Archive

Sunday, November 10, 2013

بەرێوەچوونی شەوی کوردستان لە تورنتۆ




رەحیم رەشیدی/ کانادا

رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی نوامبری ٢٠١٣ی زایینی، بە هەوڵ و ماندوو بوونی هونەرمەندان شەهروز ئەحمەدی و گەلاوێژ موحەممەدی، هەروەها بە پشتیوانی ماڵی کورد لە شاری تورنتۆ و هاریکاری سەرجەم حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان، شەوی کوردستان بە بەشداری پتر لە ٣٠٠ کەس بەرێوەچوو. 
بەرنامەکە کاتژمێر ٨ی سەر لە ئێوارێ دەستی پێکرد. سارا و پێشرەو لە لایەن ئەنجوومەنی لاوانی کورد، لەگەڵ بەخێرهاتن کردنی ئامادەبووان، چەند پارچە شێعریان خوێندەوە و بە هەستەوە سەبارەت بە کورد و کوردستان دوان. 
دواتر لە بارەی سیاسەتی لەداردانی لاوانی کود لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە قسە کراو ئامادەبووان پشتیوانی خۆیان بۆ گیراوە سیاسییەکان دەربڕی و سیاسەتی لە سێدارەدانی گیراوە سیاسییەکانیان لە لایەن کاربەدەستانی تارانەوە مەحکووم کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، رەحیم رەشیدی سەبارەت بە چالاکی فەرهەنگی و گرینگی ئەم بابەتە بۆ خەڵکی کورد لە تاراوگە، قسەی بۆ ئامادەبووان کرد.
ئینجا هونەرمەندان، شەهروز ئەحمەدی، گەلاوێژ موحەممەدی و فەرزاد سابونی بە گۆرانی و سرودی شۆرشگێری درێژەیان بە بەرنامەکەدا. لە درێژەدا چەند لاوی کورد بە پێشکەش کردنی گۆرانی و موسیقا، توانای هونەری خۆیان نیشان دا. 
پێویستە بگوترێ کە لە بەرنامەی شەوی کوردستان دا، کۆمەڵێک میوانی بیانی بەشدار بوون و بە گرینگییەوە باسیان لە کولتووری کورد کرد و خۆشحاڵ بوون کە لە نزیکەوە بەشداری بەرنامەی شەوی کوردستان بوون.
شیاوی باسە کە سات و کاتی بەرێوەچوونی شەوی کوردستان، پێش بەرێوەچوونی شەپۆلی ئێعدامەکانی ئەم دوایانەی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە، بڕیاری لەسەر درابوو.‎ 

No comments: