Archive

Sunday, July 10, 2022

دیدار لەگەڵ ئەندامێکی پاڕڵمانی فینلەندا


مستەر کورد نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکاو کەنەدا، لەگەڵ ئەندامێکی پاڕڵمانی فینلەندا چاوپێکەوتنی کرد.

رەحیم رەشیدی ناسراو بە مستەر کورد ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، بەرپرسی کاروباری کۆنفدراسیۆن لە ئەمریکاو کەنەدا، لەگەڵ خاتوو پەیڤی رەشەنەن ئەندامی پاڕڵمانی فینلەند کۆبوویەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایەسەر پێوانەو بایەخەکانی مافی مرۆڤ و بەرپرسیاری کۆمەڵی جیهانی لەم بوارەدا بە گشتیی، دەوروو رۆڵی فینلەند بە تایبەتی، کە پێویستە داکۆکی و پشتیوانی لە مافی ستەملێکران و لە نێویاندا نەتەوەی کورد بکرێ.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا باس لە دوایین پەرەسەندنەکانی شەری رووسیاو ئۆکراینا کرا، لەم بارەوە تیشک خرایە سەر رەوەتی بەئەندام بوونی فینلەندو سوئێد لە هاوبەندی ناتۆدا. نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی پێداگری لەسەر ئەو راستییە کردوە نابێ ئەو پرۆسەیە لە دژی چالاکانی کورد لەو وڵاتانە بشکێتەوەو پێویستە ئەو وڵاتانە هەوڵەکانیان بۆ هێنانەکایەی ئاشتی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆشیان بخەنەگڕ، چوونکە لە ئاکامدا ئەم پرۆسە سەقامگیری و ئاسایش بۆ وڵاتانی ئەندامی ناتۆو لە نێویاندا تورکیا دێنێتە کایەوە. مستەر کورد داوای لە ئەندامەکەی پاڕڵمانی فینلەند کرد لەم بوارەدا رۆڵ بگێڕێ و بەم هەنگاوە رێز لە بایەخە هاوبەشەکانی کوردستانیان و وڵاتی فینلەندا وەکوو ئازادی، دێموکراسی و یەکسانی بگرێ...

شیاوی باسە ئەندامەکەی پارڵمانی فینلەندا ئاشکرای کرد بۆ خۆی یەکێک لەو کەسانە بوە لە پاڕڵمان دەنگی داوە بەوەی وڵاتەکەی پەیوەست بە ناتۆ ببێ، چوونکە پاش هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دیدو روانگەی فینلەندییەکان دەربارەی هەرەشەکانی دراوسێیەکی وەکوو رووسیا گۆڕاوەو ئەمەش وای لێکردوون کە بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانی داهاتوو پەیوەست بەو هاوپەیمانییە چەکدارییەوە ببن.

No comments: