Archive

Monday, May 20, 2013

پاش دیداری رەجەب تەیەب ئەردۆغان لەگەڵ ئوباما، ئەحمەد تورک ئەمرۆ سەردانی کۆشکی سپی دەکات

رەحیم رەشیدی
رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٦ی مای ٢٠١٣، رەجەب تەیەب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیە لەگەڵ باراک ئۆباماو چەند کاربەدەستی پایەبەرزی دیکەی ئامریکا لە کۆشکی سپی دیدارو چاوپێکەوتنی کردو کۆمەڵێک بابەتی پێوەندیداری بە دوو لایەن لەگەڵ تاوتوێ کردن.
ئەردۆغان هەموو هەوڵی خۆی لەسەر ئەوە چڕ کردبوەوە کە بتوانێ سەرۆک ئۆباما رازی بکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شێلگیرانە ڕووبەرووی بەشار ئەسەد ببنەوەو بەڵکو هێرشی چەکداری وەکوو ئەوەی کردیانە سەر لیبی لە سوریەش دووپات ببێتەوە، یان هەر هیچ نەبێ ئامریکا رازی بێ کە لە سوریە نێوچەیەکی دژە فڕین پێک بێت، بە شێوەی ئەوەی کە لە دەیەی نەوەدی زایینی دا و پاش راپەرین لە باشوری کوردستان پێکهات.
سەبارەت بەم بابەتە، ئۆباما ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە لەگەڵ رۆیشتنی بەشار ئەسەدا هەن، بەڵام هیچ یەک لەو هەنگاوانانە نانێن کە ئەردۆغان خوازیاریەتی.
لەو سەردانەدا، دوو بابەتی گرینگ کە پێوەندیان بە کوردستانەوە هەبوو باس کران. ئامریکا جارێکی دیکە پشتیوانی خۆی بۆ پێشخستنی پرۆژەی ئاشتی لە نێوان کوردو دەوڵەتی تورکیەدا دووپات کردەوەو سەرگرتنی ئەو پرسەی بە بابەتێکی باش و هیوابەخش وەسف کرد.
لە لایەکی دیکەوە، ماوەیەکی زۆرە کە کۆشکی سپی داوای ئەوە دەکات کە پێوەندییەکانی هەولێرو ئانکارا لە رێگای بەغداوە بێ و هاوکات تورکیە خۆی لەوە ببوێرێ کە گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگای تورکیەوە بەرەو ئورووپا واژۆ بکات. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئامریکایەکان پێیان وایە ئەم نزیکایەتییە وا لە نوری مالکی دەکات کە زۆرتر لە ئێران نزیک بێتەوە... سەبارەت بەم پرسە ئەردۆغان ئەوەی دووپات کردەوە کە ئەوان درێژە بە هاوکاری و پێوەندی دوو لایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەن.
لە لایەکەی دیکەوە، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی مای، کۆرێک لە ناوەندی بونیادی سێتا، بە بەشداری کۆمەڵێک لە دیپلۆمات، بازرگان و رۆژنامەوانەکان بەرێوە چوو کە سەرەتا ئێرۆڵ جێبەجێی یاریدەدەری سەرۆکی بونیادەکە کۆڕەکەی کردەوەو دواتر فرەدریک کەمپ سەرۆکی شۆڕای ئاتلانتیک وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەوجار سەرۆک وەزیرانی تورکیە رەجەب تەیەب ئەردۆغان لە لێدوانێک دا پرسی ئاشتی لە تورکیەو ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پرسەی باس کردو وتی کە وڵاتەکەی بە شێوەیەکی جیددی ئەو پرۆسە بەرەو پێش دەبات، ئەردۆغان لە درێژەی ئاخافتنەکەی دا باسی لە دادپەروەری کردو هیوای خواست کە لە دونیادا گرینگیەکی زۆرتر بەو بابەتە بدرێ...
قەیرانی سوریە بەشێکی دیکەی قسەو لێدوانی سەرۆک وەزیرانی تورکیەی لە خۆ دەگرت کە ئەردۆغان لەو بارەوە رەخنەی لە سیاسەتەکانی ئامریکاو ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان گرت کە لە هەمبەر ئەو قەیرانە مرۆیە بە شێوەیەکی جیددی ئاوڕیان لەو کێشەیە نەداوەتەوە.
شیاوی ئاماژەیە کە ئەردۆغان لەسەر گەشەو نەشونماکردنی پێوەندییەکانی هەولێرو ئانکارا پێداگری کردەوەو وتی کە هاوکاری و پێوەندی ئێمەو هەرێمی کوردستان راستەوخۆ بەردەوام دەبێت. 
رۆس ویلسۆن بالوێزی پێشووی ئامریکا لە تورکیە، کە بەشداری کۆڕەکە بوو پێی وتم کە سەردانەکەی ئەردۆغان مێژوویە، ئەو هەروەها وتی، گرینگ نیە لە بەغدا، تاران یان دیمشق چ روو دەدات، گرینگ ئەوەیە کە پێوەندی نێوان هەولێرو ئانکارا گەشە دەستێنی و ئەمەش باشترین رێگایە بۆ سەرخستنی پرۆژەی ئاشتی لە تورکیە. بە قسەی رۆس ویلسۆن، ئێرانییەکان حەز ناکەن کە ئەو ئاشتییە سەر بگرێ و ئەوان واتە ئێرانییەکان بە دوای ئاژاوەو ناسەقامگیری لە کوردستان و تورکیەن...
شیاوی ئاماژەیە، دوێنێ یەکشەممە وەڤدێکی بەدەپە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد تورک گەیشتە واشینگتۆن و بڕیارە ئەمرۆ دووشەممە ٢٠ی مای ٢٠١٣، سەردانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بکەن.









No comments: