Archive

Friday, July 8, 2022

پەڕتووکی ئازادی لە هزرو ڕامانی قاسملوودا

          

 رەحیم رەشیدی\ K24


لە بەرەبەرەی 33هەمین ساڵیادی شەهیدکرانی د. قاسملوودا، پەڕتووکی ''ئازادی لە هزرو ڕامانی قاسملوودا''، کەوتە بازارەوە. پەڕتووکەکە 188 لاپەرەیە، لە قەبارەیەکی مامناوەندیدا لە لایەن ''گۆڤاری تیشک''،  چاپ و بڵاو کراوەتەوە، رێبوار دیزاینی بۆ کردوەو جەماڵ فەتحی کاری هەڵەچنی تێدا کردوە.

نووسەری ئەم پەڕتووکە ''عەلی مونەزەمی'' دەربارەی ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە لە ئێستادا، بە کوردستان24ی وت: ''ئێمەی کورد خەبات بۆ ئازادی دەکەین، پێویستە خۆمان بە باشی لە واتای ئازادیی جێگای مەبەست کە لە ئیرادەی نەتەوەکەمانەوە سەرچاوە دەگرێ، تێبگەین. ئەم پەرتووکە دەتوانێ سەرەتایەک بێ بۆ ئەوەی رێگا بۆ خوێنەران خۆش بکات بە دوای تێگەیشتن لە واتای ئازادی‌دا برۆن، تاکوو لە ئیرادەی نەتەوەکەمان تێبگەن. لەبەر ئەوەی هەوڵی دوژمنانمان تا ئێستاش ئەوە بووە لە پێوەندی لەگەڵ ئازادی‌دا شیکردنەوەیەکی چرووک و چەوت دەرخواردی تاکی کورد بدەن و هزری کوردستان بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە قاڵب بدەن. ئێمە دەبێ بزانین ئازادی چییە و کام بەشی ئەم ئازادییە گرینگە و  بۆ دەست ‌لێهەڵگرتن ناشێ، جیاوازیی ئازادیی تاکەکەسی و ئازادیی گرووپێکی تایبەتی (بۆ وێنە گرووپێکی نەتەوەیی) چییەو هتد...

بە پلەی یەکەم ئامانجم ئەوەیە تاکی کورد بۆ خۆپێگەیاندن لە واتای ئەو ئازادییەی لە ئیرادەی نەتەوەکەمانەوە سەرچاوەی دەگرێ تێبگات. د. قاسملوو یەکێک لەو دەگمەنە ڕێبەرانی کوردە توانیویەتی لە ئاخافتن و نووسینەکانی‌دا ئەو ئیرادەیە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرجەستە  بکاتەوە. ئەم پەرتووکە هەوڵی‌داوە بناغە هزرییەکانی د. قاسملوو لە پێوەندی لەگەڵ ئازادی‌دا شەنوکەو بکاو ڕێبوارانی ڕێگای قاسملوو و خەباتکارانی کورد هان بدات لێی تێبگەن و لە کاتی پێویست‌دا بەکاری بێنن بۆ بڕیاردان و درێژەدانی کارو خەبات.

هاکات کار بۆ ئەوە کراوە تاکوو تاکی کورد خۆی پەروەردە بکات، ئەو خۆپەروەردەکردنە دەبێتە هۆی پەیدابوونی بڕوابەخۆبوون. د. قاسملوو خۆی پەروەردەکردبوو و خاوەنی زانیاری و زانستی پێویست بوو لە پێوەندی لەگەڵ ئەرکەکانی‌دا؛ بۆیە ڕێبەرێکی سەرکەوتوو بوو. لەم پەرتووکەدا بە باشی باسی ئەوە کراوە راستییەکان لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە دەگۆردرێن. بۆیە پێویستیمان بە خۆپەروەردەکردنە تا بتوانیین بۆ هەر سەردەمێک بە گوێرەی ڕاستییەکانی هەمان سەردەم وڵامی چارەسەریی پرسگرێکەکان بدەینەوە.''

عەلی مونەزەمی وەکوو نووسەری پەڕتووکەکە باس لەوە دەکات لە کاتی نووسینەوەی ئەم بەرهەمەدا کۆمەڵێک شتی نوێی سەبارەت بە دیدو جیهانبینی د. قاسملوو بۆ دەرکەوتوە: ''تیۆرییەکانی ئازادی وەک نەبوونی سەردەستی، تیۆرییەکی بە تەواوی نوێیەو تەمەنی لەوانەیە دوو دەییە بێ. بەڵام کاتێک لە بیرو هزری قاسملوودا لێی بکۆڵییەوە، دەردەکەوێ بۆچوونەکانی د. قسملوو لەبارەی ئازادی‌دا هەموو ئەو هۆکارانە دەگرێتەوە کە زانایان لەو دواییانەدا باسیان کردووە. د. قاسملوو چ لە پێوەندی لەگەڵ ستەمی نەتەوەیی‌دا، چ لە پێوەندی لەگەڵ پرسەکانی پێوەندیدار بە زڵم و زۆرداری چینایەتی یان زۆرداریی سیاسیی و پرسی دێموکراسی‌دا، ئەوەی وەک بەڵگەو هۆکار باسی کردوون، دەرخەری ئەم ڕاستییەیە د.قاسملوو ئازادی لە نەمانی سەردەستیی ئەوانی دیکەدا دەبینی. وەها ئازادییەکە لە روانگەوە د. قاسملوودا "کەڕامەت و شەخسییەت دەدا بە مرۆڤەکان." یانی بە کورتی، بیر و ئەندیشەی قاسملوو هێشتا لە گەڵ ڕاستییەکانی ئەم سەردەمەدا ڕێک دەکەون. ئێمە نابێ وای لێ بکەین وەک کەسانی باوەڕداری ئۆلی، قاسملوو لە رەخنە بە دوور بزانیین، بەڵام ئەو هزرانەی قاسملوو پێوەندییان لەگەڵ ئازادی‌دا هەیە، ئەگەر بە تاقیکارییەکی بێ‌لایەنانەی ئەمڕۆیی‌دا بدرێنە بەرباس و رەخنەگرانە لێیان بکۆڵینەوە، دەردەکەوێ هەنۆکەش نوێن.''

نووسەر پێی وایە زەحمەتە د. قاسملوو لە هیچ قوتابخانەیەکی هزریدا بە تەواوەی جێگای بۆ بکرێتەوەو لە قاڵب بدرێ، لەم بازنەدا ئاماژە دەکات: ''قاسملوو کەسێکی چەپ و دێموکرات بوو لە بارەی ئازادی‌دا لیبراڵیزم کاریگەریی لەسەر هەبووە، لە بواری دادپەوەریی کۆمەڵایەتیشەوە کۆمۆنیتاریزم کاریگەریی لەسەر هەبووە. بەڵام ئەو کەسێکی ئەوەندە دەگمەن بوو توانیبووی پڕەنسیپە سەرەکییەکانی بیرو ئەندیشەی چەپ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بپارێزێ. لەم بارەوە ''سارۆ ئەردەلان'' نێوی ناوە "دێموکراسیی رادیکاڵ"، هەروەها ''مستەفا زەنگین'' بە " سۆسیالیستێکی پۆست-مودیرنیست" ناوی دەبا. زەحمەتە د. قاسملوو سەر بە قوتابخانەیەکی تایبەتی پۆلێنبەندی بکرێ. بەڵام گومانم لەوەدا نیە د. قاسملوو بۆ ئازادی و دادپەروەری لە کوردستان‌دا خاوەنی شیاوتریین مەکتەبە، چوونکە ناوبراو دادپەروەری، ئازادی و دێموکراسی بە سێ کۆڵەکەی لێکدانەبڕای کۆمەڵێکی بەختیارو سەقامگیر وەسف کردوە. ''

کورتەیەک لەسەر نووسەر:

 عەلی مونەزەمی  ساڵی 1978 لە گوندێکی ناوچەی ''برادۆستی ورمێ'' بە ناوی ''گۆلەگەنی'' لە دایک بوەو خوێندنی سەرەتایی لەو گوندەو دواناوەندی لە ورمێ تەواو کردوە. ساڵی 1996 بۆتە پێشمەرگە. ساڵی 2001 وەکوو پەنابەر چۆتە وڵاتی نوروێژ، دواتر لە بواری فەلسەفەو چارەسەری ناکۆکییەکان درێژەی بە خوێندن داوەو ساڵی 2011  تێزی ماستێرنامەکەی لە سەر "دێموکراسی لە ڕوانگەی قاسملوو بۆ ئێرانێکی فرە نەتەوە" نووسیوەو خاوەنی چوار پەڕتوتوکە.

No comments: