رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن
لە رێورەسمێکی بەشکۆدا و بە بەشداری باڵوێزی حەوت وڵات، چەند کەسایەتی دیاری ئامریکایی و بیانی، ١٧ وڵات پێکەوە جێژنی نەورۆزیان لە واشینگتۆن پیرۆز کرد.
ئەو رێورەسمە لە لایەن کومیسیۆنی چێژنی نەورۆزەوە ساز درابو. رێکخراوەکە پاش ئەوە پێکهات کە سەرۆککۆماری بەرێی ئامریکا، جۆرش بووش و هاوسەرەکەی ساڵی ٢٠٠٨ بۆ یەکەمجار لە کۆشکی سپی لە رێورەسمێکی جوان خنچیلانەدا جێژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.
پاش ئەم رووداوە، بیرۆکەی ئەوە هاتە گۆری کە وڵاتانی ئەفغانستان، تورکیە، تاجیکستان، قرقیزستان، ئازەربایجان، عێراق، هەرێمی کوردستان و چەند وڵاتی دیکە، بە ئامانجی گرینگی دان بە ئاشتی و پێکەوە ژیانی دڵخوازانە و بەربڵاوتر کردنی کولتووری مرۆڤ دۆستی و پاراستنی مافی مرۆڤ، بە هەڤرا کار بکەن و بۆ ئاشتی و تەبایی تێبکۆشن و هەوڵی پاراستنی ئەو شارستانیەتە دیرۆکیە بدەن.
ئەوە ماوەی پێنج ساڵە کە کومیسیۆنی جێژنی نەورۆز ئەو یادە پیرۆز دەکات و نەتەوەکانی ئەندام پێکەوە کولتوور و کەلەپووری خۆیان دەخەنە بەر دیدەی سەدان کەس لە دیپلۆماتکارو هونەرمەندان و کەسانی شارەزاو خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی کە بۆ بەشداری کردن لەو جێژنەدا بە فەرمیی بانگهێشت دەکرێن.
پێویستە بگوترێ کە ئەمساڵ بۆ یەکەمین جار کوردستان لە پلەی دەوڵەتێک دا بە فەرمیی بەشداری ئەو رێورەسمەی کرد و وێرای پێشکەش کردنی هەڵپەرێکی و گۆرانی کوردی، ژووری کوردستان بە ئاڵای کوردستانەوە لە پاڵ ژووری وڵاتانی دیکەدا، بۆ نیشان دانی کلتوور و کەلەپووری کوردەواری تەرخان کرابو.
No comments:
Post a Comment