Archive

Friday, March 28, 2014

کوردەکانی کالیفورنیا بە ئامادەبوونی شەهرام نازری نەورۆزیان پیرۆز کر




                                    وێنەی زۆرتر لێرەیە   


رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

رێکخراوی کۆمەڵگای کوردەکانی دانیشتووی باشوری کاڵیفۆرنیا، کە لە لایەن ئەو ولایەتەوە بە فەرمیی دەناسرێ، بە بەشداری پتر لە ٢٠٠ کەس لە رێورەسمێکی 
  بەشکۆدا چێژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.
لە دەستپێکدا کلارا مورادیان و زانیار کەمانگەر، وێرای بەخێرهاتن کردنی  ئامادەبووان، ریزبەندی بەرنامەکەیان خوێندەوە.
ئەوجار ئاگری نەورۆز لە لایەن دوکتۆر سورەیا فەلاح جێگری رێکخراوی کۆمەڵگای کوردەکانی کالیفۆرنیا کرایەوە و ناوبراو لە وتەیەک دا باسی لە گرینگی پیرۆز کردنی نەورۆز کرد کە دەبێ لەو دەرفەتانەدا، کولتوور و ناسنامەی خۆمان پتر بە منداڵەکانمان بناسێنین و زۆرتر سەرنجیان بۆ لای مێژووی کورد و کوردستان ڕابکێشین.
هەروەها دیاری ئەحمەد سەرۆکی رێکخراوی ناوبراو، بە زمانی ئینگلیزی و هاشم هەولێری بە کوردی وتاریان لەسەر نەورۆز و پێویستی گرینگی دانی کوردەکانی تاراوگە بەو بۆنە نەتەوەیە، پێشکەش کرد.
پێویستە بگوترێ کە ئامادە بوونی هومەنەرمەندان شەهرام نازری و نادر موفتی لەگەڵ پێشوازی و خۆشحالی ئامادەبووان ڕووبەڕوو بویەوە.
شیاوی باسە کە چەند نەتەوە بەشداری ئەو چێژنە بوون و جیا لە ڕاگەیانی کوردی، مێدیای بیانیش گرینگی زۆریان بە رێورەسمەکەدا. 
بڕگەی کۆتایی چیژنە بە دەنگ و موسیقای هونەرمەندان بەرهەم حەسەن و دیلان هەمەوەندی و بە شایی و رەشبەڵەکی کوردەواری تاکوو درەنگانی شەو دڕێژەی کێشا.انی کالیفورنیا بە ئامادەبوونی شەهرام نازری نەورۆزیان پیرۆز کرد

Thursday, March 27, 2014

کوردستان وێرای ١٦ وڵاتی دیکە جێژنی نەورۆزی پیرۆز کرد





رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن 

لە رێورەسمێکی بەشکۆدا و بە بەشداری باڵوێزی حەوت وڵات، چەند کەسایەتی دیاری ئامریکایی و بیانی، ١٧ وڵات پێکەوە جێژنی نەورۆزیان لە واشینگتۆن پیرۆز کرد.
ئەو رێورەسمە لە لایەن کومیسیۆنی چێژنی نەورۆزەوە ساز درابو. رێکخراوەکە پاش ئەوە پێکهات کە سەرۆککۆماری بەرێی ئامریکا، جۆرش بووش و هاوسەرەکەی ساڵی ٢٠٠٨ بۆ یەکەمجار لە کۆشکی سپی لە رێورەسمێکی جوان خنچیلانەدا جێژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.
پاش ئەم رووداوە، بیرۆکەی ئەوە هاتە گۆری کە وڵاتانی ئەفغانستان، تورکیە، تاجیکستان، قرقیزستان، ئازەربایجان، عێراق، هەرێمی کوردستان و چەند وڵاتی دیکە، بە ئامانجی گرینگی دان بە ئاشتی و پێکەوە ژیانی دڵخوازانە و بەربڵاوتر کردنی کولتووری مرۆڤ دۆستی و پاراستنی مافی مرۆڤ، بە هەڤرا کار بکەن و بۆ ئاشتی و تەبایی تێبکۆشن و هەوڵی پاراستنی ئەو شارستانیەتە دیرۆکیە بدەن.
ئەوە ماوەی پێنج ساڵە کە کومیسیۆنی جێژنی نەورۆز ئەو یادە پیرۆز دەکات و نەتەوەکانی ئەندام پێکەوە کولتوور و کەلەپووری خۆیان دەخەنە بەر دیدەی سەدان کەس لە دیپلۆماتکارو هونەرمەندان و کەسانی شارەزاو خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی کە بۆ بەشداری کردن لەو جێژنەدا بە فەرمیی بانگهێشت دەکرێن.
پێویستە بگوترێ کە ئەمساڵ بۆ یەکەمین جار کوردستان لە پلەی دەوڵەتێک دا بە فەرمیی بەشداری ئەو رێورەسمەی کرد و وێرای پێشکەش کردنی هەڵپەرێکی و گۆرانی کوردی، ژووری کوردستان بە ئاڵای کوردستانەوە لە پاڵ ژووری وڵاتانی دیکەدا، بۆ نیشان دانی کلتوور و کەلەپووری کوردەواری تەرخان کرابو.

لە کوردستانی بچووکی ئەمریکا بە بەشداری ٤ هەزار کەس ئاگری نەورۆز کرایەوە




رەحیم رەشیدی/ واشنگتن


بە دەستپێشخەری ئەنجوومەنی کوردەکانی ئەمریکا لە ولایەتی نەشڤیل، رێورەسمی چیژنی نەورۆز بە شکۆیەکی مەزنەوە بەرێوەچوو.
لە سه‌ره‌تای ئەو رێورەسمەدا سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب پێشکەش کراو دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، دەستی پێکرد.
پاشان وتاری رەوەندی کوردی، لە لایەن کامه‌ران وانی و هێلین چه‌لکی به‌ هه‌ر دوو زمانی کوردی و ئینگلیزی خوێندرایه‌وه‌.
دواتر لاوانی ئەندام لە ئەنجوومەنی کوردەکانی نەشڤیل، ئاگری نەورۆزیان وەکوو هێمای خواراگری کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەڵکرد، کە لەگەڵ پێشوازی گەرمی بەشدسران ڕووبەڕوو بویەوە.
ئینجا، هۆنراوه‌ی نه‌ورۆز به‌ زمانی ئینگلیزی له‌ لایه‌ن شاعیری گه‌نج "په‌ل ساڵح دۆسکی” خوێندرایەوە. ناوبراو یه‌کێک له‌ ده‌هه‌مین شاعیری ویلایه‌تی تێنیسیی و ناوه‌ڕاستی ئه‌مه‌ریکایە. 
لە برگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، سیناتۆری ویلایه‌تی تێنیسیی و پارتی کۆماری ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێز "ستیڤن دیکرسۆن" وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد و پیرۆزبایی جه‌ژنی نه‌ورۆزی له‌ گه‌لی کورد کرد. دواتر “کولیك" په‌خشانێکی له‌ ژێر ناونیشانی "نه‌ورۆز و ئازادی" پێشکه‌ش به‌ ئاماده‌بووان کرد.
شیاوی ئاماژەیە کە میوانانی ئه‌مه‌ریکی که‌ پێکهاتبوون له‌ سیناتۆری ویلایه‌ت و شاندی پارتی کۆماری ئه‌مه‌ریکا و به‌ربژێری پارتی دیمۆکراتی ئه‌مه‌ریکا بۆ پۆستی دادوه‌ری ویلایه‌ت و شاندی یاوه‌ری، بە ئامادە بوونی ئەو جەماوەرە زۆرەو شایی و ڕەشبەڵەکی کوردەواری سەرسام بوون. فەلاح زراری ئەندامی دەستەی بەرێوەبەی چێژنی نەورۆز ئاشکرای کرد کە لەو رێورەسمەدا پتر لە چوار هەزار کەس بەشدار بوون.

Wednesday, March 26, 2014

بە بەشداری بەرپرسانی ئەمریکی نەورۆز لە ولایەتی نیویۆرک پیرۆز کرا




رەحیم رەشیدی / واشینگتۆن 


بە دەستپێشخەری، رێکخراوی ئەنجومەنی کورد و ئەمریکا لە نیویورک و بە پشتیوانی دەست مایەدارێکی کورد، رەوەندی کوردی لە شاری بینگهامتۆن لە ویلایەتی نیویورک، چێژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.
لە دەستپێکی بەرنامەکەدا، سرودی ئەی رەقیب و سرودی نەتەوەیی ئەمریکا پێشکەش کرا.
دواتر قایمقامی شاری نینگهامتۆن، لە وتەیەک دا پیرۆزبایی چەژنی نەورۆزی لە کورد کرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرێوەچوونی ئەو رێورەسمە دەربری و رایگەیاند کە بە دۆستایەتی و پەیوەندیی باشی رەوەندی کوردی دانیشتووی شارەکە، لەگەڵ ئەمریکایەکان سەربەرز و خۆشحالە.
ئەوجار کورتە باسێک دەربارەی نەورۆز بە گشتیی و گرینگی ئەم یادە بۆ نەتەوەی کورد پێشکەش کرا. هەروەها چەند پارچە شێعر و پەخشان لە لایەن بەشدارانەوە خوێندرایەوە.
شیاوی باسە رزوان زێباری ئەندامی ئەنجوومەنی کورد و ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لە رێورەسمی یادی نەورۆزدا، وێرای ژمارەیەکی بەرچاو لە رەوەندی کوردی لە ولایەتی نیویۆرک، قایمقامی شاری بینگهامتون و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن و ژمارەیەک لە قوتابیانی کوردی بواری توانسازی حکومەتی هەرێم کە لە کە زانکۆی ماریورد لە ویلایەتی پەنسلڤانیا سەرقاڵی خوێندنن، ئامادە رێورەسمەکە بوون.

دواین بڕگەی یادی نەورۆز، شایی و گۆڤەندی ئامادەبووان بوو.

كوردستان لەگەڵ ١٦ وڵاتی دیکە یادی نەورۆزی کردەوە

Tuesday, March 25, 2014

رەوەندی کوردی لە ئەمریکا چێژنی نەورۆزی پیرۆز کرد




رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

ئەمساڵیش وەکوو ساڵانی بەرێ، کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان، لە دەفەری واشینگتۆن، لە رێورەسمێکی شکۆمەنددا، چیژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.
پێویستە بگوترێ کە جیا لە ڕەوەندی کوردی، لوقمان فەیلی باڵوێزی عێراقی فیدراڵ لە ئەمریکا و کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسیی و دیپلۆماتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەشداری چێژنەکە بوون.
سەرەتا رێورەسمەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان دەستی پێکرد. ئەوجار رەحیم رەشیدی بە نوێنەرایەتی ڕەوەندی کوردی وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو لە وتارەکەی دا ئاورێ وەسەر بارودۆخی سیاسیی و چفاکی کوردستان دابوە.
پێویستە بگوترێ کە پاش وتاری رەوەندی کوردی، بەشدارانی رێورەسمەکە تاکوو درەنگانی شەو، شایی و گۆڤەندیان گێرا.
پێویستە بگوتری کە بەرچاوترین خاڵی چێژنی نەتەوەیی نەورۆز کە ساڵانە رەوەندی کوردی لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەرێوەی دەبات، ئەوەیە کە، هەموو حیزب و رێکخراوە سیاسیی، جەماوری و پیشەیی و دێموکراتیکەکان، سەڕەرای هەرچەشنە جیاوازییەکیان لە بۆچوون و روانگەدا، لە ژێر ئاڵای کوردستان دا، یەکگرتوانە کۆدەبنەوەو چێژنی خۆیان پیرۆز دەکەن و دەکرێ بگوترێ کە چیژنی نەورۆز مەزنترین کۆبوونەوەی کوردەکانی دەڤەری واشینگتۆنە.

ڕەوەندی کوردی لە واشنتن چێژنی نەورۆزی پیرۆز کرد

Monday, March 24, 2014

نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە نەورۆزدا درگای خۆی ئاوەڵا کرد


ئەمساڵیش لە نەورۆزو دەستپێکی بەهاردا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشینگتۆنی پێتەختی ئامریکا، بە چالاکی جۆراوجۆر رێزی لەم یادە دەگرت. نوێنەرایەتیەکە بە کردنەوەی درگای خۆی بۆ رەوەندی کوردی بە گشتیی و بیانییەکان بە تایبەتی، هەوڵ دەدات کە ئەو یادە بۆ ناساندنی پتری کولتووری کوردی کەڵک لێوەرگرێت.
ئەمساڵ، بە کردنەوەی ئاگری لە حەوشەی نوێنەرایەتی و رازاندنەوەی شوێنی پێشوازی کردن لە میوانەکان بە تابلۆو شتومەکی کولتووری و کەلەپووری کوردەواری و دەیان پەڕتووک لەسەر کورد و کوردستان بە زمانی ئینگلیزی، هەوڵ دەدات کە بیانیەکان پتر شارەزای دۆزی کورد ببن.
مایکڵ چایات نووسەر و پسپۆری زمان پێی وابوو کە نەبوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان بە زیان شکاوەتەوەو بەشێک لە کارو چالاکییەکانی ئەو نوێنەرایەتییە وەستاوەو هیوای خواست کە هەرچی زوتر هەرێمی کوردستان نەوێنەری خۆی لە واشینگتۆن دیاری بکات. بەشێک لە ئامادەبووانی بۆنەکەش پێیان وایە نەبوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان لە واشینگتۆن زیانی بە دواوە بوە.
مەبەستی سەرەکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان جیا لە، پێشوازی کردن لە بەهارو پیرۆز کردنی چێژنی نەتەوەیی نەورۆز، ئەویە کە ئەم دەرفەتە بکاتە دەرەتانێ تاکوو رەوەدنی کوردی و ئەمریکاییەکان پتر لێک نزیک بکاتەوە، هاوکات کولتوورو کەلەپووری کوردستانیش زۆرتر بە ئەمریکاییەکان بناسێنێ

Thursday, March 20, 2014

ئێرانییەکان دژی هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە فێستیڤاڵی نەورۆزی واشنگتن بوون

پێیان وتین نابێ ئاڵای کوردستان دابن



رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

سێهەمین فێستیواڵی نەورۆزی دەڤەری واشینگتۆن، لە کەشواهەوایەکی خۆش و بە بەشداری چەند نەتەوەی جۆراوجۆر بەرێوچوو.
ئەمساڵیش بۆ پێشوازی لە بەهار و نەورۆز، فێستیڤالێکی مەزن، کە بە هەزاران کەس لە خەڵکی سەر بە نەتەوە جیاجیاکانی دونیا بە گشتیی تێیدا بەشدار بوون بەرێوەچوو .
کاتژمێر ٨ی سەر لە بەیانی درگای شوێنی فێستیواڵکە ئاوەڵا کرا بۆ ئەوەی هەر نەتەوەیەک بە ڕازاندنەوەی خێوەت یان ژووری تایبەت بە خۆی، کە بریتی بوو لە پیشاندانی کولتوور و کەلەپووری ئەو نەتەوەیە، یان فرۆشتنی شتومەکی تایبەتی خۆیان، دەستی پێکرد.
پاشان کاتژمێر ١٠، ریزبەندی بەرنامەکان لە لایەن هونەرمەندی کرماشانی لەیلا راد کە بەرێوەبەری ئەو ڤێستیڤاڵە بوو خوێندرایەوە. هەروەها هەر نەتەوەیەک، بە نیشاندانی هەڵپەرکێ، سەماو وتنی گۆرانی و پێشکەش کردنی یاری سەرگەرمی، بەش یان چەند بەش لە کولتووری خۆیان نیشان دا.
شیاوی گوتنە، کوردەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان، بە شێوەیەکی چالاکانە و یەکگرتوانە و بە هاوکاری و پشتیوانی بەشی کولتوورو کۆمەڵایەتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری ئەو بۆنەیە بوون و سەرجەم رێکخراوە سیاسیی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە دەڤەری واشینگتۆن بە دەیان شتی کولتووری و کەلەپووری کوردەواریان لەگەڵ خۆیان هێنابوە شوێنی فێستیڤاڵەکەو نیسای ئامادەبووانیان دا.
هاوکات لەسەر خێوەتی کوردستان، بە بەرچاوی هەزاران کەس لە بەشدارانی ئەو بۆنەیەوە، ئاڵای کوردستان دەشەکایەوەو بە سەدان کەس لە نەتەوە جۆربەجۆرەکانی دونیا سەردانی خێوەتی کوردەکانیان دەکردو لەگەڵ ناسنامەو تایبەتمەندییەکانی کوردو کوردستان ئاشنا دەبوون.
دەکرێ بگوترێ کە شوێنی کوردەکان قەرەباڵغترین شوێنی ئەو فێستیڤاڵە بوو کە بەرێوەبەرانی ئەو چالاکییە لەگەڵ چەند راگەیاندنی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی سەبارەت بە کوردو کوردستان وتووێژو دیدارو چاوپێکەوتنیان پێکهێناو وڵامی پرسیاری سەدان کەسی بیانیان دایەوە کە سەردانی ژووری کوردستانیان دەکرد و لەسەر کوردو کوردستان پرسیاریان هەبوو.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، گروپی هەڵپەرکێی ژنان و پیاوانی کورد، بە نیشاندانی چەند جۆر شایی و رەشبەڵەکی سەرنجراکێش لە نێو ئاپۆرای خەڵەکەدا، سەرنجی زۆربەی هەرە زۆری بەشدارانی ئەو فێستێڤاڵەیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاو لەگەڵ پێشوازی و چەپڵەرێزانی گەرمی ئامادەبووان دا رووبەروو بوونەوە.
پێویستە بگوترێ کە ئەوە ماوەی دوو ساڵە کوردەکان بەشداری ئەو فێستیڤاڵە دەبن و بە هۆی ئەوەی کە ئێرانییەکان لە وەرێخستنی ئەو فێستیڤاڵەدا دەستی باڵایان هەیە، هەڵدانی ئاڵای کوردستان بە بیانوی جۆراجۆر لەگەڵ ئاستەنگ ڕووبەڕوو دەکەن، لێ کوردەکان ملیان بۆ ئەو تەنگوچەڵەمانە شل نەکردوەو ئاڵای کوردستانیان لە ژووری تایبەت بە خۆیان دا شەکاندۆتەوە.
ڤێستیڤاڵە لە نێو شادی و خۆشی بەشداران دا کاتژمێر ٦ی سەر لە ئیوارێ کۆتایی هات.

Tuesday, March 18, 2014

یادی هەڵەبجە لە ساندیاگۆ کرایەوە






رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

لە رێورەسمێکدا کە لە لەلایەن ناوەندی کوردی لە ساندیاگۆ سەر بە ولایەتی کالیفورنیا، پێکهاتبوو، رێز لە قوربانیانی هەڵەبجە گیرا.
لە سەرەتای ئەو بەرنامەدا، ئەردەلان بێهرووزی ئەندامی ناوەندی کوردی وێرای بەخێرهاتن کردنی ئامادەبووان، ریزبەندی چۆنیەتی بەرێوەچوونی رێورەسمەکەی خوێندەوە.
پاشان ئارام حەمە ساڵح جێگری سەرۆکی ناوەندی کوردی لە ساندیاگۆ، لەسەر کارەساتی هەڵەبجە قسەی کرد و بە پێویستی زانی کە یادەوری هەڵەبجە وەکوو تراژیدییایەکی نەتەوەیی زیندوو رابگیرێ.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو بەرنامەدا، ئەندازیار ئەردەشێر رەشیدی، لە بارەی سەردانی بۆ هەڵەبجە قسەی کرد و  هاوکات پێشنیارەکانی خۆی بۆ گوشار خستنە سەر حکومەتی ئەمریکا هێنایە زمان کە کوردەکان چۆن و لە چ رێگایەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا پرسی هەڵەبجە بە جنوساید بناسێ.
ئینجا دوکتۆر ئازاد مورادیان لە بارەی گیرنگی رووداوی کیمابارانکردنی هەڵەبجە قسەی کردو لە نێوەرکی قسەکانی دا ئاماژەی بەوە کرد کە گرینگە کورد پرسی تراژیدیای هەڵەبجە وەکوو دۆسیەیەکی نێونەتەوەیی چاو لێبکات و بۆ بە جیهانی بوونی ئەو پرسە تێبکۆشی.
پێویست بە ئاماژەیە کە شارەداری یەکێک لە شارۆچکەکانی سەر بە باژێری ساندیاگۆ لە کۆڕیادەکەدا قسەی کردو پشتیوانی خۆی بۆ ئەوە راگەیاند کە پشتیوانی لەوە دەکات تاکوو ئەمریکا رووداوی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە جنوساید بناسێ.
لە بەشێکی دیکەی ئەو رێورەسمەدا، هانا جاف جێگری وەزیری کۆچبەران مەکسیک, قسەی و وتی کە نابێ مێژووی خۆمان لە بیر بکەین. 
لە دوا بڕگەی ئەو کۆڕیادەدا، قەشەیەکی ئەرمەنی لەسەر قەڵاچوو کردنی ئەرمەنی و کورد قسەی کرد و رایگەیاند کە هەر دوو نەتەوەی کوردو ئەرمەنی غەدری مێژوویان لێکراوە پێویستە کە کۆمەڵگای جیهانی ئاوڕیان لێبداتەوە...

بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارتی کۆماری و دێموکراتی ئەمریکی لە نەشڤیل یادی هەڵەبجە کرایەوە



وێنەی پتر


رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

ئەنجوومەنی کوردەکانی نەشڤیل لە ولایەتی تێنیسی، بە ئامانجی بەرزراگرتنی یادو بیرەوری شەهیدانی هەڵەبجە کۆڕیادێکی بەرێوەبرد. سەرەتای ئەو کۆڕیادە بە راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کوردو کوردستان دەستی پێکرد.
ئەوجار وتاری ئەنجوومەنی کوردەکانی تێنیسی لە لایه‌ن کامه‌ران وانی خوێندرایه‌وه‌. بە دوای ئەودا چه‌ند ڤیدیۆیه‌کی دۆکۆمه‌نته‌ری لە بارەی ئەنفال و هەلەبجە نیشان دران.
ئینجا، مه‌رعان به‌رواری کە بۆ خۆی یه‌کێک له‌ قوربانیانی پرۆسەی ئەنفالە، وەکوو شاهێد حاڵێک باسی چۆنیه‌تی پرۆسەی ئەنفالی کردو لەو بارەیەوە چەند بیرەوری تالی گێرایەوە. 
دواتر هونه‌رمه‌ند و ده‌رهێنه‌ری فیلمی “ئه‌نفال" ساندرۆس کورته‌یه‌کی له‌ فیلمه‌ دۆکێمینتاریه‌که‌ی لە بارەی هه‌ڵه‌بجه‌ پێشکه‌ش به‌ ئاماده‌بوان کرد و باسی چۆنیه‌تی فیلمه‌که‌و ئازاری گه‌لی کوردی بۆ بەشدارانی ئەو کۆڕیادە کرد. 
ئوجار هونه‌رمه‌ندی شانۆکار سه‌رکه‌وت تارۆ شانۆیەکی لە ژێ ناوی “پاکیزه‌” پێشکه‌ش کرد کە ناوەرۆکی شانۆکە باس له‌ چۆنیه‌تی ئه‌نفال کردنی کچێکی کورد ده‌کات.
لە بەشیکی دیکەی ئەو کۆڕیادەدا، پڕۆفیسۆر کرمانج گوندی وه‌ک چالاکوانێکی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، باسی چۆنیه‌تی به‌سه‌رهاتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و بێده‌نگی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی کرد له‌ به‌رامبه‌ر جینۆسایدکردنی کورددا و رایگەیاند کە پێویستە هەوڵەکانمان چڕتر بکەینەوە بۆ ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا پرسی ئەنفال و هەڵەبجە بە جنوساید بناسێت.
دواتر هۆزانڤان دیاری دارتاش په‌خشانێکی لە ژێر ناوی “ئەنفال” دا، خوێنده‌وه‌.
دوا بەشی ئەو کۆڕیادە، شانۆیه‌کی هونه‌رمه‌ندی شانۆکار مێهڤان شعبان کوریمه‌یی بوو کە لەودا، ١٠ گه‌نجی چالاکوان و شانۆکاری کوردی شاری ناشڤێڵ له‌ ژێر ناونیشانی “نیشتمان” پێشکەشی ئامادەبوانیان کرد.
شیاوی باسە کە چالاکوانی کورد فەلاح زوراری ئاشکرای کرد، جیا لە رەوندی کوردی لە نەشڤیل، نوێنەرانی پارتی کۆماری و دێموکراتی ئەمریکا، بەشداری ئەو رێورەسمە بوون.
پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە پتر لە ١٠ هەزار کورد لە نەشڤیل دەژین و هەر بۆیە ئەو باژێژە بە کوردستانی بچووکی ئەمریکا ناوبانگی دەرکردوە.

Monday, March 17, 2014

Kurds ask US to officially recognize Kurdish Genocide







Rahim Rashidi
 
The United States has been asked to officially recognize the Kurdish Genocide. The Kurdish council in New York made the request at Binghamton University, at a seminar held to commemorate the Anfal campaign that took place in Halabja.

The head of the Kurdish Organization in the US, Nergiz Taha, said in the seminar that the organization wants Kurdish youth as well as foreigners to learn about the history of Kurdish people.
The seminar featured a screening of an Al-Jazeera documentary about the Anfal campaign. Participants, including Kurdish students based in the US and some American lecturers, asked questions about the Anfal campaign and the Halabja chemical attack.

The representative of the KRG in Washington, Karwan Zebari, and writer and university lecturer Mujahid Blichi emphasized the efforts taken by the Kurdish people to push US Congress to officially recognize Kurdish Genocide.

Kurdish people in  the diaspora tend to commemorate Halabja’s Anfal campaign differently, and this is especially so in the US.

داوا لە ئەمریکا دەکرێ هەڵەبجە و ئەنفال بە جینوساید بناسێ







كوردانی نیویۆرك بۆ یادی هه‌ڵه‌بجه‌ كۆده‌بنه‌وه‌
نیویۆرک (باسنیوز) رەحیم رەشیدی-
ئەنجوومه‌نی کوردانی ئەمریکا لە نیویۆرک سمینارێك له‌ زانكۆی شاری بینگهامتۆن بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی كاره‌ساتی ئەنفال و هەڵەبجە ده‌به‌ستن و داوا له‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن دان به‌جینۆسایدی كوردان دابنێت.
نێرگس تەها سەرۆکی رێکخراوی کورد لە ئەمریکا سەبارەت بە ئەنفال و جینۆساید له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ دەیانەوێ لاوانی کورد پتر ئاشنای مێژووی کوردستان بن و هاوکات قوتابی و خوێندکار و خەڵکی ئەمریکا لەبارەی کورد و کوردستان و ئەو کارەساتانەی بەسەر نەتەوەی کورد هاتووە زانیاری پێویست بەدەست بهێنن.
لە بڕگەیەکی دیکەدا فیلمێکی به‌ڵگه‌نه‌مایی لەسەر ئەنفال پێشان درا کە بەشی ئینگلیزی که‌ناڵی ئەلجەزیرەی عه‌ره‌بی بەرهەمی هێنابوو. لە دوا بەشی کۆڕیادەکەشدا، کاروان زێباری لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ موجاهید بلیچی نووسەر و مامۆستای زانكۆ سەبارەت بە ئەنفال و جینۆساید قسەیان کرد و لە ناوەڕۆکی ئاخاوتنەکانیاندا باسیان لەوە کرد کە پێویستە کورد هەوڵەکانی خۆی بۆ ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنفال و کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە جینوساید بناسێ، رێکوپێک و بەربڵاوتر بکات.
هەروه‌ها رۆژنامەوان رۆبین رێشوان باسی لە بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان کرد و دواین ئالۆگۆڕەکانی ئەو بەشه‌ی کوردستانی شیکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، کۆڕگێران وه‌ڵامی پرسیاری بەشداربووانیان دایەوە. لە کۆڕەکەدا، جیا لە کورد کۆمەڵێک قوتابی و مامۆستای ئەمریکی بەشدار بوون.
ساڵانە رەوەندی کوردی لە ئەمریکا بە شێوەی جۆراوجۆر یادی كاره‌ساتی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال ده‌كه‌نه‌وه‌.