Archive

Monday, March 17, 2014

داوا لە ئەمریکا دەکرێ هەڵەبجە و ئەنفال بە جینوساید بناسێ







كوردانی نیویۆرك بۆ یادی هه‌ڵه‌بجه‌ كۆده‌بنه‌وه‌
نیویۆرک (باسنیوز) رەحیم رەشیدی-
ئەنجوومه‌نی کوردانی ئەمریکا لە نیویۆرک سمینارێك له‌ زانكۆی شاری بینگهامتۆن بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی كاره‌ساتی ئەنفال و هەڵەبجە ده‌به‌ستن و داوا له‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن دان به‌جینۆسایدی كوردان دابنێت.
نێرگس تەها سەرۆکی رێکخراوی کورد لە ئەمریکا سەبارەت بە ئەنفال و جینۆساید له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ دەیانەوێ لاوانی کورد پتر ئاشنای مێژووی کوردستان بن و هاوکات قوتابی و خوێندکار و خەڵکی ئەمریکا لەبارەی کورد و کوردستان و ئەو کارەساتانەی بەسەر نەتەوەی کورد هاتووە زانیاری پێویست بەدەست بهێنن.
لە بڕگەیەکی دیکەدا فیلمێکی به‌ڵگه‌نه‌مایی لەسەر ئەنفال پێشان درا کە بەشی ئینگلیزی که‌ناڵی ئەلجەزیرەی عه‌ره‌بی بەرهەمی هێنابوو. لە دوا بەشی کۆڕیادەکەشدا، کاروان زێباری لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ موجاهید بلیچی نووسەر و مامۆستای زانكۆ سەبارەت بە ئەنفال و جینۆساید قسەیان کرد و لە ناوەڕۆکی ئاخاوتنەکانیاندا باسیان لەوە کرد کە پێویستە کورد هەوڵەکانی خۆی بۆ ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنفال و کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە جینوساید بناسێ، رێکوپێک و بەربڵاوتر بکات.
هەروه‌ها رۆژنامەوان رۆبین رێشوان باسی لە بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان کرد و دواین ئالۆگۆڕەکانی ئەو بەشه‌ی کوردستانی شیکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، کۆڕگێران وه‌ڵامی پرسیاری بەشداربووانیان دایەوە. لە کۆڕەکەدا، جیا لە کورد کۆمەڵێک قوتابی و مامۆستای ئەمریکی بەشدار بوون.
ساڵانە رەوەندی کوردی لە ئەمریکا بە شێوەی جۆراوجۆر یادی كاره‌ساتی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال ده‌كه‌نه‌وه‌.

No comments: