Archive

Monday, May 6, 2013

کوردستان لەسەر دیواری "خاڵی سفر"ی نیویۆرک


کوردستان لەسەر دیواری "خاڵی سفر"ی نیویۆرک
رەحیم رەشیدی
کاتێک رۆژی ٢٦ی ئاپریلی ٢٠١٣، پێیان وتم کە دەتوانم سبەی بڕۆمە نێو ئەو بینایەوە کە کاتی خۆی رێکخراوی ئەلقاعیدە لە کردەوەیەکی تیرۆریستی دا تەقاندیەوەو پتر لە ٣٠٠٠ کەس بوونە قوربانی، ڕابردوو لە زەینم دا دووبارە بوویەوە.
کاتی خولقانی کارەساتی تیرۆریستی ١١ی سێپتامبر،  من لەگەڵ کۆمەڵێک لە هەڤاڵانم لە شاری بۆردوور لە تورکیە پەناخواز بووین و هەر کەس چاوەڕوانی سەفەری بۆ وڵاتێک دەکرد کە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران پێی ڕاگەیاندبوو.
هەڵبەت ئێمە پێشتر لە باشوری وڵاتەوە بە هۆی داخستنی رێگای چوونە دەرەوە لە لایەن دەوڵەتی ئەو کاتی عێراق و پەرەئەستاندنی کردەوەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان دژی تێکۆشەرانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، ناچار بووین هەموو مەترسییەکانی رێگا بە گیان بکڕین و ساڵی ٢٠٠٠ برۆینە تورکیە بۆ ئەوەی بەڵکوو قوتارمان بێ.
وەکوو خەڵکی دیکە، دیمەنەکانی داڕمانی بینا دوو قولوەکانم لە رێگای تەلەویزیۆنەوە دەدیت و هەرگیز بە مێشکم دا نەدەهات کە رۆژێک ئەو دەرفەتە بێتە پێشەوە کە راست خۆم لەو شوێنە ببینمەوە کە ئەو کارەساتەی لێقەوما.
چ ئەو کات کە ساڵی ٢٠٠٢ چوومە سوئێدو پاشان لە ٢٠٠٦ رۆیشتمە فەرانسەو لەو ماوەدا گەلێک بەرنامەو وتووێژیم سەبارەت بە تیرۆرو یەک لەوان رووداوی ١١ی سێپتامبر ساز کردبوو، کەچی قەت بە بیرم دا نەهات کە رۆژێک راست و ڕەوان لە شوێنی ئەو رووداوە بم کە وەرچەرخانێکی مەزنی لە ڕوانینی جیهانی و سیاسەتی ئامریکا بەرانبەر بە ئیسلام و گروپە ئیسلامییەکان پێکهێنا. ئەویش پاش نزیک بە ٣ سال ژیان لە ئامریکا.
رۆژی ٢٧ی ئاپریل، کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانی دۆستی بەرێز "ئالیسیا رۆبێرتس"، کە بۆ خۆی یارمەتیدەری بەرپرسی ئەو پرۆژەیە بوو وەکوو چاو ساخ وەپێشمان کەوت و هەموو کەلێن و کەلەبەری ئەو بیانایەی گێڕایان و زۆر زانیاری وردی لەسەر چۆنیەتی بونیادنانەوەی بیناکە بۆ باس کردین، هەڵبەت لە سەرەتاوە پێی وتم کە نابێ وێنەو فیلم بگرم، هەر چۆنێک بێ رازیم کرد کە ئەو ئیزنەمان پێبدات و لە ئاکام دا رێگای پێداین کە ئەو کارە بکەین!. ناوبراو لە کۆتایی داو لە لایەن سەرۆکی پرۆژەکەشەوە مێداڵیای پێداین.
بیناکە لەسەر یەک ١٠٥ نهۆمەو بەو ڕادارەوە کە لەسەری دایدەنێن، بەرزایی لە ١١٠ نهۆم پتر دەبێ و لە ئاکام دا بەرزتر لە بینای پێشوە. حەوت نهۆمی ئەو بینایە لە ژێر عەرزدایەو سەرجەم ئەو حەوت نهۆمە دەبێتە موزەخانەو  سەرجەم ئەو کەرەستانەی کە لەو ڕووداوە ماونەتەوە لەگەڵ وێنەی قوربانیەکان لەوێ دادنێرن، تەنانەت تاکسی و ماشێنی ئاگرکۆژێنەوەش کە لەو دەمەدا لەوێ بوون، هەنووکە لاشەکەیان ماوە،لەو موزە دادەندرێن...
هەر لە ئێستاوە پتر لە ٥٠ نهۆمی ئەو بینایە بە کرێ دراوە کە بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بە فەرمیی بکرێتەوە.
نهۆمی ٨٩ی ئەو بینایە تەرخان کراوە بۆ ئەو کەسانەی کە ئەو شانسەیان هەیەو رێگایان پێدەدرێ، لەسەر دیواری ئەو نهۆمە شتێک بنووسن بۆ ئەوەی دوایە کە دیوارەکە شوشەبەند دەکرێ ئەو نووسراوانە بمێنەوە، من لەو دەرفەتە کەڵکم وەرگرت و وێرای ناوی کوردستان تی ڤی، ناوی کوردو کوردستانم نووسی بۆ ئەوەی ئەمە دەرفەتێک بێ بۆ ناسینی پتری وڵاتەکەمان کە ساڵانە رەنگە بە میلیۆنان کەس سەردانی بکەن. لەو دیدارەدا، عەبدوڵا عەبدولرەحمان ناسراو بە باوکی بەنگین، دوکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، فاخیر سورچی، بالجایت و لاک ڤۆهرا پێکەوە بووین کە ناسینی ئەو مرۆڤە بەرێزو دونیا دیدانەش بۆم شانازیەکی مەزن بوو.
شوێنی بینای پێشوو تاڤگەیەکی دڵرفێنی لێ ساز کراوەو لە چوار دەوری ناوی سەرجەم قوربانییەکان نوسراوە. ئەو شوێنە کراوەیەو رۆژانە هەزاران کەس لە سەراسەری دونیاوە سەردانی دەکەن و ئەمە بۆتە بازارێکی پڕ داهات بۆ شاری نیویۆرک...































No comments: