Archive

Wednesday, July 13, 2022

یادی د. قاسملوو لەگەڵ ئەندامانی پاڕڵمانی ئورووپاو دژایەتی گەڵاڵەی بەلژیک



ئەمرۆ ئەنستیتوتی گوڵد بۆ کاروباری ستراتیژی نێونەتەوەیی، کۆبوونەوەیەکی بۆ باس لەسەر دیدی جیهانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکاو دۆخی جیهانی پێکهێنابوو.
لە کۆبوونەوەدا کە لە ڕێگای زوومەوەو بۆ ماوەی پتر لە یەک کاتژمێر بەرێوەچوو، لێکۆڵەرانی ئەنستیوتی گوڵدو ئەندامانی پاڕڵمانی ئورووپا وێرای تاوتوێکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا، شەری رووسیاو ئۆکرایناو کاریگەرییەکانی لەسەر جیهان، هەروەها دوایین سەفەری سەرۆک بایدەن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەراست و پرسی رووبەروو بوونەوەی ئێران لەم بوارەدا کەوتە ژێر تیشکی لێکدانەوە.
لەو دەرفەتەدا روو بە بەشداران بە گشتیی، ئەندامانی پاڕڵمانی ئورووپا بە تایبەتی باسم لەوە کرد کە ئەمرۆ ٣٣ ساڵ بەسەر شەهید کرانی د. قاسملوو هاورێیانی بە دەستی دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ئێران تێپەر دەبێ. باسم لەوەش کرد ئەم ساڵیادە لە کاتێکدایە دەوڵەتی بەلژیک گەڵاڵەیەکی پڕ لە شەرمەزاری بۆ ساتوسەدا لەگەڵ رێژیمی ئێران پەسەند کردوە، ئەمەش بۆ ئازاد کردنی ئەسەدوڵا ئەسەدی هاتۆتە ئاراوە کە لەبەرگی دیپلۆماسی دا بە هۆی هەوڵی تیرۆریستی ماوەی ٢٠ ساڵ گیرانی لە لایەن دادگای بەلژیک بۆ بڕاوەتەوە.
بە ئەندامانی پاڕڵمانی ئورووپام وت ئەم پرسە بۆ منی کورد والێکدەدرێتەوە کە ئورووپاییەکان پشتیوانی و کارئاسانی بۆ تیرۆرسیم لە نێو ماڵی خۆیان دەکەن. هەروەها داوام لێکردن دژی ئەم جۆرە هەنگاوانە بوەستنەوە چوونکە گەڵاڵەکەی بەلژیکا دژی مافەکانی مرۆڤ و پێوانە دێموکراتییەکانە.
ئەندامانی پاڕڵمانی ئوروپا بەشدار لەو کۆبوونەوە باسەکەیان بە جیددی وەرگرت و رایانگەیاند لەو بارەوە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن.
شیاوی باسە لەو کۆبوونەوەدا نوێنەری کۆمەڵە لە ئەمریکا بەشدار بوو.

No comments: