆ ئازادی ژنان له ئێران‌و خه‌بات دژی ئیسلام، له ژێر وه‌شان دایه. ناوبراو وتارگه‌لی جۆراوجۆری له باره‌ی پرسی ژنان، ئیسلامی سیاسیی، جیای دین له دهوڵهتو کۆماری ئیسلامی ئێران له ماڵپه‌رو رۆژنامه جۆربه‌جۆره‌کاندا بڵاو کردۆته‌وه. به‌شێک له نووسراوه‌کانی بۆ سه‌ر زمانه‌کانی فه‌رانسه‌یی، ئیتالیایی، ئیسپانیایی، پورته‌قاڵی، عه‌ره‌بی، تورکی، لێهستانیو یونانی وهرگیڕدراوهتهوه.
ڕاگه‌یاندنه‌کان:
ڕاگه‌یه‌نه‌ره جۆراوجۆره نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان بۆ وێنه، ڕادیۆو ته‌له‌ویزیۆنی بی‌بی‌سی، ده‌نگی ئامریکا، ته‌له‌ویزیۆنی جی ئه‌م تیڤی، ته‌له‌ویزیۆنی "مور 4" ئینترنشناڵ هرالد تریبون، ئهشپیگل ئانڵاین، یوتۆبوری پۆستن... له‌گه‌ڵ ناوبراو دیدار‌و وت‌ووێژیان پێکهێناوه.
هه‌روه‌ها ناوبراو له ته‌له‌ویزیۆنی ئای تی‌وی‌و فیلمێک که له لایه‌ن ته‌له‌ویزیۆنی بیبیسیو سه‌باره‌ت به شیرین عیبادی ساز کرا، به‌شدار بوه، هاوکات له سیهه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی 57دا، رادیۆ بی‌بی‌سی4و به‌شی جیهانی له به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تیدا قسه‌یان له‌گه‌ڵ کردوه.
خه‌ڵاته‌کان:
ئازه‌ر ماجێدی له ساڵی 2007دا، پاڵێوراوی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی هامفری بوه। له ساڵی 2008دا، له لایه‌ن بونیادی شیلا مکك کنکی بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات له ریزی فینالیستهکانهدا بوه‌و هه‌ر له‌و ساڵه‌دا، بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی سکولاریستی ساڵ پاڵێوراوه.

تێبینی:
تکایه بۆ باس یان ره‌خنه له‌سه‌ر ئه‌م وتووێژه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئیمه‌یله پێوه‌ندی بگرن.
info@rahimrashidi.com
No comments:
Post a Comment