Archive

Friday, July 22, 2022

سەرۆکی ئەمریکا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوە.


رەحیم رەشیدی K24

کۆشکی سپی ئاشکرای کرد جۆو بایدەن سەرۆکی ئەمریکا تووشی پەتای کۆرۆنا بوە.

 لەم بارەوە کارین ژان پیێر،  وتەبێژی کۆشکی سپی وتی: ''سەرۆک بە سووکی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوە، نەها خولێکی چارسەری دژە ڤایرۆسی پاکسلۆڤید وەردەگرێت. سەرۆک پێکوتەی دژە کۆرۆنای لێداوە، هەروەها دووجار دەرزی بەهێزکردنی بەرگریشی وەرگرتووە، ئەو نیشانەکانی نەخۆشییەکەی زۆر بە کەمی پێوە دیارە.''

وتەبێژی کۆشکی سپی لە درێژەدا باسی لەوە کرد سەرۆک ئەرک و کارەکانی خۆی رادەپەرێنێ و لەم بارەوە دەڵێ: ''سەرۆک لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرۆکایەتی بەردەوام دەبێ.''

ژان پیێر لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە تووشبوونی بایدەن دەڵێت: "بە گوێرەی ڕێنماییەکانی (ناوەندی کۆنترۆڵ کردن و ڕێگری کردن لە نەخۆشییەکان) سەرۆک لە نێو کۆشکی سپی خۆی کەرەنتینە کردوە، ئەرکەکانی خۆی بە تەواوەتی ڕادەپەرێنێ و بە تەلەفوون قسەی لەگەڵ ستافەکەیدا کردووە؛ لە شوێنی حەوانەوەی خۆی و لە رێگای زوومەوە بەشداری لە کۆبونەوەکاندا دەکات. هەر وەختێکیش لە پشکنینەکاندا دەرکەوت ڤایرۆسەکەی نەماوە، ئەو کات بۆ شوێنی کارەکەی دەگەرێتەوە.''

دواتر بایدەن لە رێگای تۆری کۆمەڵایەتی تویتەرەوە وێنەیەکی دەم بە پێکەنینی خۆی داناوو پەیامێکی بڵاو کردەوەو رایگەیاند: ''خەڵکینە، من باشم و سپاس بۆ پەرۆشیتان. ئەمرۆ پێوەندیم بە سیناتۆر کاسی و کۆنگرێسمان کارتڕایت و سەرۆکی شارەوانی کۆگنێتی و (ئامۆزاکانی سکرانتۆنمەوە کرد!) بەداخم  نەمتوانی بەشداری کۆبوونەوەکەیان بم. من زۆر سەرقاڵم!.''

هەر سەبارەت بەم باسە، بەرپرسی کۆمیتەی بەربەرەکانێ لەگەڵ کۆرۆنا لە کۆشکی سپی باسی لەوە کردوە کە: ''سەرۆک تووشی لەروزوتا نەبوە، تەنیا قۆخەی ویشک و هەڵامەتی هەیەو هەست بە ماندوویی دەکات.''

هاوکات خانمی یەکەمی ئەمریکا لە شاری دیترۆیت لە ولایەتی میشیگان بە هەواڵنێرەکانی وت: ''بە پێی پشکنینەکان من تووشی کۆرۆنا نەبووم، چەند خولەک بەر لە ئێستا لەگەڵ بایدەن قسەم کرد، ئەو دۆخی جێگیرە.''


بایدەن 79 ساڵەو بەتەمەنترین سەرۆکی مێژووی ئەمریکایە.

No comments: