Archive

Friday, October 23, 2020

نووسەرێکی کورد لە ئەمەریکا کتێبێکی منداڵان بە ئینگلیزی بڵاودەکاتەوە



نووسەرێکی کورد لە ئەمەریکا کتێبێکی منداڵان بەناونیشانی "ئامانج و ئاوات" بڵاودەکاتەوە، لە کتێبەکەدا هەوڵیداوە منداڵانی ئەمەریکی بە نەتەوە و کولتوور و زمانی کوردی ئاشنا بکات.

په‌رتووكی "ئامانج و ئاوات - Goal and Hope" له‌ نووسینی مه‌نووچێر پۆردڵ، لەدایکبووی مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ بازنه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵان به‌ زمانی ئینگلیزی له‌ ئه‌مریكا‌ چاپ و بڵاوبووه‌وه‌.

ناوەڕۆکی په‌ڕتووكه‌كه‌ چیرۆکی کۆمەڵێک ئاژەڵ دەگێڕێتەوە، "کە ده‌كرێ رۆژانه‌ ئه‌و ده‌ورگێرانه‌‌ی ئاژه‌ڵه‌كانی نێو چیرۆكه‌كه‌، له‌ ژیانی ئاسایی مرۆڤ به‌دی بكرێت. یه‌كڕیزی ئاژەڵه‌كانی نێو چیرۆكه‌كه‌ بۆ دژایەتی له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌ خراپه‌كان وه‌كو هێمایه‌ك خۆده‌رده‌خات".

مه‌نووچێهر پۆردڵ، لەدایکبووی شاری مه‌ھاباد‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌. ناوبراو له‌ بواری نووسین و وەرگێڕاندا چالاكه ‌و تاوەكو ئێستا چه‌ند به‌رهه‌می له‌نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاپ و بڵاوكردووەته‌وه‌.

نووسه‌ر به‌ كوردستان 24ـی راگه‌یاند، ئەو ئەندامی ئەنجوومەنی نووسەرانی ئێران و ئەندامی گرووپی پسپۆری رێكخراوی به‌ڵگه‌نامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێران، "سازمان اسناد ملی ایران" بووه‌.

نووسه‌ر له‌ بواری خوێندنی ئاكادیمیدا بڕوانامه‌ی ئه‌ندازیاریی ئەلیکترۆنیی هه‌یه‌. پووردڵ باسی له‌وه‌ش كرد، له‌ ئێران به‌ هۆی كاره‌كانییه‌وه‌ به‌ند كراوه‌، پاشان لە ساڵی 2016 وه‌كو په‌نابه‌ری سیاسی هاتووەته‌ ئه‌مریكا.

پۆردڵ ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی به‌ كوردستان 24ـی گوت "ئه‌م به‌رهه‌مه‌ لە ئێران، له‌ ژێر گوشاری ئەمن و ئاسایش و سانسۆردا بە زمانێکی هێماخوازانە و سیمبۆلیک بۆ خزمەت بە زمان و ئەده‌بی كوردی به‌ تایبه‌تی ئه‌ده‌بی منداڵان نووسراوه‌، بەڵام مەبەست لە چاپی ئەم بەرھەمە بە زمانی ئینگلیزی ناساندنی ئەدەبیات و كولتووری نەتەوەی کورد به‌ بیانییه‌كانه‌! بۆ نموونە کاتێک منداڵێكی بیانی ئەم کتێبە ده‌خوێنێته‌وه‌، جگە لە چێژوەرگرتن لە ده‌قه‌كه، هه‌وڵدراو‌ه‌‌ بزانێ کە نەتەوەیەک بە ناوی کورد ھەیە، تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ وه‌كو: زمان، خاك، كولتوور، مێژوو، جلوبه‌رگ و...".

نووسه‌ری په‌رتووكی ئامانج و هیوا ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ی و كاری داهاتووی گوتی: ئێستا هه‌ندێ كارم به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ره‌ گرنگیان به‌رهه‌مێكه‌ به‌ ناوی "دادپه‌روه‌ریی تیمساح"، کە چیرۆكێكی درێژە و بەنیازم سەرەتا بە زمانی کوردی چاپی بکەم و، دواتر بە ئینگلیزی لە ئەمەریکاش چاپ و بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه‌".

#مستەر_کورد

No comments: