Archive

Thursday, March 20, 2014

پێیان وتین نابێ ئاڵای کوردستان دابن



رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

سێهەمین فێستیواڵی نەورۆزی دەڤەری واشینگتۆن، لە کەشواهەوایەکی خۆش و بە بەشداری چەند نەتەوەی جۆراوجۆر بەرێوچوو.
ئەمساڵیش بۆ پێشوازی لە بەهار و نەورۆز، فێستیڤالێکی مەزن، کە بە هەزاران کەس لە خەڵکی سەر بە نەتەوە جیاجیاکانی دونیا بە گشتیی تێیدا بەشدار بوون بەرێوەچوو .
کاتژمێر ٨ی سەر لە بەیانی درگای شوێنی فێستیواڵکە ئاوەڵا کرا بۆ ئەوەی هەر نەتەوەیەک بە ڕازاندنەوەی خێوەت یان ژووری تایبەت بە خۆی، کە بریتی بوو لە پیشاندانی کولتوور و کەلەپووری ئەو نەتەوەیە، یان فرۆشتنی شتومەکی تایبەتی خۆیان، دەستی پێکرد.
پاشان کاتژمێر ١٠، ریزبەندی بەرنامەکان لە لایەن هونەرمەندی کرماشانی لەیلا راد کە بەرێوەبەری ئەو ڤێستیڤاڵە بوو خوێندرایەوە. هەروەها هەر نەتەوەیەک، بە نیشاندانی هەڵپەرکێ، سەماو وتنی گۆرانی و پێشکەش کردنی یاری سەرگەرمی، بەش یان چەند بەش لە کولتووری خۆیان نیشان دا.
شیاوی گوتنە، کوردەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان، بە شێوەیەکی چالاکانە و یەکگرتوانە و بە هاوکاری و پشتیوانی بەشی کولتوورو کۆمەڵایەتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری ئەو بۆنەیە بوون و سەرجەم رێکخراوە سیاسیی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە دەڤەری واشینگتۆن بە دەیان شتی کولتووری و کەلەپووری کوردەواریان لەگەڵ خۆیان هێنابوە شوێنی فێستیڤاڵەکەو نیسای ئامادەبووانیان دا.
هاوکات لەسەر خێوەتی کوردستان، بە بەرچاوی هەزاران کەس لە بەشدارانی ئەو بۆنەیەوە، ئاڵای کوردستان دەشەکایەوەو بە سەدان کەس لە نەتەوە جۆربەجۆرەکانی دونیا سەردانی خێوەتی کوردەکانیان دەکردو لەگەڵ ناسنامەو تایبەتمەندییەکانی کوردو کوردستان ئاشنا دەبوون.
دەکرێ بگوترێ کە شوێنی کوردەکان قەرەباڵغترین شوێنی ئەو فێستیڤاڵە بوو کە بەرێوەبەرانی ئەو چالاکییە لەگەڵ چەند راگەیاندنی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی سەبارەت بە کوردو کوردستان وتووێژو دیدارو چاوپێکەوتنیان پێکهێناو وڵامی پرسیاری سەدان کەسی بیانیان دایەوە کە سەردانی ژووری کوردستانیان دەکرد و لەسەر کوردو کوردستان پرسیاریان هەبوو.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، گروپی هەڵپەرکێی ژنان و پیاوانی کورد، بە نیشاندانی چەند جۆر شایی و رەشبەڵەکی سەرنجراکێش لە نێو ئاپۆرای خەڵەکەدا، سەرنجی زۆربەی هەرە زۆری بەشدارانی ئەو فێستێڤاڵەیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاو لەگەڵ پێشوازی و چەپڵەرێزانی گەرمی ئامادەبووان دا رووبەروو بوونەوە.
پێویستە بگوترێ کە ئەوە ماوەی دوو ساڵە کوردەکان بەشداری ئەو فێستیڤاڵە دەبن و بە هۆی ئەوەی کە ئێرانییەکان لە وەرێخستنی ئەو فێستیڤاڵەدا دەستی باڵایان هەیە، هەڵدانی ئاڵای کوردستان بە بیانوی جۆراجۆر لەگەڵ ئاستەنگ ڕووبەڕوو دەکەن، لێ کوردەکان ملیان بۆ ئەو تەنگوچەڵەمانە شل نەکردوەو ئاڵای کوردستانیان لە ژووری تایبەت بە خۆیان دا شەکاندۆتەوە.
ڤێستیڤاڵە لە نێو شادی و خۆشی بەشداران دا کاتژمێر ٦ی سەر لە ئیوارێ کۆتایی هات.

No comments: