Archive

Friday, May 3, 2013

‎بە فەرمیی مانگی دۆستایەتی ئامریکاو کوردستان ڕاگەیەندرا



شارەوانی شاری فێرفاکس کە ساڵی ١٧٤٢ بونیاد نراوەو یەکێک لە گرینگترین و دەوڵەمەندترین شارەوانیەکانی ئامریکایەو لە باکووری ویلایەتی ڤیرجینیا هەڵکەوتوەو ماوەی ١٥ خولەک بە ماشێن لە رۆژئاوی واشینگتۆنی پێتەخت دوورەو بە گوێرەی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٢ی زایینی، حەشیمەتەکەی یەک میلیۆن و سەدو هەژدە هەزارو شەش سەدو دوو کەسە، (١،١١٨،٦٠٢) لە بڕیارێکی شیاودا، مانگی پێنجی زایینی وەکوو مانگی دۆستایەتی کوردو ئامریکا دیاری کردو لەمەو پاش هەموو ساڵێک ئەم یادە بە فەرمیی دەکرێتەوەو رێز لە پێوەندی کولتووری نێوان کوردستان و ئامریکا دەگیردرێت.
هەر بەم بۆنەوە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٩ی ئاپریل، کاتژمێر ٥ی سەر لە ئێوارێ، لە بینای شارەوانی فێرفاکس ڕێورەسمێک بەرێوە چوو کە شوێنی ڕێورەسمەکە بە تابلۆو کار دەستی هونەرمەندانی کورد ڕازابوەوە.
لە سەرەتادا دوکتۆر پەری قەرەداخی سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە ئامریکا، قسەی کردو دواتر شارۆن بولۆڤا سەرۆکی شارەوانی شاری ناوبراو بە فەرمیی مانگی دۆستایەتی کوردو ئامریکای ڕاگەیاند، دواتر فیلمی ژیان لە دەرهێنانی جانۆ رۆژبەیانی پیشان درا کە سەبارەت بە کارەساتی هەڵەبچەو ئەنفالە، ڕێورەسمەکە تاکوو کاتژمێر ٨ی ئێوارە بەردەوام بوو.
لەم رێورەسمەدا، کۆمەڵێک لە چالاکانی جۆربەرجۆری کوردو بیانی بەشدار بوون.

ڕاپۆرت:
رەحیم رەشیدی‎ 







No comments: